کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە شەهیدانی \"ڤیەن\" و شەهیدانی \"ڕاسان\" لە ڕۆژئاوای کانادا بەڕێوە چوو

19:12 - 24 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی ٢٢ی پووشپەڕ و ڕاسان کۆریادێکی تایبەت لە ڕۆژئاوای کانادا بەڕێوە چوو.

لە ٢٨ساڵەی کارەساتی دڵتەزێنی ڤیەن و بۆ ڕێزگرتن لە یاد و ناو و خەباتی ڕێبەر ومامۆستای بلیمەتی گەلەکەمان، شەهید دوکتور قاسملو وهەموو شەهیدانی سوورخەڵاتی گەل بەتایبەت شەهیدانی ڕاسانی پیرۆزی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵات بە ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی کۆریادێکی تایبەت لە ڕۆژئاوای کانادا بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و پاراستنی بێدەنگی بە حورمەتی یاد و ناوی شەهیدان دەستی پێکرد .

دواتر ئیسمایل ئیبراهیمی نوێنەری حیزبی دێموکرات لە کانادا، پەیامی کۆمیتەی ڕۆژئاوای کانادای بەو بۆنەوە پێشکەش کرد.

لە پەیامی کۆمیتەدا وێڕای ئاماژە بە ژیان و خەبات ڕێبەری بێوێنەی مامۆستای شەهید، دوکتور قاسملووی نەمر،سەرکۆنەی هەڵوێستی نا مرۆڤانە و نا دێموکراتیکی دەوڵەتی ئوتریشی کردبوو بۆپێش گرتن لە دادگای ئەو وڵاتە بۆ دادڕەسی بەسەر دۆسیەکە هەروەها پەیامی کومیتە “راسان” و قۆناغی نوێی خەباتی گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستانی وەک درێژەی رێبازی هەمیشە زیندووی قاسملووی مەزن وەسف کرد و تێیدا رێز لە فیداکاری و ورەی بەرزی پێشمەرگە قارەمانەکان و بەتایبەت شەهیدانی خوڵقێنەری حەماسەکانی “قەرە سەقەڵ” و“کۆساڵان” گیرا.

لەو ڕێوڕەسمەدا پەیامی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پەیامی پارتی دێموکراتی کوردستان، پەیامی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، ماڵی کورد و کۆمەڵە هاوڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستان، خوێندرایەوە.

دواتر وتاری ویدیۆیی شەریف هەژاری مامۆستای زانکۆی سلێمانی، نووسەر و لێکۆلەری مێژووی سیاسی کوردستان لە سەر کەسایەتی و بیر و باوەر و ڕۆڵی دوکتورقاسملووی نەمر بەشێکی تری ئەم ڕێوڕەسمە بوو کە تێیدا ناوبراو بیر و هزری قاسملووی ڕێبەری وەک مەدرەسەی قاسملوو پێناسە کرد و تایبەتمەندیەکانی ئەو ڕێبەرە مەزنە هەم لە بواری فەلسەفە و بیری سیاسی و تیۆری و هەم لە بواری کردەوە و ڕێبەری سیاسی شۆڕشێکی سەردەمی شێ کردەوە.

هەروەها وتاری ویدیۆیی کەریم پەرویزی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەبارەی ساڵڕۆژی شەهید کرانی دوکتور قاسملووی نەمر و شەهیدانی ڕاسان بەشیکیتری ئەو ڕێوڕەسمە بوو.

کەریم پەرویزی لە وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر چەند لایەنێکی ژیانی سیاسی و ڕێبەری دوکتور قاسملووی نەمر و هۆکارەکانی هەرمان و درەوشانەوەی یاد و ناو و ڕێبازی قاسملوو لە بیر و هزری کۆمەڵانی خەڵکی نیشتمانەپەروەری کوردستان بەگشتی و پێشمەرگە قارەمانەکانی حیزبی ێموکراتی کوردستانی ئێران بە تایبەتی.

لەو ڕێورەسمەدا ژمارەیەکی بەرچاوو لە هاوڵاتیانی هەر چوار بەشی کوردستان، دانیشتووی ڕۆژئاوای کانادا بەشدار بوون و کۆمیتەی حیزبی دێموکرات سپاسی بەشداری و پشتیوانی گەرمی هەموو هاوڵاتیانی کرد.