کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕدا پەیمان لەگەڵ ڕێبازی قاسملوو نوێ کرایەوە

02:36 - 23 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ٢٨ـەمین ساڵیادی شەهیدکرانی دکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، ڕێوڕەسمێک لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

دوانیوەڕۆی ڕۆژی پینجشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بۆ یادکردنەوە لە دکتور قاسملوو و هاوڕێیانی بە بەشداری مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێبەرایەتی، کادر و پێشمەرگە، بنەماڵە و چەندین لایەن و حیزبی سیاسی و میوانانی بەشدار بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنی سروودی نەتەوایەتیی \'\'ئەی ڕەقیب\'\' و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

هیجری لە سەرەتای قسەکانیدا باسی لەوە کرد: ٢٢ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی بەرانبەر بە ١٣ی جولای ١٩٨٩ی زایینی دوکتور قاسملوو لە سەر میزی وتووێژ شەهید کرا. ئێمە لەم کۆبوونەوەیەدا ئاوڕێک لە چەند ڕوودای دیکەی پووشپەڕ دەدەینەوە.

٢٤ی پووشپەڕی ساڵی ١٩٩٩ی زایینی کاک سەید سەلام عەزیزی ئەندامی دفتەری سیاسی بە هۆی نەخۆشی شەهید بوو.

لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو پۆلێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە خەباتی نوێی ڕاسانی ڕۆژهەڵات شەهید بوون.

مستەفا هجری دوای باسکردن لە کەسایەتیی شەهید سەلام عەزیزی و شەهیدانی راسان گوتی: سڵاو لە گیانی هەموو ئەو شەهیدانە و شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەکەین وسڵاو بۆ بنەماڵەی هەموو شەهیدان دەنێرین.

هیجری لە وتەکانی سەبارەت بە کەسایەتیی دوکتۆر قاسملوو باسی لەوە کرد کە دوکتۆر قاسملوو لە دەگمەن ڕێبەرانە بوو کە بەردەوام بیر و هزری نوێی دەهێانیە نێو خەباتەوە و بە کردەوەش هەنگاوی بۆ جێبەجێکردنیان هەڵ دەگرت. دوکتۆر قاسملوو لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و لە نێو خەباتی حیزبی دێموکراتدا بۆ چرکەساتێکیش بەرامبەر بە ڕووداوەکان بێ لایەن نەبووە و هەردەم ڕێگا و پێشنێاری نوێ و مودێڕنی بۆ چارەسەری قەیرانەکان هێناوەتە ئاراوە.

بەرێز هیجری لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: پیلانی تێرۆر دوکتور قاسملوو پیلانێکە کە بێجگە لە ئێرانییەکان بە دەگمەن هەڵکەوتووە لایەنێک بە مەبەستی لەناوبردنی لایەنی نەیار کەڵکی لە مێزی دیالۆگ وەرگرتبێت.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات هەروەها باسی لەوە کرد: دوای ٢٨ ساڵ کە ڕێژیمی ئێران پێی وابوو بە تێرۆری دوکتور قاسملوو خەباتی خۆرهەڵات لەناو دەچێت بەڵام بە پێچەوانەوە خەباتی کورد بە تێکۆشان و شێلگیرییەوە درێژەی پەیدا کرد.

هەروەها هیجری لە بەشێکی قسەکانیدا ڕایگەیاند: ئێران دژایەتی لەگەڵ گشتپرسیی باشوور دەکات، ئێران لە بیروڕای نێونەتەوەیی وەک پشتیوانی تێرۆریزم دەناسرێت.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا شێعرێک لەژێر ناوی خاکی پۆشەکان لە لایەن شاعیر گوڵباخ بەهرامیـیەوە پێشکەش کرا.

دواتر سروودێک لەژێر ناوی قاسملووی ڕێبەر لە لایەن کۆڕی موزیکی حیزبی دێموکراتەوە پێشکەش کرا.

بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکە بریتی بوو لە پێشکەش کردنی پەیامی ڕێکخراوەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە لە لایەن سەلام ئیسماعیل پوور ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەو خوێندراویەوە.

دواتر شێعرێک لە لایەن شاعیر شەریف فەلاح لەژێر ناوی ڕووناکییەک لە شەوە زەنگدا پێشکەش کرا.

ڕێوڕەسمەکە بە پێشکەشکردنی دوو سروود لەژێر ناوی ڕێبەری دانا لە لایەن کۆڕی موزیکی حیزبی دێموکرات و سروودێک لەژێر ناوی ڕێبەری مەزن و زانا لەلایەن منداڵانی ناوەندی نێرگزەوە کۆتایی پێهات.

چەندین حیزب و لایەن سیاسی بە بۆنەی ٢٨ـەمین ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو پەیامی تایبەت بەو ڕۆژەیان ناردبوو کە بریتین لە:

ـ پارتی دێموکراتی کوردستان
ـ یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان
ـ حیزبی شیوعی کوردستان
ـ بزووتنەوەی گۆڕان
ـ یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستان
ـ ڕێکخراوی گەشەی لاوانی کوردستان
ـ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی کۆیە