کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداری شاندی حیزبی دێموکرات لە مەراسمی ٢٢٨ مین سالڤەگەری رۆژی نیشتمانیی فەرانسە لە هەولێر

23:40 - 24 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر بانگهێشتی فەرمی کونسولگەری فەرانسە لە هەولێر، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی ٢٢٨ مین سالڤەگەری رۆژی نیشتمانیی فەرانسەدا کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ سەر لەئێوارەی رۆژی ١٣٩٦/٤/٢٣ هەیئەتی نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستی کاک حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتی حیزب بەشداریان لە مەراسمی ٢٢٨مین سالڤەگەری رۆژی نیشتمانی فەرانسە لە هەولێر کرد کە لەلایەن کونسولگەری ئەو ولاتەوە رێکخرابوو.

لەو مەراسمەدا سەرکونسولی فەرانسە و کاک فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتەیان پێشکەش کرد و وێرای پیرۆزبایی ئەم بۆنەیە و بەرز نرخاندنی رۆلی قارەمانانەی پێشمەرگەی کوردستان بۆ رووبە رووبوونەوە لەگەل شەری ترۆریزم، پێداگریان لەسەر دۆستایەتی و بەردەوامی هاوکاری نێوان دەولەتی فەرانسە و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە.

شایانی باسە هەیئەتی حیزب بەم بۆنەیەوە وێرای گەیاندنی پیرۆزبایی حیزب بە سەرکونسولی فەرانسە، هەروەها لە میانەی مەراسمەکەدا چاوی بە بەشێکی بەرچاو لە هەیئەت و نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسیەکان و میوانانی بەشداری مەراسمەکە کەوت.