کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشە بەردەوامەکانی فەرماندەکانی سپای پاسداران دەرخەری ئەمنیەتی درۆئینی ڕێژیمە

17:59 - 30 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: فەرماندەی هێزی زەوینی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم جارێکی دیکە هەرەشەی لە حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیمی تاران لە کوردستان و بەلوچستان کرد.

ترس و ئەمنیەتی وەهمی ڕێژیم، بەردەوام فەرماندەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران ناچار دەکات هەڕەشە بکەن.

پاسداری تیرۆریست محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەوینی سپای تێرۆریستی پاسداران لە ئاخاوتنێکدا لە مەشهەد ئاماژەی بە فازێکی نوێ لە ئۆپەراسیۆنی تێرۆریستییەکانی ئەم ڕێکخراوە کردووە و توویەتی: قۆناغی وەدەرنانی حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن لە سنوورەکان تەنیا ئامانجی ئێمە نییە بەلکوو ڕێکاری نوێی ئێمە لەم قۆناغەدا لێدانی شوێنی ڕیکخستن و بنکە و بارەگاکانیانە.

ناوبراو جارێکی دیکەش تۆمەتی سواوی ئەوەی وەپاڵ هێزە ئازادیخوازەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیم دا کە لە عەرەبستانی سعودییەوە چەک و چۆڵ و یارمەتی ماڵی وەردەگرن.

پاسداری تێرۆریست پاکپوور لە قسەکانیدا و لەسەر بنەمای سیاسەتی دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچە پێداگری لەسەر یەکپارچە هێشتنەوەی عێراق کرد و و ئەمەی بە ئەسڵێکی بنەڕەتی زانی.

ناوبراو وتوویەتی: پیداویستی و ئامرازەکانی پێویست بۆ دەسپیکی قۆناغێکی نوێ لە ئۆپەراسیۆنی تێرۆریستی سپای پاسداران لە قەرارگا و یەگانەکانی هێزی زەوینی سپا ئامادە کراوە.

ئەم قسە وهەڕەشانەی لێپرسراوە ئەمنیەتی و سەربازییەکانی ریژیم دەرخەری وەهمی بوونی ئەمنیەتی ڕێژیم و ترس لە خەباتی خەڵک بەتایبەت خەباتکارانی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵاتە.

تەنیا چەند حەوتوو پێش ئێستا ئەم تێرۆریستەی سەر بە کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی هاوشێوەی ئاڕاستەی حیزبی دێموکرات کردبوو کە لە بەرامبەردا بەڕێز حەسەن شەرەفی وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە میانەی چاوپیکەوتنێکی تەلەفزیۆنی وەڵامی دایەوە و ڕایگەیاند: ئەگەرڕێژیمی ئێران هەڕەشەکانی خۆی کردەیی بکات بێ گومان لەو بڕیارەی خۆی پەشیمان دەبێتەوە؛ ئەو پەشیمانییەی ڕێژیمی ئێران هەم لە بواری سیاسی دەبێت و هەم لە بواری نیزامی.