کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێد ڕۆیس: ڕێژیمی ئێران بە دوای چەکی ئەتۆمییەوەیە

17:03 - 26 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: نوێنەری پایەبەرزی کۆماریخوازەکانی ئامریکا لە کۆنگرەی ئەو وڵاتە باسی لەوە کرد کە ڕێژیمی ئێران بێ فرت و فێڵیش لە دوای چەکی ئەتۆمیه.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، سەرۆکی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەروەی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا باسی لەوە کردووە کە ڕێژیمی ئێران بێ فرت و فێڵیش بە دوای وەدەستخستنی چەکی ناوکییە و هەوڵ دەدات ئەو چەکە بە دەست بێنێت.

ئێد ڕۆیس یەکێک لە دژبەرانی ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێرانە و لە دووهەمین ساڵیادی ئەو ڕێککەوتنە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی باسی لەوە کردووە دوای دوو ساڵ کە سەرکۆماری ئامریکا ئۆباما باسی لە ڕێککەوتن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران کرد، ئاتوڵڵا هێشتا بە دوای بۆمبی ئەتۆمییەوەیە.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە ڕێژیمی ئێران بەرنامەی نایاسایی بالێستیکیشی زیاد کردووە و لەو پێوەندییەدا ڕێکخراوی ئەمنییەتی ئاڵمان لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە ڕێژیمی ئێران ویستوویەتی کەل و پەلی چەکی ناوکی بکڕێت.

ڕۆیس لە قسەکانیدا وێڕای ئەوەیکە ڕەخنەی لە ڕێککەوتنی ناوکی گرتووە ئەو ڕێککەوتنەی بە قووڵی پڕ لە کەم و کوڕی ڕاگەیاندووە.

دوای تاقیکردنەوەی مووشەکی بالێستیکی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و دژکردەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی سەبارەت بەو کردەوەیەی ڕێژیمی ئێران، ئێد ڕۆیس یەکێک لە نوێنەرانی پایەبەرزی کۆنگرەی ئامریکا هەڵوێستی توندی گرتە بەر.

سەرکۆماری ئامریکا ترامپ بەردەوام باس لەوە دەکات کە ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بە هیچ شێوەیەک نەدەبا واژۆ کرابا و ئەو ڕێککەوتنه یەک لایەنه، دژی ئامریکا و دژی زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووە و دژی ئەو ڕێککەوتنە هەر کارێک دەکات.

ئێد ڕۆیس یەکێک لە دژبەرانی ڕێککەوتنی ناوکی بووە و دژی ڕێژیمی ئێرانه.