کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی بەردەوامە لە دژایەتی کردنی هەرێمی کوردستان

18:11 - 27 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: پاش دژایەتییە بەردەوامەکانی دەوڵەت و دەزگای ویلایەتی ڕێژیم لەهەمبەر پرسی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، باڵی سەربازی ڕێژیمیش دژکردەوەی پیشان دا.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی ریژیم، مۆحەممەد باقری سەرۆکی ستادی گشتی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە لێدوانێکدا وتوویەتی: ئێمە وەک کۆماری ئیسلامی دژی بەڕێوەچوونی رێفراندۆمین لە باشووری کوردستان.

ناوبراو وتوویەتی: ئەم مەسەلە بەهیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵ کردنی دراوسێکانی عێراق نییە و لەم ڕاستایەدا هەموو هەوڵی خۆمان دەخەینە گەڕ تاکوو عێراق بە یەکپارچەیی بمێنێتەوە.

پێشتریش عەلی خامنەیی لە جاوپێکەوتن لەگەڵ حەیدەر عێبادی وتبووی: نابی ئیزن بە ئەنجامدانی ئەو ڕاپرسییە بدرێت.

هەروەها عەلی شەمخانی سەرۆکی شۆرای بەرزی ئەمنیەتی میللی ئێران سەبارەت بە پرسی ڕێفراندۆم ماوەیەک پیش ئیستا ڕایگەیاندبوو: دابەش کردنی عێراق بەشێکە لە گەڵاڵەی کۆلۆنی و داگیرکردنی وڵاتانای ڕۆژئاوایی.

لەمبارەوە ماوەیەک پێش ئێستا عەلی عەونی ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دێموکراتی کوردستان لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی BBCدا ڕایگەیاند: بەڕێوەبردنی پرسی ڕێفراندۆم لە هەرێمی کوردستان لە پلەی یەکەم‌دا پێوەندی بە خودی نەتەوەی کورد بەتایبەت لەم بەشەی کوردستان‌دا هەیە کە ئەو نەتەوەیە بەپێی کۆنوانسیۆنە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوەیەکگرتووەکان دەتوانێت مافی چارەنووسی خۆی دیاری بکات. ئەو ڕێفراندۆمە لە دەرەوەی ئێراندا بەڕێوە دەچێت و لە سەر کاربەدەستانی ئێران و ڕێبەری ئێران واجبه که لە کاروباری دەوڵەتانی ناوچەدا دەستێوەردان نەکەن و خەمی وڵاتی خۆیان بخۆن.

عەونی هەروەها باسی لەوە کرد کە ڕێبەری ڕێژیمی ئێران بە باس کردن لە قسەی سەربەخۆیی هەڵە دەکات و قسە نییە بەڵکوو چووەتە قۆناغی کردەیی و ڕۆژی ٢٥ سێپتامبری ئەمساڵ بەڕێوە دەچێت.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی لە بارەی قسەکانی خامنەیی گوتی: \'\' هەر وەک خامنەیی مافی ئەوە دەدات کە لە بارەی دۆخی هەرێمی کوردستان‌دا قسە بکات دەبێ ئەو مافەش بە ئێمە بدات لە بارەی چارەنووسی کوردەکان لە ڕۆژهەڵات بڕیار بدەین.

عەونی هەروەها باسی لەوە کرد کە سەربەخۆیی کوردستان دەبێتە هۆی سەقامگیری ناوچەکە.

پرسی سەربەخۆیی کوردستانی باشوور و دیاریکردنی ڕۆژی ڕێفراندۆم بۆ پرسی سەربەخۆیی لە یەکەم مانگی وەرزی پاییزی ئەمساڵدا لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دژکردەوەی چەند وڵاتی دراوسێی لێکەوتەوە کە لە نێویاندا دژایەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەمووان زەقترن.