• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
١٩ی ئوکتۆبەری ٢٠١٧ی زایینی - ٢٧ی رەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی  

مستەفا هیجری: بێجگە لە ئێرانییەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بە دەگمەن دەبینین کە دوو لایەن لە مێزی وتووێژ کەڵک وەربگرن تاکوو لایەنێک لایەنەکەی دیکە لە نێو بەرێ

زایینی: ٢٢-٠٧-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٤/٣١ - ١٩:١١ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
مستەفا هیجری: بێجگە لە ئێرانییەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بە دەگمەن دەبینین کە دوو لایەن لە مێزی وتووێژ کەڵک وەربگرن تاکوو لایەنێک لایەنەکەی دیکە لە نێو بەرێ
هاوڕێیانی خۆشەویست

خوشک و برایانی بەڕێز

میوانانی هێژا


سڵاوێکی گەرمتان لێبێ و بەخێربێن بۆ کۆڕیادی پۆلێک لە شەهیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە لە ڕێگای خەباتی نیشتمانەکەماندا لەو ڕۆژەدا گیانیان لە دەست دا.

ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی شەهید دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو هاوڕێ لەگەڵ کاک "عەبدوڵڵای قادری ئازەر" ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات و کاک فازڵ لە کۆبوونەوەیەکدا لە ڤیەن کە قەرار بوو بە مەبەستی وتووێژ کردن بۆ دیتنەوەی ڕێگا چارەی ئاشتی خوازانە بۆ چارەسەریی مەسەلەی کورد لە ڕۆژهەڵات جێبەجێ بکرێت بە دەستی بە کرێ گیراوانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەهید بوون.

ئێمە لەو ڕۆژەوە تاکو ئێستا هەموو ساڵێک لەو بۆنەیەدا، لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا، لە سێمینارەکاندا، یادی ئەو شەهیدە خۆشەویستانەمان بەرز ڕادەگرین؛ پێویستە ئەوەشتان عەرز بکەم کە لە ڕاستیدا هیچ ڕۆژێک و هیچ مانگێک لە ساڵدا نییە کە کۆمەڵێک لە تێکۆشەران و چالاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەربەرەکانێ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران گیانی خۆیان لە ڕێگای نیشتمانەکەیاندا فیدا نەکردبێت. مانگی پووشپەڕیش هەر یەکێک لەو مانگانەیە؛ ئەمن ئیجازەتان لێدەخوازم لە پێش ئەوەیدا کە چەند وتەیەک لەسەر گەورەیی و تەئسیراتی شەهید دکتور قاسملوو لە حیزبی دێموکراتدا باس بکەم، ئاوڕێک لە شەهیدەکانی پووشپەڕمان بدەمەوە؛ لە ٢٤ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی هاوڕێی تێکۆشەرمان ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزب کاک "سەلامی عەزیزی" بە نەخۆشییەکی کوت وپڕ شەهید بوو.

کاک سەلام یەکێک لە ئەندامانی ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو کە لە سەرەتای دەستپێکردنەوەی دووبارەی خەباتی حیزبی دێموکرات دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی تێکەڵ بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو و تا کاتی شەهیدبوونی بێ وچان لە ڕێگای بەرەو پێش بردنی کارەکانی حیزبی دێموکرات تێکۆشان و فیداکاری کرد.

بێجگە لەوە لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوودا پۆلێک لە پێشمەرگە و کادرە وەفادار و تێکۆشەرەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە خەباتێکدا کە لە ڕۆژهەڵات بە خەباتی "ڕاسانی ڕۆژهەڵات" دەناسرێ لە چەندین شوێنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە قوڵایی وڵاتدا لە بەربەرەکانێ لەگەڵ ڕێژیمی دڕندەی کۆماری ئیسلامی ئێران گیانی خۆیان لە دەستدا، ڕژانی خوێنی ئەو شەهیدانەمان خوێنێکی نوێی بە ڕەگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و جوڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتدا وە حەرەکەت خست کە تاکوو ئێستاش ئەو حەرەکەتە لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە نێو کادر و پێشمەرگەکان لە نێو هەموو ئەندامان و هەموو نیشتمانپەروەرانی کورد لە ڕۆژهەڵات و بەشەکانی دیکەی کوردستاندا شوێنەوارەکەی بەرچاوە؛ ئێمە لێرە بۆیە کۆبووینەتەوە تا بۆ جارێکی دیکە ڕێز و ئەمەگناسی خۆمان پێشکەش بە وەفاداری، نیشتمانپەروەری و قارەمانەتی هەموو ئەو خۆشەویستانە بکەین کە لە ڕێگای ئازادی گەلەکەیاندا و لە پێناو ئامانجی حیزبەکەیاندا گیانی خۆیان فیدا کرد.

