کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆناڵد ترامپ جارێکی تر کۆماری ئیسلامی بە هەڕەشەیەک بۆ سەر جیهان ناوزەد کرد

16:48 - 24 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ئامریکا لە پڕێس کۆنفڕانسێکدا لە پاریس کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕێژیمەکانی سوریە و کۆرەی باکووری بە ڕێژیمە شەڕئەنگێزەکانی جیهان ناوزەد کرد.

شەوی پێنج شەممە ڕێکەوتی ١٣ی جولای دۆناڵد تڕامپ وێڕای ئێمانۆئێل مەکڕۆن سەرکۆماری فەڕانسە لە پڕێس کۆنفرانسێکی هاوبەشدا باسی لە پێویستی بەهێزکردنی ئەمنیەتی نێونەتەوەیی بەتایبەت خەبات لەدژی تێرۆریزم کرد و وتی: ئێمە هەنووکە لەگەڵ کۆمەڵێک هەڕەشە و مەترسی جیددی بەرەوڕووین کە گرینگترینیان ئێران، سوریە و کۆریای باکوورن.

بە وتەی سەرکۆماری ئامریکا ئەم حکوومەتانە پشتیوانی ماڵی لە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان دەکەن و دنەیان دەدەن تاکوو ئارامی جیهان بشەوێنن؛ وتیشی: ئێمە پێداگرین لەسەر ئەوەیکە بەشێوەی هاوبەش دەبێ لەگەڵ دوژمنانی مرۆڤایەتی خەبات بکەین.

پێشتریش ناوبراو کۆماری ئیسلامی هاوشێوەی داعش هەڕەشەیەکی جیددییە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگرتوویی ڕۆژهەڵاتی ناڤین.

ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا ئاماژەی بە جامی ژەهری دووهەمی ئێران، واتە بەرجام کرد و وتی: بەرجام بوو بە هۆکاری ڕزگاریی ڕێژیمی تاران لە ڕووخان و ئامریکا نەدەبوایە ئەم ڕێککەوتننامەیەی واژۆ بکردایە.