کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەفسەرێکی ئەرتەشی ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران کوژرا

17:21 - 22 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: یەکێک لە ئەفسەرانی هێزی ئەرتەشی ڕێژیمی تێرۆریستی ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی سووریه کوژرا.

هەواڵدەریییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویان کردەوە کە ئەندامێکی هێزی ئەرتەش بە ناوی مێهدی جودی سانی لە شەڕ و پێکدادانەکانی سووریەدا کوژراوە.

ناوبراو پلەی ستوانی سێهەمی لە ئەرتەش‌دا هەبووە و ئەندامی تیپی ٣٧٧ی تۆپخانەی هێزی زەوینیی ئەرتەشی ئێران بووە.

هەتا ئێستا ٨ ئەفسەری ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران بە ناوەکانی صادق شیبک، حسین همتی، مجتبی ذوالفقارنسب، محسن قوطاسلو، مجتبی یداللهی، مرتضی زرهرند و محمد مرادی لە شەڕی سووریەدا کوژراون.

ئەو ٨ کەسە نیزامییەی سەر بە ئەرتەشی ڕێژیم سەر بە كڵاو کەسکەکان بوونە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە دوای تەلەفاتی گیانیی زۆری ئەندامانی ڕێکخراوی تێرۆریستیی سپای پاسداران و ناڕەزایەتیی بەرینی بەرپرسانی ئەمنییەتی و نیزامیی ڕێژیم بە کوژرانی ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە، ئەرتەشی ڕێژیمیان ناچار بە بەشداری لە شەڕی سوریە کرد.

ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی ١٦ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٥ی تەکاوەرانی تیپی ٦٥ی هێزی تایبەتی هەوابۆردی ئەرتەشی، بە ناوی موستەشار بۆ شەڕی سووریه ڕەوانە کرد.

تیپی ٦٥ی هێزە تایبەتییەکانی هەوابۆردی ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران (نوهد) ناسراو بە کڵاو کەسکەکان ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی، دامەزراوە.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان تا ئێستا زیاتر لە ٣ هەزار كەس لە ئەندامانی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە شەڕی سووریەدا كوژراون.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە ڕێژیمی ئەسەد دەکات و لەو پێوەندییەش‌دا لە هەر کردەوەیەکی تێرۆریستی کەڵک وەردەگرێت و پەرە بە ئاڵۆزی و گرژییەکان دەدات.