سڵاو لە گیانی پاکی هەموویان، سڵاو لە ئەندامانی بنەماڵەکانیان

لە پێوەندی لەگەڵ شەهید دوکتور قاسملوودا لە ماوەی ٢٨ ساڵی ڕابردوو، کتێبی زۆر نووسراوە، وتاری زۆر لە ڕۆژنامەکاندا بڵاوبۆتەوە، زۆر کەسایەتی و شەخسیەتی سیاسی، ئایینی، نیشتمانپەروەر، قسەیان لەسەر کردووە کە جێی خۆیەتی و هەڵیدەگرێ کە زۆر لەوە زیاتریش باسی لەسەر بکرێت، بەڵام چونکە لێرە کاتی باسێکی زۆر نییە من دەمەوێت لەسەر یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شەهید دوکتور قاسملوو بدوێم کە کەمتر ئیشارەی پێکراوە وە هەروەها بۆخۆی جێگای فێربوونە؛ وەکوو زۆربەی ئێوە دەزانن کە تێکۆشانی سیاسی شەهید دوکتور قاسملوو لەو کاتەدا کە مێرمنداڵێک و گەنجێک بوو لە حیزبی "تودە"ی ئێراندا دەستی پێکرد. ئەو کاتە حیزبی تودە کە لە ساڵەکانی ٤٠ی هەتاوی لە ئێراندا پێکهات وەکوو حیزبێکی مۆدێڕن و پێشکەوتوو لە ماوەیەکی کەمدا بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی کرد و هێزێکی گەورەی لە لاوانی ئێرانی بە دەورەی خۆیدا کۆکردەوە؛ دوکتور قاسملوو کار و تێکۆشانی سیاسی خۆی لەو حیزبەدا دەستپێکرد. ئەودەم بە گوێرەی ئەو بیر و باوەڕەی کە لە نێو خەڵکەکەماندا و لە نێو ئێراندا هەبوو بیر و بۆچوونەکە زۆرتر ئەوەبوو کە ئەو حیزبەیە کە دەتوانێ هەژاران، کرێکاران و نەتەوەکان لە ژێردەستی ڕزگار بکا و بە مافی خۆیانی بگەیێنێت؛ دوکتور قاسملووش هەر بەو نیەتەوە لەو حیزبەدا دەستی کرد بە کار و تێکۆشان. لە یەکێتی لاوانەوە دەستی پێکرد هەتا لە ماوەی ١٠ ساڵ تێکۆشان لەو حیزبەدا بوو بە کادرێکی ناسراوی ئەو ڕێکخراوەیە، بەڵام ئەو گرفتانەی کە لە حیزبی تودەدا پێکهات وەکوو ئەوەیکە چارەنووسی کورد لەو حیزبەدا لێڵ و تاریک بوو، مەعلوم نەبوو چی بۆ کورد دەوێت، بێجگە لەوە بەستراوەیی بە سۆڤیەت بە تایبەت ئەو کاتەی کە ڕێژیمی پاشایەتی کودەتای کرد بەسەر "محەممەدی موسەدیق"دا کە هەموو خەڵکی ئێران و دنیا چاوەڕوانی ئەوە بوون کە دوکتور موسەدیق دەتوانێ حکومەتێکی گەلی دێموکرات و ئازاد لە ئێراندا پێک بێنێت بەڵام پشتیوانی سۆڤیەت و حیزبی تودە بە تەئسیر وەرگرتن لە سۆڤیەت بوو بە هۆی ئەوەیکە کودتای دژی دوکتور موسەدق شکست بخوات و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەفسەرانی حیزبی تودە کە ئەودەم لە ئەرتەشی ئێراندا کاریان دەکرد ئێعدام بکرێن. دوای ئەوە ڕووداوی دیکەی زۆر هاتنە پێشێ کە بەداخەوە فرسەت نییە لێرەدا هەموویان باس بکەین تا دووبارە دوکتور قاسملوو خۆی لە چێکۆسڵۆواکی دیتەوە؛ هێرشی ئەرتەشی سوور بۆ سەر چێکۆسڵۆواکی و تێکدانی بەهاری پڕاگ شوێندانەریەکی زۆر گەورەی لەسەر بیر و هزری دوکتور قاسملوو دانا؛ دوکتور قاسملوویەک کە خولیای دێموکراسی و ئازادی گەلان بوو بەڵام لەوێ بە چاوی خۆی دیتی کە لە شوێنێکدا تانکەکانی سۆڤیەت لە شەقامەکانی چێکۆسڵۆواکی دابەزین و بەهاری پڕاگ کە تازە دەستی پێکردبوو وەک بەهاری دێموکراتی تێکیانەوە پێچا. ئەوانە هەموویان بۆ دوکتور قاسملوو پرسیاری خوڵقاند ئەو پرسیارانە بوون بە هۆی ئەوەیکە دوکتور قاسملوو بگا بەو ئاکامەی کە دەبێت ڕێبازی سیاسی خۆی لە حیزبی تودە جیا بکاتەوە وە ئەوە بوو کە لەگەڵ چەند کەسێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات کە دوای ڕووخانی کۆمار بڵاو ببونەوە یەکبگرێتەوە و هەوڵ بدەن "حیزبێکی دێموکراتی نەتەوەیی پێشکەوتنخوازی سەربەخۆ" بنیاد بنێنەوە؛ لەوێڕا کار و تێکۆشانی دوکتور قاسملوو لە حیزبی دێموکراتدا دەست پێدەکات وەکوو بۆ خۆشی لە "چل ساڵ خەبات"دا باس دەکات دەنووسێ: "لە بەهاری ساڵی ١٩٥٣ ڕاستەوخۆ لە تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتدا بەشداریم کردووە". لەو ڕۆژەوە تا ئەو کاتەی دوکتور قاسملوو شەهید دەبێت یەکێک لە ڕێبەرە هەرە شوێندانەرەکان، تێکۆشەرەکان وە بە هزر و بیرەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە. یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە بەرزەکانی دوکتور قاسملوو بە بۆچوونی من ئەوە بوو کە هەر بەوە ڕازی نەبوو کە حیزبەکەی سەرتۆپی خەبات و تێکۆشان لە ڕۆژهەڵات بێت بەڵکوو هەمیشە بیری دەکردەوە شتی تازە بێنێتە کایەوە، لە قەیرانەکاندا بیر و هزری وی بوو کە حیزبی دێموکراتی دەبردە پێش، دوکتور قاسملوو لە فکری دواڕۆژی حیزبەکەی و کۆمەڵگاکەیدا بوو، قانع نەبوو بەوەیکە هەیە بەوەیکە هەبوو بە ڵکو بیری دەکردەوە دەبێت چی بکا تا حیزبەکەی لە داهاتووشدا هەروا سەرتۆپ و دیار بێت، بۆیە دەبینین کە دوای ئەوەیکە دوکتور قاسملوو دێتەوە نێو حیزبی دێموکرات، حیزبی دێموکرات دەکاتەوە بەو حیزبەی کە باسم کرد: "حیزبێکی پێشکەوتنخوازی سەربەخۆ" کە ئەو پێشکەوتنخوازی و سەربەخۆییەی بە شکڵێکی نوێ لە تەشکیلات و سیاسەتی حیزبدا جێبەجێ کرد بە ئامادە کردن و تەنزیم کردنی بەرنامە و پێڕەوێکی نوێ کە بتوانێ ئەو ئامانجە جێبەجێ بکات.

لەو سەردەمەدا لە ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتدا دوو بیر و بۆچوونی دژ بە یەک لە بەربەرەکانێدا بوون کە کاتی زیاتری لە ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی دەگرت: یەکێکیان، ناسیۆنالیزمی تەنگ نەزەر کە بێجگە لە کورد هیچ شتێکی دیکەی نەدەدیت، لایەنێکی دیکەش فکری پاشماوەی فکری تودەیی کە پێیان وابوو دەبێت حیزبی دێموکرات بەستراوە بێت بە سۆڤیەت و هەرچی سۆڤیەت دەیڵێت دەبێ ئەوە جێبەجێ بکەن. دوکتور قاسملوو هەوڵێکی زۆریدا کە شوێن دابنێ لەسەر ئەو دوو بۆچوونە هەڵەیە و زیاتر لە دە ساڵ لە حیزبی دێموکراتدا بۆ ئەم مەبەستە کاری کرد و سۆسیالیزمی دێموکراتیک یا بڵێین کورتە باسێک لەسەر سۆسیالیزم کە دوکتور قاسملوو هێنایە ئاراوە و لە کۆنگرەی شەش بە پەسندی کۆنگرەی گەیاند لە پێناوی ئەو مەبەستەدا بوو؛ بۆ ئەوەیکە حیزبی دێموکرات لە فکری ڕاستی ئیفراتی و هەروەها لە چەپی تودەییڕا بکا بە حیزبێکی دێموکراتیک کە لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێت و لە پێناوی ئازادی و دێموکراسی بۆ گەل و نەتەوەکەی خۆیدا کار بکات. ئەو خەباتە کە دوکتور قاسملوو دەستی پێکرد تێئۆرییەکی سیاسی بوو کە هەر لە نێو حیزبی دێموکراتیشدا نەیاری زۆری بۆ پێک هێنا؛ لەلایەکەوە ئەوانەی کە پێیان وابوو هێنانی فکری سۆسیالیزمی دێموکراتیک حیزبی دێموکرات لە سۆسیالیزم لادەدات و بەرەو ڕاست دەچێ، لە لایەکی دیکەشەوە هەڵگرانی فکری ناسیۆنالیزمی تەنگ نەزەر کە پێیان وابوو دوکتور قاسملوو هەر وابەستەیە بە حیزبی تودە و لە ڕاستای فکری ئەواندا کار دەکات.

لە پێوەندی لەگەڵ ئەو مەسەلەیەدا کۆسپی زۆری بۆ هاتە پێشێ تەنانەت لە کۆنگرەیەکدا کە سوسیالیزمی دێموکراتیک پەسەند کرا بە جیاوازی یەک دوو دەنگ پەسەند کراو بوو بە بەرنامەی سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران؛ دوای ئەوەیکە پەسەند کرا بە دەیان کەس لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات کە بەو فکرە گۆشکرا بوون کە سۆسیالیزم بۆ خۆی لە خۆیدا دێموکراسی تێدا هەیە و سۆسیالیزمی دێموکراتیک کە لە حیزبی دێموکراتدا پەسەند کراوە حیزبی دێموکرات بە لاڕێدا دەبات ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتیان بەجێهێشت، تەنانەت مەسەلەیەک کە دوکتور قاسملوو بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی ڕێبەرایەتی لە ماوەیەکدا کە لە حیزبی دێموکراتدا هاتە پێشێ مەسەلەی لیستەی فیکسی لە کۆنگرەدا مەترەح کرد ئەویش بۆخۆی بوو بە گیر و گرفتێک لە حیزبدا و ئینشعابی لێ دروست بوو بەڵام دوکتور قاسملوو چونکە باوەڕی هەبوو و پێداگری لەسەر کرد؛ لێرەدا مەبەستم ئەوەیە هاوڕێیانی خۆشەویست ئەوەتان عەرز بکەم کە کاتێک دوکتور قاسملوو دەگەیشتە ئەو قەناعەتەی کە بۆ ڕوونکردنەوەی داهاتووی حیزبەکەی و بەربەرەکانی کردن لەگەڵ ئینحراف و ڕاست ڕەوی و چەپ ڕەوی دەبێ فکری نوێ، ئیدەی نوێ و میکانیزمی نوێ بهێنێتە نێو حیزبەکەی هەموو ئۆتۆریتە و کار و توانای خۆی سەرفی ئەو مەسەلەیە دەکرد،هیچ باکیشی لەوە نەبوو کە ئیتهامی لێدەدرێ و کارشکەنی دەکرێ، لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە کە باسی ئەوە بکەم کە هەمووی ئەو ئیبتکارو دەستپێشخەرییانە کە دوکتور قاسملوو لە پێناوی ڕوونکردنەوەی داهاتووی حیزبەکەی دەیکرد چەند سەرکەوتوو بوون و چەند سەرکەوتوو نەبوون، ئەوە بۆخۆی هەڵگری باسێکی دوورو درێژە، مەبەستم ئەوەیە کە ئەوەتان عەرز بکەم بەبیروباوەڕی من دوکتورقاسملوو لە بەرانبەر کەم وکوڕییەکان، لە بەرانبەر ئینحرافەکان، لە بەرانبەر کۆسپەکاندا بێ تەفاوەت نەبوو؛ ئەو وەک چاولێکەرێک لە مەیدانی حیزب دێموکراتدا نەبوو، مێشکی وە کار دەخست، فکری دەکردەوە، موتاڵای دەکرد بۆ ئەوەی ڕێگە حەل ببینێتەوە قەیرانەکان چارەسەر بکات، ئەگەر ناڕوونیەک بۆ داهاتووی حیزبی دێموکرات هەیە بتوانێ ئەو ناڕوونیانە ڕوون بکاتەوە، تەنانەت دەمەوێ ئەوەتان عەرز بکەم کە ملدانی دوکتور قاسملوو بۆ وتوویژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە پێناو ئەو مەسەلەیە بوو، ئێستا ئەگەر وتووێژەکە باش تەرتیب نەدرابوو، کەمتەرخەمی تێدا بوو، ئەوە هیچ شتێک لە گرینگی مەسەلەکە کەم ناکاتەوە، بەڵام دوکتور قاسملوو بۆیە پێی نایە مەیدانی وتوویژ لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ روون کردنەوەی داهاتووی حیزبەکەی و گەلی کورد لە رۆژهەڵات ، بەڵام ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەو نیەت پاکیەی دوکتور قاسملوو کەڵکی خراپی وەرگرت، ڕێژیمێکی دڕندە کە وەفا و عەهد و پەیمانی بە هیچ شتێک نییە.

بێجگە لە ئێرانییەکان، پێداگری لەسەر دەکەمەوە، بێجگە لە ئێرانییەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بە دەگمەن دەبینین کە دوو لایەن لە مێزی وتووێژ کەڵک وەربگرن تاکوو لایەنێک لایەنەکەی دیکە لە نێو بەرێ بەڵام لە نێو ئێرانییەکاندا بە داخەوە ئەوە هەبووە کە دوکتور قاسملوو لەو مەیدانەدا شەهید بوو. ئێمە لەبارەی دڕندەیی و دوژمنایەتی کردن لەگەڵ کورد و وێران کردنی کوردستان، داستانی زۆرمان لە سەدام حوسێن بیستوە و هەمووشیان ڕاست بوون؛ بەشێکی زۆری ئێمە لانیکەم ئەوانەی لێرە دانیشتوون زۆرمان بە چاوی خۆمان دیوە بەڵام تەنانەت سەدام حوسێن لە کۆبوونەوەی وتووێژەکان بۆ چارەسەر کردنی مەسەلەی کورد لەگەڵ نەیارەکانی خۆی قەت لەو پیلانە چەپەڵە کەڵکی وەرنەگرت؛ "چەنگیز چاندار" رۆژنامەنووسی بەناوبانگی تورک کە بە بۆچوونی من یەکێک لە سیاسەتوانە هەرە بەرزەکانی تورکە و دۆستی کوردە لە کتێبەکەی خۆیدا بەناوی "شەمەندەفەری میزۆپۆتامیا" ڕووداوێک دەگێڕێتەوە کە تەئیدی ئەو قسەی من دەکا کە لێرە عەرزتانی دەکەم؛ چەنگیز چاندار باس لەوە دەکات دوای ئەوەیکە رێژیمی سەدام حوسێن ڕووخا کاک نەوشیروان مستەفا وەکوو نوێنەری یەکیەتی نیشتمانی لە مەجلیسی حوکمدا بەشداری دەکرد. لە بەغدا چەنگیز چاندار لەگەڵ چەند نەفەرلە ڕەفیقەکانی خۆیدا دەچن بۆ چەندین رۆژ لەوێ وەکوو میوانی کاک نەوشیروان دەمێننەوە، چەنگیز باس لە ڕووداوێک دەکا، دەڵی: "ڕۆژێک هەر لەو ڤیلایە کە لێی دادەنیشتین یەکێک لە دەزگاکانی سەدام حوسێن بوو کاک نەوشیروان بۆی گێڕامەوە گوتی چەنگیز ئەو ڤیلایە و ئەو ژوورە بۆ خۆی مێژوویەکی تایبەتی هەیە؛ بۆی گێڕامەوە گوتی لە ساڵی ١٩٨٤ ئەو کاتەی ئێمە بۆ یەکەم جار هەیئەتی یەکیەتی نیشتمانی هاتبووین بۆ وتووێژ لەگەڵ سەدام حوسێن و وتووێژەکان زۆر بەباشی چووبونە پێشێ لە ئاشتی نزیک ببوینەوە؛ هیوا لە دڵمان دروست ببوو ڕۆژێک سەدام حوسێن هات لەسەر ئەو کورسیەی تۆ لەسەری دانیشتویت دانیشت و ڕووی لە ئێمە کرد و گوتی: هاوڕێیان داوای لێبوردنتان لێدەکەم من چی دیکە ناتوانم لەگەڵ ئێوە ئەو وتووێژە درێژە بدەم، چونکە تورکەکان هاتون پێیان گوتوم ئەو وتووێژە و بە ئەنجام گەیاندنی بۆ ئێمە قابلی قبووڵ نییە ئەگەر ئەو کارە بکەی ئێمە بۆڕی نەوتەکانی کەرکوک کە دەچێ بۆ "یومورتاڵک" ئەو بۆڕیانە قەتع دەکەین؛ سەدام حوسێن گوتی برادەران من توانای ئەو بەربەرێکانەم لەگەڵ تورکەکان نیە بۆیە مەجبورین وتووێژەکانمان لێرە کۆتایی پێ بێنین؛ دەڵێ هەر لەوێ سەدام حوسێن دەستووری دا کە چەندین نەفەر لە مەئمورینی موخابرات لەگەڵ پۆلیس هەیئەتی وتووێژی کورد کە یەکیەتی بوون هەمراهی کرد تاکوو هێنایانەوە لە مەنتەقەی ژێردەسەڵاتی خۆیان بەڕێیان کردنەوە. کاک نەوشیروان لێرەدا دەڵێ: بەڵێ ئێمە چووینەوە و ئاگربەست کۆتایی هات و شەڕەکانمان دەست پێکردەوە، ئەوە شێوەی وتووێژ و حەرەکەتی سەدام حوسێن بوو لەگەڵ تیمی وتووێژی کورد کە چەندین ساڵ پێکەوە شەڕیان کردووە بە هەزاران کەسیان لە یەکتری کوشت."

لە وتووێژێکدا لە بیرمە کاتێک کە بە نێونجی گەری شەهید دوکتور قاسملوو لەنێوان مام جەلال و سەدام حوسێن پێکهات و هەیئەتی یەکیەتی نیشتمانی چوون بۆ بەغدا بۆ وتووێژ، دوکتور قاسملوو هاتەوە بە ئێمەی گووت کە مام جەلال داوای کردووە گوتویەتی ئێمە هەیئەتمان دەچین بۆ بەغدا، بۆ خۆشم لە گەڵم چ زەمانەتێک هەیە کە بڕۆین بۆ بەغدا؟ دوکتور قاسملوو ئەو پرسیارە لە سەدام حوسێن دەکا سەدام حوسێنیش پێی دەڵێ پێیان بڵێ سەدام حوسێن زامنە، بە ڕاستی دیتمان کە لە چەندین قۆناغدا هەیئەتەکانی کورد بە تایبەت یەکیەتی نیشتمانی کە لە وتووێژەکاندا بەشداری دەکرد چوونە بەغدا و هەموویان بە سڵامەتی گەڕانەوە، ئەوانە نموونەگەلێکن کە کاتێک بەراوردیان دەکەین لە نێوان دیکتاتۆرەکان بۆمان دەردەکەوێ کە رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران تا چ ئاستێک نزم و بێ ڕەوشت و بێ وەفایە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پێی وابوو بە شەهید بوونی دوکتوور قاسملوو خەباتی کورد لە رۆژهەڵات بێدەنگ دەبێ؛ بێجگە لەوە لە تەواوی تەمەنی خۆیدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەوڵی دا بۆ ئەوەیکە خەباتی نەتەوەکانی تر لە ئێران و خەباتی کورد لە بەشەکانی دیکەشدا توشی نسکۆ و شکست و زەلیلی بکا، بەڵام ئێستا ئێمە شاهیدی مەرحەلەیەکی دیکە و سەردەمێکی نوێین لە مێژووی کورد لە هەموو بەشەکاندا سەرەڕای ئەوەیکە دیکتاتۆرەکانی وەکوو سەدام حوسێن وەکوو حکومەتی پەهلەوی و کۆماری ئێسلامی ئێران لە هەمووان خراپتر لێرەدا تاقی کردوەتەوە، ئێستا لە باکوور و لە رۆژئاوا کورد لە خەباتی خۆیدا گەرم و گوڕە و لە رۆژهەڵاتیش خەبات بە شێوەی خۆی بەردەوامە، لە باشوور کە خەڵکەکەی دوای ڕووخانی ڕێژیمی سەدام حوسێن حکوومەتێکی خۆجێییان بۆ خۆیان درووست کرد سەرەڕای هەموو موخالفەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و نەیارانی کورد ئێستا خەریکی ئامادەکارین بۆ گشتپرسییەک کە خەڵکەکە چارەنووسی خۆی دیاری بکا ئایا وڵاتێکی سەربەخۆیی هەبێ یان لەگەڵ عێراق بمێنێتەوە کە ئەوە گەورەترین کێشەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. ئەگەرچی هەموو نەیاران و دوژمنانی دیکەی کوردیش لەگەڵ ئەو فکرەن وە لەگەڵ ئەو حەرەکەتە دژایەتی دەکەن، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ ئەوەیکە هەموو ئەو پیلانانەی بەکار هێناوە و بەڕواڵەت دەیهەوێ وا نیشان بدات کە قارەمانێکی سەرکەوتویە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نفوزی خۆی لە هەموو جێگەیەکدا پەرەپێداوە ڕاستیەکەی ئەوەیە کە لە بەشێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لە ڕاستیدا باتڵاقێکی بۆ خۆی دروست کردووە کە تێیدا خەریکە حەرەکەتی مەرگ دەکا.

