کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی شاری سنە لە پرسە و سەرەخۆشی شەهیدانی ڕاسان بەشدارییان کرد

18:24 - 27 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: خەڵکی شاری سنە بۆ پەیمان نوێ کردنەوە لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان سەردانی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی ڕاسانیان کرد.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی٢٣ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی دوای ڕاگەياندنی شەهيدبوونی پۆلێک له تێكۆشەرانی دێموكرات لە شەڕەكانی كۆساڵان و قەرەسەقەل بنەماڵەی شەهيدانی ناوچەی سنه، دەيانهەويست پرسه و سەرەخۆشی شەهیدەکان له مزگەوتی گوندەکان بەڕێوە ببەن، بەڵام بەرپرسانی ئيتلاعاتی ڕژیمی ئێران هەڕەشەيان له بنەماڵەی شەهيدان كرد كه نابێت له مزگەوتەكاندا کۆڕی پرسە و سەرەخۆشی دابنێن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەو بارەیەوە ڕایگەیاند خەڵكی تێکۆشەری سنە دوای هەڕەشەی هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم تەسلیمی ئەو داواکارییەی ڕێژیم نەبوون و بۆ دەربڕينی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی سەربەرزی شەهيدان لە خانه باغەكان سەردانی بنەماڵەی شەهيدانيان كرد و بەم شێوەیە هاوخەمی خۆيان دەربڕی.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا هەروەها ڕایگەیاند خەڵکێکی بەرچاو لەو پرسەیەدا بەشداربوون و پەیمانی وەفاداریان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان نوێ کردەوە.