کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئازاردانی جنسی منداڵان لە ئێران بووەتە خەسارێکی داپۆشراو

17:18 - 25 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: به هۆی نەبوونی رێکارێکی گونجاو بۆ چارەسەر کردنی خەساره کۆمەڵایەتییەکان له ئێران و هەروەها بوونی روانگەی ئەمنیەتی له ئێران سەبارەت به کێشه کۆمەڵایەتیەکان به تایبەت ئازاری جنسی مندالان، رۆژ به دوای رۆژ نمونەی ئازارە جنسییەکانی منداڵان بەرەو زیاد بوون دەروات.

بەرپرسی ئورژانسی کۆمەڵایەتی ئێران له وتووێژێکی تایبەت له ٢٤ی پووشپەڕی ١٣٩٦ هەتاوی له گەڵ هەواڵنێری حکومەتی ئیرنا رایگەیاند: له ٢٧ هەزار راپۆرتی ئازاردانی منداڵان له ساڵی رابردوودا ٢له سەدی ئەو راپورتانه تایبەت به ئازاری جنسی منداڵان له ئێران بووه.

حەسەن ئەسەدبەیگی هەروەها ئاماژەی کرد که رێژەی کچ و کور لەم ئازاره جنسییانه یەکسان و وەکوو یەک بوونه.

کارناسان و لێکۆڵەرانی کۆمەڵایەتی لەو باوەڕەدان که به هۆی روانگەی ئەمنیەتی ئێران و هەروەها نهێنی‌کاری بنەماڵەکان له شاردنەوەی ئازاری جنسی منداڵانیان ئاماری راستەقینە لەم بوارەدا بڵاو نابێتەوه.

روانگەی ئەمنیەتی کۆماری سێدارەی ئیسلامی بەرانبەر به خەساره کۆمەڵایەتیەکان وای کردووه که کەمتر تۆێژەرێک ئامادە بێت لەم بوارهدا چالاکی بکات و تەنانەت ئەگەریش بیهەوێ لەم بیاڤەدا چالاکی بنوێنێ به هۆی نەبوونی رێفرێنس و هاوکاری نەکردنی رێکخراوه پەیوەندیدارەکان ناتوانێ کارێک بەرەو پێش ببات و ئەمەش بووەته هۆی ئەوەی که چالاکانی کۆمەڵایەتی رێگا چارەیەک یان ئامارێکی تایبەتیان لەبەر دەستدا نەبێ که به پێی ئەوه بتوانن خەساره کۆمەڵایەتییەکان چارەسەر بکەن.

ئازاری جنسی و دەستدرێژی جنسی له سالی ٩٣ و ٩٤ تیتری یەکەمی رۆژنامەکانی ئێران بوو که لەو راستایهدا ماموستایەکی قوتابخانەکانی تاران دەستدرێژی جنسی به ١٤ خوێندکاری خۆی کردبوو. ئەو مامۆستایه بێجگه له دەستدرێژی منداڵەکانی رووت دەکرد و فیلمی لێدەگرتن. هەروەها ناظم مدرسهیەک له قوتابخانەیەکی دیکەی تاران دەستدرێژی کردبووە سەر١٢ قوتابی .