کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران هەر ڕۆژ تینووتر لە دۆینێ

17:31 - 27 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: کێشەی کەم ئاوی و بێ ئاوی لە ئێراندا یەکەم شەڕی لێکەوتەوە و لەو شەڕەدا یەک کەس کوژرا و ١٢ کەسی دیکەش بریندار بوون.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران باسیان لەوە کردووە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، دانیشتووانی گوندی شەهرستانکی جەغتای لە سەبزەواری سەر بە پاریزگای خوراسانی ڕەزەوەی بە هۆی کێشمەکێش لە سەر هەڵکەندنی بیری ئاو و ڕاگواستنی ئاو بۆ ئەو گوندە لەگەڵ مەئموورانی هێزی ئینتزامی تووشی شەڕ بوون.

لەو شەڕ و تێکهەڵچوونانەدا یەک کەس کوژراوە و ١٢ کەسی دیکەش بریندار بوونە.

ماڵپەڕی قدس آنلاین لەو بارەیەوە بڵاوی کردووەتەوە کە به هۆی بڕیاری ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆ بۆ چارەسەریی کێشەی ئاوی خواردنەوەی ناوچەکە بڕیار درا کە لە گوندی شەهرستانەک بیری ئاو هەڵکەندرێت کە ئەوەش ناڕەزایەتی خەڵکی لێکەوتەوە و شەڕ لەگەڵ مەئموورانی هێزی ئینتزامی هاتە ئاراوە.

بەپێی ئەو راپۆرتە هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیم بە چەکی گەرم هێرشیان کردووەتە سەر خەڵک و خەڵکیش بە چەکی سارد بەرگریان لە خۆیان کردووە.

عەلی شەمخانی سەرۆکی شوڕای باڵای ئەمنییەتی ئێران پاییزی ساڵی ڕابردوو رایگەیاند چارەسەریی کێشەی ئاوی خواردنەوەی شارە پڕ حەشیمەتەکانی ئێران لە شورای ئەمنییەتی وڵاتدا کاری لە سەر دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکان ٥٧ بەنداوی ئێران ئاویان تێدا نەماوە و ڕێژەی ئاوەکانی کە دەڕژێتە ناو بەنداوەکان لە سەدا ١٥ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو کەم بووەتەوە.

بەنداو دروستکردنی نایاسایی و نەبوونی بەرنامە و پلانی تۆکمە لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە بارەی ئاو کێشەی جیددی بۆ خەڵک دروست کردووە.

ماوەیەک پێش ئێستاش غوڵامڕەزا حەیدەری ئەندامی کۆمیسیۆنی بەرنامە و بودجەی مەجلیسی ڕێژیم بۆ چەندەمین جار هۆشداری دا:گوێم لە مەترسییەکی جیددییە؛ مەترسی شەڕێکی مالوێرانکەر کە شەڕی ئاوە. بە هەند وەرنەگرتنی ئەم پرسە لە داهاتوویەکی نیزیکدا دەبێتە قەیرانێکی کارەساتبار.

یەکێک لە دەرەنجامەکانی ئەم کەڵکاژۆوەرگرتنە لە سامانی ئاو بریتییە لە چۆڵ بوونی ٣٣ هەزار گوند لە پارێزگا سنوورییەکانی وەک ئیلام و سیستان.

هەنووکە بەپێی لێدوانی سەرۆکی ڕێکخراوی بەڕێوەبەری قەیران، نیزیک بە ٨ هەزار گوند بە تانکەر ئاویان بۆ دەچێت؛ هەروەها لەکۆی ٦٠٩ دەشت و مووچەی جووتیاری پان و بەرین کە توانای دابین کردنی خۆراکی چەندین میلیۆن کەسیان هەبوو، زیاتر لە نیوەیان وشک بوون کە هۆکارەکەی هەڵکەندنی زیاتر لە ٧٧٠ هەزار حەڵقە بیری قووڵ بەشێوەی نایاسایی بەڵام بە بڕیاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانە.