کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خاتەمی داوای کرد جینایەتکارانی دەیەی ٦٠ خەڵات بکرێن

16:57 - 31 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: ئەحمەد خاتەمی، بەرنوێژی کاتی نوێژی هەینی تاران ڕایگەیاند: دەبێ هەموو ئەو کەسانەی کە لە ساڵی ٦٧دا بڕیاری ئیمامیان جێبەجێ کرد و ئێعدامەکانییان لەو کاتەدا ئەنجام دا خەڵات بکرێن و میدالیایان لە مل بکرێت.

هەواڵدەریی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم لە ڕاپۆرتێکدا لەپێوەندی لەگەڵ قسەکانی بەرنوێژی کاتی نوێژی هەینی تاران، ئەحمەد خاتەمی ئاماژەی بە بەشێک لە قسە پڕ لە ڕق و قینەکانی ناوبراو کرد کە ڕۆژی ٣٠ی پووشپەڕ لە نوێژی هەینی تاراندا کردبووی.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ناوبراو وتوویەتی: کووشتن و لەنێوبردنی ئەو کەسانە لە ساڵی ٦٧ بە بڕیاری ئیمام یەکێک لە باشترین کارەکان بووە کە دەبێ ڕێزی لێ بگیرێت و بایەخەکەی بزانین هەربۆیە پێویستە تەواوی ئەو کەسانەی کە بڕیاری ئێعدامی زیندانیانی سیاسییان جێبەجێ کرد ڕێزیان لێ بگیرێ و میداڵیان لە مل بکرێت.

لە مانگەکانی گەلاوێژ و خەرمانانی ساڵی ٦٧ی هەتاوی چەند هەزار کەس لە زیندانییانی سیاسی لەلایەن هەیئەتی مەرگی کۆماری ئیسلامی و لەسەر ڕێنوێنی خومەینی جەلاد ئێعدام کران؛ هەندێک لە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ ڕێژەی ئەم کەسانەیان بە ٥ هەزار کەس خەمڵاندووە بەڵام ئایەتووڵا مۆنتەزێری لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا باسی لە ئێعدامی ٣٨٠٠ کەس کردووە.

ئەندامانی هەیئەتی مەرگ بریتی بوون لە: ئیبراهیم ڕەئیسی جێگری دادستان، مستەفا پورمۆحەممەدی نوێنەری ئیتلاعات لە ئێڤین، حسەینعەلی نەیێری حاکمی شەرع و مۆرتزا ئێشراقی دادستان.

ساڵی ڕابردوو ماڵپەڕی فەرمیی ئایەتوڵڵا حوسێنعەلی مۆنتەزێری، فایلێکی دەنگیی ناوبراوی بڵاو کردەوە کە تێیدا، ڕوو لە هەیئەتی مەرگ دەڵێ: ئێوە جینایەتکارن. بەپێی ناوەرۆکی ئەم فایلە دەنگییە، مۆنتەزێری ڕوو لە کۆمیسیۆنی مەرگ یان هەیئەتی مرگ وتوویەتی، ئێوە جینایەتکارن؛ من دڵم بۆ ئەو شۆڕشە دەسووتێ کە ئێوە خەریکن بەلاڕێیدا دەبەن.