کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی پارتی یەکیەتی دێموکراتی کوردستان ـ سووریە و حیزبی دێموکرات دیداریان کرد

22:40 - 29 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی پارتی یەکیەتی دێموکراتی کوردستان ـ سووریە سەردانی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد.

دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی بەرانبەر بە ١٦ی جولای٢٠١٧ هەیئەتێکی پارتی یەکیەتی دێموکراتی کوردستان ـ سووریە بە سەرپەرەستی بەڕێز ئەحمەد چەتوو ئەندامی مەکتەبی سیاسی سەردانی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لەلایەن هەیئەتێکی ڕێبەرایەتی حیزب بە سەرپەرەستی بەڕێز حەسەن شەرەفی، جێگری سکرتێری گشتی حیزب پێشوازییان لێکرا.

هەیئەتی میوان لە باسی وەزعی سووریە و دۆزی کورد لەو وڵاتە بە وردی ئاماژەیان بە گیروگرفتە ئەساسییەکانی وەزعی سووریە و درێژەکێشانی شەڕ و ماڵ وێرانی کرد و دەست تێوەردانەکانی وڵاتانی ناوچە بە تایبەت ئێران و چەند وڵاتی زلهێزیان لە کاروباری سووریە بەهۆکاری درێژەکێشانی شەڕ و بێ ئاکام بوونی ڕەوتی وتووێژەکان زانی و لە نێوەشدا یەک نەگرتوویی هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوا و دەخاڵەتی هێزی کوردی لە پارچەکانی دیکە شوێندانەری نەرێنی لەسەر دۆزی کورد لە ڕۆژئاوا داناوە.

بەو حاڵەش هیوابڕ نەبوون لەسەر ئەوەیکە کورد لە ڕۆژئاوا بە بەشێک لە مافەکانی خۆی بگا.

هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش وێڕای ئاماژە بە لایەنەکانی کێشەی سووریە و وەزعی گشتی دۆزی کورد لە خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵات و ڕاسانی ڕۆژهەڵات بۆ هەیئەتی میوان باس کرد و ئامانجەکانی ڕاسانی شیکردەوە و پێداگری حیزبی لەسەر ئەم شێوە خەباتە یانی گرێدانی خەباتی شار و شاخ دووپات کردەوە.

ئەم دیدار و چاوپێکەوتنە پاش دوو کاتژمێر باس و ڕاوێژ کۆتایی پێهات و هەیئەتی میوان بەڕێزەوە بەڕێکران.