کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لەگەڵ ئەندام کۆنگرە برایان مەست کۆبوونەوە

22:28 - 29 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئامریکا لەگەڵ ئەندام کۆنگرەی ئامریکا برایان مەست دیدار و چاوپێکەوتنی کرد.

ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی ئارش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا لە درێژەی چاوپێکەوتنەکانی لە کۆنگرەی ئەو وڵاتە چاوی کەوت بە ئەندام کۆنگرە برایان مەست و لەگەڵی کۆ بووەوە.

لەو چاوپێکەوتنەدا نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای باسێک لەسەر مێژووی خەباتی گەلی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتی من ئەوەتان وە بیر دێنمەوە کە کاتێک ئێوە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی خۆتان شەڕتان دەکرد چۆن وڵاتێک وەکوو فەڕانسە پشتیوانی ئێوەی کرد و ئەو پشتیوانییە چۆن مێژووی دنیای لە بەرژەوەندی ئازادی و بەها دێموکراتیکەکان گۆڕی بۆیە ئێمە پێمان وایە کە ئێوە بە لەبەر چاوگرتنی ئەو بەشە لە مێژووی خۆتان زیاتر لەهەر کەس دەتوانن لەگەڵ گەلی کورد هەست بە هاوخەمی بکەن و بزانن کە چۆن یارمەتی ڕۆژئاوا بۆ گەلی کورد گرینگە.

نوێنەری حیزب لەو چاوپێکەوتنەدا گووتی کە ڕاستە یارمەتی ئێوە بۆ ئەوەی خەباتی ئێمە خێراتر و ئاسانتر بگات بە ئامانجەکانی گرینگە بەڵام بۆ ئێوە پێویستە ئەو یارمەتییە گرینگتر بێت لەبەر ئەوەی کاتێک کە گەلانی بندەست، ئێوە لە پشت خەباتەکەی خۆیان دەبینن ئەوا کۆمەڵێک بەهای دێموکراتیک و رۆژئاوایی لە پشت خۆیانەوە دەبینن و ئەوەش وا دەکات کە داهاتووی پێوەندییەکانی رۆژهەڵاتی ناوین و رۆژئاوا لەسەر ئەساسێکی موحکەم تر بنیات بنرێت.

ئارش ساڵح لە درێژە دا وتی کە من ئێوە ئاگادار دەکەمەوە دوای رێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران بارودۆخی مافی مرۆڤ لەو وڵاتەدا خراپتر بووە لەبەر ئەوەی دەوڵەتی ئێران ئەو رێککەوتننامەیە وەکوو گارانتییەک دەبینێت کە دەستی رێژیم بۆ سەرکوت لە ناوخۆ ئاوەڵاتر بکات.

ئەندام کۆنگرە برایان مەست وێڕای سپاسی ئەو زانیاریانە باسی پێوەندیەکانی نێوان کوردەکانی هێنایە ئاراوە. مەست هەروەها ئەو باسەی هێنایە ئاراوە کە گرینگە کوردەکان بۆ ئەوەی بتوانن وەکوو شارۆمەندێکی دەرەجە یەک دەرکەون پێویستە پێش لەهەر شتێک خۆیان بە کورد بزانن.

لە کۆتایی دا ئارش ساڵح نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا وێڕای سپاسی ئەندام کۆنگرە مەست بۆ هەڵوێستەکانی وتی حیزبی دێموکرات لەگەڵ هەموو لایەنە سەرەکییەکانی هەرچوارپارچەی کوردستان پێوەندی باشی هەیە و ئاواتە خوازە کە ئەو پێوەندییانە باشتر ببن.