کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری لەندەن لە بەردەم باڵوێزخانەی وڵاتی ئۆتریش دژی هەڵوێستی ئەو وڵاتە لە بارەی تێرۆری دوکتور قاسملوو خۆپیشاندانێک بەڕێوە چوو

17:54 - 24 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شاری لەندەن لە بەردەم باڵوێزخانەی وڵاتی ئۆتریش بۆ دەڕبرینی ئیعتراز و دژایەتی لەهەمبەر هەڵوێستی دەوڵەتی ئۆتریش بۆ پەردەپۆش کردنی ئەم تێرۆرە ڕەشەی کۆماری ئیسلامی کۆبوونەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ۲۱ پووشپەڕی ۱۳۹٦ی هەتاوی، ڕێبوارانی ڕێبازی دوکتوور قاسملوو لەبەردەم باڵوێزخانەی ئۆتریش لە بریتانیا کۆبوونەوە.

ئەم خۆپیشاندانە بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدانی گەلەکەمان و خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد.

پاشان ڕامبۆد لۆتفی پوور بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە بریتانیا زۆر بە پوختی باسێکی کورتی لە سەر ژیان و شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو بۆ بەشداربوانی مەراسمەکە خوێندەوە.

خۆپیشاندانەکە بە دروشمدانی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بۆ ماوەی سێ کاتژمێر درێژەی پێدرا، له کۆتاییشدا بەیاننامەی خۆپێشاندەران خوێندرایە و ڕادەستی سەفارەتی ئوتریش لە بریتانیا کرا.

لەو خۆپیشاندانەدا خەلکانیکی زۆر لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش بەشدار بوون و هەروەها خەڵکانی غەیری کوردیش بەشداری ئەو خۆپیشاندانە بوون.