کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سەردانی شاندی حیزبی دێموکرات بۆ بالوێزخانەی ئۆتریش لە برۆکسێل، داوای کرانەوەی دۆسیەی شەهیدانی ڤییەن و بەڕێوەبردنی ساڵیادی شەهیدان لە پارڵمانی ئەو وڵاتە کرا

19:05 - 24 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: لە ٢٨ەمین ساڵڤەگەری شەهیدکرانی مامۆستا و رێبەری ناودار، دوکتور قاسملوو و هاورێیانی بە دەستی تیرۆریستانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بێلژیک، سەردانی بالوێزخانەی وڵاتی ئۆتریش لە شاری برۆکسێلیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنجشەممە ١٣ی جولای ٢٠١٧ی زایینی، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بلژیک بە سەرپەرەستی کاوە ئاهەنگەری نوێنەری حیزب لەم وڵاتە و بە هاورێیەتیی ئازاد کوردی نوێنەری کۆمیتەی حیزب لە بلژیک، سەردانی بالیۆزخانەی وڵاتی ئۆتریش لە شاری برۆکسێلیان کرد و وێڕای پێشکەشکردنی نامەی تایبەتی حیزبی دێموکرات بەم بۆنەیەوە، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا داوای کرانەوەی دۆسیەی شەهیدانی ڤییەن و هەروەها بەڕێوەبردنی ساڵیادی شەهیدانی ڤییەن لە پارلمانی ئەو وڵاتە کرا.

لەم سەردانە تایبەتەدا، لە لایەن خاتوو Bernadette Klosch جێگری باڵوێزی ئوتریش لە بلژیک بە گەرمی پێشوازی لە شاندی حیزبی دێموکرات کرا.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، کاوە ئاهەنگەری نوێنەری حیزب، سەرەتا وێرای ناساندنی مێژووی خەباتی رەوا و بەرحەقی ناسنامەخوازی و دێموکراتیکی گەلی کورد و حیزب دێموکرات، ئاماژەی بە سیاسەتەکانی هەر دوو دەوڵەتانی پاشایاتی و کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا کرد کە تەنیا رێگا و میکانیزمیان بۆ بەرەورووبوون لەگەڵ پرسی رەوا و ناسنامەی کورد و نەتەوەکانی دیکە، سەرکووت کردنی سیستماتیک، هەڵاواردن و توندوتیژی بووە لە رابردووەوە تاکوو ئێستا.

ئاهەنگەری بە وردی باسی لە بنەما و ئامانجە سەرەکییەکانی سیستمی دیکتاتۆری رێژیمی ئێرانی کرد وەکوو رێژیمێکی ئیدئۆلۆژیک و ئاژاوەگێڕ و سەرەڕۆ لە ناوچە و جیهاندا و رۆڵی نەرێنی و ئاژاوەگێرانەی رێژیم و دەستێوەردانەکانی لە کاروباری وڵاتانی ناوچەدا بە نموونە هێنان لە عێراق، یەمەن، لوبنان و سووریە و ... شیکردەوە.

لە درێژەی باسەکەیدا، نوێنەری حیزبی دێموکرات تیشکی خستە سەر سیاسەتی تیرۆریست پەروەرانەکانی رێژیم لە ناوخۆ و ناوچە و هەروەها تیرۆر و ئێعدامی چالاکڤانانی سیاسی و جیابیر کە گرینگرینیان تیرۆر و شەهیدکرانی دوکتور قاسملووی رێبەر و دوکتور شەرەفکەندیی زانا و هاورێیانیان بوو لە ڤییەن و بێرلین.

شاندی حیزبی دێموکرات بە ئاشکرا باسی ئەوەی کرد کە نەتەوەی کورد و رێڤینگەکانی رێبازی دوکتوور قاسملووی شەهید هیچ کات ناتوانن خوێنی بەناحەق رژاوی رێبەرەکەیان لە بیر بکەن و لەم پەیوەندییەدا داوا کرا کە حکوومەتی ئۆتریش بە ئەرکی مرۆڤی و دادپەروەرانەی خۆی هەستێ و لەم پێناوەدا دەزگای دادی ئەو وڵاتە وەکوو دەزگای سەربەخۆی ئاڵمان لێکۆلینەوەی ورد لە رووداوە تیرۆرسیتییەکەی ڤییەن بکات و ئەم دوو داوایان بە ناوی گەلی کورد و حیزبی دێموکرات خستە روو: یەکەم: لە رێگای دەزگای دادی ئەو وڵاتە دۆسیەی تیرۆری شەهیدانی ڤییەن بکرێتەوە و دەست بە لێکۆلینەوەی دادپەروەرانە لە هەموو لایەنەکانی ئەم کردەوە تیرۆریستییەی رێژیمی ئێران بکرێت دووهەم: لە یەکەمین دەرفەتدا، حکوومەت ئۆتریش رێو رەسمێکی فەرمی لە پارلمان یان یەکێک لە دەزگا فەرمییەکانی ئەو وڵاتە بە بۆنەی تیرۆرکرانی دوکتوور قاسملوو و هاورێیانی لە ڤییەن بەرێوە ببات.

پاش کۆتایی قسەکانی نوێنەری حیزبی دێموکرات لە بێلژیک، خاتوو Bernadette Klosch جێگری باڵوێزی ئوتریش لە بێلژیک، وێڕای بەداخ بوونی خۆی لەم کردەوەیە، بەڵێنیی دا نامەی حیزبی دێموکرات و تێ بینییەکانی شاندی حیزب بنێرێتە ڤییەن و شاندی حیزبی دێموکرات لە ئاکامی ئەم نامە و داواکارییانە ئاگادار بکاتەوە.