خەڵکی ئێران لە سەرەتادا وەک خەڵکی دیکەی دونیا هەموو هەڵیان ئەوە بوو کە ئێران بتوانێ بگەڕێتەوە بۆ باوەشی دنیای پێشکەوتوو و حەرەکەتێکی ئازاد و دیموکرات بە نیسبەتی خەڵکەکەی خۆی و خەڵکی دیکە لە دنیادا ڕەچاو بکات، ئێستا ڕێژیمێکی دیکەیە لە بۆچونی خەڵکدا؛ ئەگەر پێیان وابوو دوای بەرجام ئێران بەڕووی دنیادا دەکرێتەوە و بۆ خەڵکەکەی خۆی ئەمنیەت دابین دەکات ئێستا بیر و بۆچوونێکی دیکە لەلای رۆژئاوایەکاندا هەیە بەنیسبەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە. لە پێوەندی لەگەڵ ئەو مەسەلەیەدا ئەمن لە دوایین سەفەرەکانمدا کە سەفەری بریتانیام کرد هەموو جارێ لە باڵوێزخانەی ئەمریکا لەگەڵ خانمێک چاو پێکەوتنێکم دەکرد کە بەرپرسی بەشی خۆرهەڵاتی نێوەڕاستی باڵوێزخانە بوو، خانمێکی سیاسی تێگەیشتوو کە چەندین کاتژمێر لەگەڵی دانیشتووم و باسی وەزعی ئێرانم کردووە؛ ئەوکات حکومەتی ئۆباما لەسەر کار بوو ئەویش بەردەوام باسی ئەوەی دەکرد و دەیگووت: "ئێمە لە نێو وڵاتانی دیکەدا دەخاڵەت ناکەین ئێمە نامان هەوێ دەخاڵەت کەین بۆ ئاڵوگۆڕ لە حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بە قەولی خۆیان دەیگووت ئێمە "پاڵەسی چەینج" دەکەین دەمانهەوێ سیاسەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران بگۆڕین، من لەو بارەدا چەندین کاتژمێر قسەم لەگەڵ کرد کە ئێوە و هیچ کەسێک ناتوانێ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و سیاسەتەکەی بگۆڕێ بەڵکوو ئەوە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە پێی وایە سیاسەتیی وی ئەوەندە دروستە کە هەموو دنیا دەبێت بێتە سەر سیاسەتی وی."

