کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی هاوخەمیی ئەندامان ولایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شاری سنە بەبۆنەی ڕاگەیاندنی هەواڵی شەهیدبوونی پۆلێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات له شەڕەکانی \"قەرەسەقەل\" و \"کۆساڵان\"

17:42 - 28 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: دوای ئەوەیکه حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەواڵی شەهیدبوونی پۆلێک له پێشمەرگەکانی له ڕێگای ئازادی گەل و نیشتمان ڕاگەیاند ئەندامان و لایەنگرانی حیزب له گوندی مێراو سەر بە شاری سنە پەیامی هاوخەمیی خۆیان ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و هەروەها کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات کرد.

دەقی پەیامەکە:

پەیامی هاوخەمی ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە گوندی مێراو بە بۆنەی ڕاگەیاندنی هەواڵی شەهید بوونی هەشت شەهیدی ڕاسان

کۆمەڵانی بە شەرەفی خەڵکی کوردستان

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگە قارەمانەکان

بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان


بە ناوی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گوندی مێراو سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە و بە بۆنەی ڕاگەیاندنی شەهیدبوونی پۆلێکی دیکە لە پێشمەرگە دلێرەکانی حیزبەکەمان هاوخەمی خۆمان لەگەڵ حیزبە خۆشەویستەکەمان و بنەماڵە سەربەرزەکانیان دەردەبڕین و خۆمان بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانین.

هەروەک هەموومان ئاگادارین ساڵی پار لە مانگی جۆزەرداندا شەڕ و پێکدادانێکی نا بەرانبەر و نا جەوامێرانە لە نێوان پێشمەرگە چاونەترسەکانی کوردستان و تیرۆریستانی جەماران و داگیرکەرانی نیشتمانەکەمان لە شاخەکانی کۆساڵانی سەوڵاوا و لە گوندی قەرەسەقەلی شنۆ ڕوویدا و بینیمان کە پێشمەرگەکان لەو شەڕ و پێکدادانەدا حەماسەیەکی بەرچاویان خوڵقاند و زۆر پاسداری تیرۆریست و بەکرێگیراوانیان بە سزای کردەوە پیسەکانیان گەیاند و لە سەرخاکی پاکی کوردستان دایانماڵین.

مەخابن لەو شەڕانەدا پۆلێک پێشمەرگەی قارەمان گیانی ئازیزیان پێشکەش بە بارەگای ئازادی خاک و نەتەوەکەیان کرد و چوونە ڕیزی کاروانی نەمرانەوە و ناو و یادیان بۆ هەمیشە لەدڵمانا دەمێنێتە و هەروەها چارەنووسی پۆلێکی دیکە لە ڕۆڵە ئازاکانی گەلەکەمان بە نادیاری مایەوە، هەموو لایەکمان وەکوو بنەماڵە سەربەرزەکانیان چاوەڕوانی گەڕانەوەیان بووین بۆ ڕیزی هاوڕێ تێکۆشەرەکانیان بەڵام بەداخەوە چارەنووسیان هەروا نادیار مایەوە تاکوو چەند ڕۆژ لەمەو پێش واتە دوایی ساڵێک و بیست ڕۆژ بەداخەوە حیزب هەواڵی شەهید بوونیانی ڕاگەیاند کە بەو هەواڵە پەژارەیەکی نوێ کەوتە سەر دڵمان.

لێرەوە لە قووڵایی خاکی پیرۆزی نیشتمانەوە و لە کانگەی هەڵقوڵاوی ئەو شەهیدە سەربەرزانەوە وەکوو ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە گوندی مێراو مەکۆ و قەڵای لە بن نەهاتووی دێموکرات، خۆمان بەشەریکی خەم و پەژارەی حیزبە خۆشەویستەکەمان و بنەماڵە سەربەرزەکانیان دەزانین و لەگەڵ ڕێبازی پڕ لە سەروەریان پەیمان نوێ دەکەینەوە کە تا وەکو وەدیهاتنی ئاوات و ئامانجەکانیان سەنگەرە پیرۆزەکەیان چۆڵ نەکەین و بەڵێن دەدەین ڕێبواری ڕێگا پڕهەورازەکەیان بین.

شەهیدان نەمرانی مێژوون

سڵاو لەشەهیدانی کورد و کوردستان

سڵاوێکی بە گڕوتین بۆ شەهیدانی ڕاسان

سڵاوێک بۆ ئەو شەهیدە تازانەی ڕاسان کە بەخوێنی خۆیان سەرانسەری وڵاتیان سوور کرد

مەرگ و نەمان بۆ کۆماری تیرۆریست پەروەری ئیسلامی ئێران

ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوندی مێراو

۲٦ی پووشپەڕی ۲۷۱۷ کوردی