کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە دەوڵەتی ڕوحانیدا دەوڵەمەندەکان دەوڵەمەندتر و هەژارانیش هەژارتر بوون

17:57 - 30 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: ناوەندەی ئاماری ئێران زەریبی جینی ساڵی ٩٥ی بڵاو کردۆتەوە کە بەپێی لە دەوڵەتی یازدەیەمدا لە ئێران چینی دەوڵەمەند دەوڵەمەندتر و چینی هەژاری کۆمەڵگاش هەژارتر بوونەتەوە.

بەپێی ئەم ئامارە، زەریبی جینی ساڵی ١٣٩٥ بریتی بووە لە ٣٩ کە بەرزترین ژمارەی پێوانەیی لە ٦ ساڵی ڕابردووە و ئەمە نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە کەلێنی چینایەتی لە ئێران لە ئەنجامی سیاسەتە ئابوورییەکانی دەوڵەت زیاتر و زیاتر بووە.

بەپێی ئەم راپۆرتەی ناوەندی ئامار، زەریبی جینی بەتایبەت لە گوندەکاندا بەبەراورد لەگەڵ شارەکان زیاتر پەرەی سەندووە کە ئەم مەسەلە دەرخەری لاوازبوونەوەی هێزی کڕین لای دانیشتووانی گوندەکان و هەژارتر بوونی ئەو چینەی کۆمەلگای ئێرانە.

بەپێی پارێزگاکانی ئێرانیش زۆرترین دابەزینی زەریبی جینی یان بەواتایەکی تر زۆرترین نادادپەروەرییە ئابوورییەکان لە پارێزگاکانی ورمێ و ئیلامدا بووە.

چوونە سەری نرخی بێکاری، کەم بوونەوەی گەشەی ئابووری، داتەپین، مایەپووچ بوونی یەکە بەرهەمهێنەرەکان و کەمبوونەوەی ئاست و هێزی کڕینی خەڵک چەند دەسکەوتی گرینگی دەوڵەتی ڕووحانی بووە کە توانیویەتی وەپێش هەموو دەوڵەتەکانی پیش لە خۆی بکەوێت.