کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ئێران لە کوەیت دەرکران

17:54 - 30 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: دەوڵەتی کوەیت ١٥ دیپلۆماتی کۆماری ئیسلامی بە تۆمەتی ڕێکخستن و بڕیاردان بۆ ئەنجامدانی کاری تێرۆریستی لەم وڵاتە دەرکرد.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز بە پشت بەستن بە سەرچاوەکانی هەواڵی کوەیت بڵاوی کردەوە: پاش نیوەڕۆی ڕۆژی ٥شەممە ڕێکەوتی ٢٠ی جولای دەوڵەتی کوەیت باڵوێزی ئێران و ١٤ دیپلۆماتی دیکەی کۆماری ئیسلامی بەتۆمەتی پێوەندی لەگەڵ ڕێکخراوی تێرۆریستی عەبدۆلی لەم وڵاتە دەرکردووە.

لەمبارەوە هەواڵدەری حکومەتی ئیسنا بڵاوی کردۆتەوە لەکۆی ١٩ دیپلۆماتی ئێرانی تەنیا ٤ کەسیان ئیزنی مانەوە لە کوەیتیان پێدراوە و ئەوانی دیکە لەو ولاتە دەرکراون.

٣ ڕۆژ پێش ئەم ڕووداوە ١٤ هاووڵاتی شیعەی کوەیتی کە ئەندامی گرووپی تێرۆریستی عەبدۆلی بوون و پیوەندییان بە حیزبوڵای لوبنان و کۆماری ئیسلامییەوە هەبووە لە کوەیت هەڵاتوون و لە ئێراندا داڵدە دراون.

بەوتەی لێپرسراوانی کوەیتی ئەم کەسانە ویستوویانە کردەوەی تێرۆریستی لەم وڵاتەدا ئەنجام بدەن.

وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم بوونی هەرچەشنە پیوەندییەک لەگەڵ ئەم کەسانەی ڕەد کردۆتەوە بەڵام هیچ ئاماژەیەکیان بەوە نەکردووە کە ئەندامانی گرووپی ئاماژەبۆکراو لە ئێراندا خۆیان حەشار داوە!

بەپێی هەواڵەکانی کوەیت جگە لە دەرکردنی ئەم بەناو دیپلۆماتانە نووسینگەی سەربازی و فەرهەنگی سەر بە باڵوێزخانەی ئێرایشی داخستووە.

پرسی دەستێوەردان لە کارووباری وڵاتانی ناوچە و هەوڵدان بۆ ناسەقامگیرکردن و ئاژاوەنانەوە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە مەسەلەیکی نوێ نییە و چەندین ساڵە کە لەلایەن وڵاتانی ناوچە و زلهێزە جیهانییەکانەوە کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار دەکرێت بە ئەنجامدانی کرداری تێکدەرانە.

رۆژی یه‌کشه‌ممه ڕێکەوتی ١٦ی ژوئیەش ئێمانۆئێل مه‌کرون سه‌رکۆماری فه‌رانسه له کۆنفرانسێکی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ بێنیامین نێتانیاهو نیگه‌رانی خۆی لەمەڕ پاڵپشتییه‌کانی کۆماری ئیسلامی له گرووپی تێروریستی حیزبوڵا ده‌ربڕی.

لە نوێترین ڕاپۆرتیشیدا وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاندووە هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو ڕێژیمی ئێران، سەرەکیترین پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهاندایە.