کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشانگایەکی وێنەی سەرشەقام بۆ پشتیوانی لە ڕاسانی رۆژهەڵات لە وڵاتی سوئیس بەڕێوەچوو

22:57 - 25 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: کۆمیتەی سوئیسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هاوکاری کۆمیسیونی ڕاگەیاندنی حیزب پێشانگایەکی وێنەی سەرشەقامیان لە شاری بێرن لە مەیدانی وایسن هاوس پلاتسی نزیک لە پارلمانی سوئیس بەڕێوە برد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٤ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی لە شاری بێرن لە مەیدانی وایسن هاوس پلاتسی نزیک لە پارلمانی سوئیس لە هەنگاویکی کەم وێنەدا کۆمیتەی سوئیسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هاوکاری کۆمیسیونی ڕاگەیاندنی حدکا پێشانگایەکی وێنەی سەرشەقامیان بەڕێوە برد.

پێشانگاکە لە کاتژمێر ١١:٣٠ خولەک بە دوای ئامادەکاریی تەواوی دەستەی بەڕێوبەری پێشانگاکە بە ڕووی خەڵکدا کرایەوە.

ئامانج لە ڕێکخستنی ئەو پێشانگایە دانی زانیاری لە سەر ڕاسانی خۆرهەڵات و دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان و ئێران و هەروەها خستنە بەردیدی دەیان وێنە لە حوزوری پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە قوڵایی خاکی کوردستان لە وەرزی ڕابردوودا بوو.

لەو پێشانگایەدا بە زمانەکانی ئاڵمانی، فەرانسەویی، ئینگلیزی بەردەوام لە لایەن دەستەی بەڕێوەبەری پێشانگاکە زانیاری ورد لە سەر هەر کام لە وێنەکان و ڕاسانی خۆرهەڵات دەدرا بەو کەسانەی کە سەردانی پێشانگاکەیان دەکرد.

هەروەها لە دەوروبەری پێشانگاکە بە سەدان بەرگەی نوسراوە لە سەر ڕاسانی خۆرهەڵات و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێڕان بە زمانە زیندووەکانی دونیا لە لایەن ئەندامانی حیزبەوە دەدرا بەو کەسانەی کە لەو نزیکانەوە تێدەپەڕین.

شایانی باسە کە پێشانگاکە،پێشوازی بەرچاوی خەڵکی سوئیسی بەدواوە بووه و لە کاتژمێڕ ١٥:٠٠ی ئێوارە کۆتایی پێهات.

کۆمیتەی سوئیسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێڕان وێرای دەستخۆشی لە هاوڕێیانی کومیسیونی ڕاگەیاندنی حیزب، دەست خۆشی و ماندوو نەبوون لە هەموو ئەو خۆشەویستانەی دەکات کە لە سەرەتاوە تا کۆتایی پێشانگاکە ماندوونەناسانە و بە پشوو درێژی تەواوەوە هاوکاری کومیتەی حیزب بوون لە سەرخستنی ئەو پێشانگایە.