کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا: ڕێژیمی ئیران یەکەم پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهان دایە

16:45 - 29 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران، سەرەکیترین پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهان دایە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە بارەی تێرۆریزم بڵاوی کردەوە کە ڕێژیمی ئێران وەک هەمیشە یەکەم ڕێژیمی پشتیوانی تێرۆریزمە.

لەو ڕاپۆرتەدا کە باس لە تێرۆریزمی جیهانیی ساڵی ٢٠١٦ی زایینی دەکات، هاتووە کە ئەو ڕێژیمە لە ساڵی ڕابردوودا یەکەم ڕێژیم بووە بۆ پشتیوانی لە تێرۆریزم.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ڕێژیمی ئێران پشتیوانی لە گرووپەکانی دژی ئیسرائیل و باقی گرووپەکانی دیکە لە وڵاتانی عێراق، سووریە و یەمەن دەکات کە سەقامگیری ئەو وڵاتانەی تێک داوە.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ئەفغانستان و پاکستان سەربازەکان بە کرێ دەگرێت تا پەیوەست به میلیشیا شیعەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بن و پشتیوانیان لێ دەکات.

لە ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکادا جەخت کراوەتەوە کە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران، دژی بەرژەوەندییەکانی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچە دایە.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ڕێژیمی ئێران بە پشتیوانی لە هێزی قودس لقی دەرەوەی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران سیاسەتەکانی خۆی لە ناوچەدا بەرەو پێش دەبات و کردەوەی تێکدەرانە ئەنجام دەدات.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە درێژەدا باسی لەوە کردووە کە ڕێژیمی ئێران چەک و چۆڵ و سەرچاوەی ئابووریی میلیشا شیعەکانی بەحرەین دابین دەکات و بەرنامەی تێرۆریستی درێژە دەدات.

لەو ڕاپۆرتەدا هەروەها باس لەوە کراوە کە سەرەڕای چالاکییە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران هێرشە تێرۆریستییەکان نیسبەت بە ساڵی ڕابردوو لە سەدا ٩ کەم بووەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە تێرۆریزمی نێودەوڵەتی، ساڵی ڕابردوو ئاشکرای کرد کە؛ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وەک ساڵانی ڕابردوو، هەروا بە توندی پشتگیریی لە لایەن و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان لە هەموو جیهاندا کردووە و تەنانەت بوونی خۆی لە ئەفریقا بەهێزتر کردووە.