ئاخرین جار کە چووم و چاوم پێی کەوت بۆ پێشوازی من هاتبووە بەر دەرکی ساڵۆنەکە؛ هاتە پێش و بە پێکەنینەوە گووتی: "ئێستاش هەر بیر لە ڕێژیم چەینج دەکەیتەوە؟" یانی دەتەوێ حکومەتی ئێران بگۆڕی گووتم: "بەڵێ ئێستاش دەمهەوێ حکومەتی ئێران بگۆڕم، ئەنگۆش ڕۆژێک دێنە سەر ئەو باوەڕەی بەڵام ئەو ڕۆژە زۆر درەنگ دەبێ و هەردووک لامان هەزینەی زۆری بۆ دەدەین."

ئێستا وەزعیەتەکە چۆنە؟ ئێستا وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا بە ئاشکرا باس لە گۆڕینی سیستمی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات، کۆماری ئیسلامی کە پێی وابوو دەتوانێ دنیا فریو بدا و خۆی بە قوربانی دەستی تیرۆریزم و داعش نیشان بدا و بۆ ئەوە زۆر پیلانی ساز کرد بەڵام ئێستا ئەوەیکە لە کۆڕ و کۆبوونەوە بڕیاردەرەکانی دنیادا باسی لەسەر دەکرێ ئەوەیەکە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک حکومەتێکی تیرۆرست و گرینگترین یارمەتیدەری تیرۆریست دەناسرێ، کە وابوو مەسەلەی تیرۆر و سەرکوت و زەبر و زەنگ، ئەنفال و ئێعدام ناتوانێ میلەتێکی ئاگا کە مافی خۆی ناسیوە و ئامادەیە بۆ وەدەست هێنانی مافەکەی هەزینە بدا، هەرچەند هەزینەکە قورس و گران بێ، بەچۆکیدا بێنێ، ئێستاش ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی مەترسیدارترین دوژمنی کوردە، مەترسیدارترین دوژمنی سەقامگیری و ئاشتییە لە ناوچەدا.

یەکێک لە خەمە گەورەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران ئێستا ئەوەیە کە داعش بەرەو لاوازی دەچێ چوونکە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەژێر سایەی داعشدا توانی نفوزی خۆی لە مەنتەقەدا پەرەپێبدا ڕێژیمێک کە نەک بۆ کورد بەڵکوو تەنانەت بۆ وەفادارترین یارانی ئیمام خومەینی و خەباتکارانی کۆماری ئیسلامی ویلایەتی فەقیهی نییە و ئێمە مەرحەلە بە مەرحەلە ئەوە دەبینین ؛ئەو بێ وەفاییە بە نیسبەتی یارانی خۆیان، بۆیە پێمان وایە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران ئێستا سەرەڕای ئەوەیکە دەیهەوێ خۆی بەهێز و بەتوانا نیشان بدا لە نێوخۆی وڵاتدا لە نەزەر خەڵکی ئێران بە گشتی لە خراپترین وەزعی خۆیدایە، خەڵکی ئێران بێزارن و نفرەتیان لەو ڕێژیمە هەیە؛ خەڵکێک کە دەبینن نانی سەر سفرەی وان دەکاتە هەزینەی بۆمب و فیشەک و چەک تاکوو خەڵکی بێ تاوانی سووریە و یەمەن و باقی خەڵکی مەنتەقەی پێ بکوژرێ؛ ئێمە پێمان وایە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران وەکوو باقی ڕێژیمە دیکتاتۆرەکانی ناوچە هەرچەند ژێستی توانا و هێز نیشانی بدا لە نێوەڕۆکدا ڕێژیمێکە کە وردە وردە بەرەو توانەوە دەچێ، ڕێژیمێکە کە ئیدی لە بەرانبەر ویست و داخوازی ئازادیخوازانەی خەڵکەکەی دا ناتوانێ مقاوەمەت بکا و ئەوە گەورەترین دوژمنی کۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆیەشە کە گەورەترین دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکی خۆی دەکات.

بێجگە لە سیاسەتی نێونەتەوەیی و مەنتەقەیی کە بە نیسبەتی ئێران هەموومان دەیبینین هیوادارم ئێمەی کورد لە رۆژهەڵات و بە گشتی کورد لە هەموو پارچەکاندا هەموومان بتوانین لەو هەل و مەرجە باشەی کە هاتۆتە پێشێ بە ناسینی دروستی دۆست و دوژمنەکانمان، بە یەکگرتوویی، بتوانین لەو ئاڵوگۆڕانەی کە زۆر قوڵ و بەربڵاون لە ناوچەدا کەڵکی باش وەربگرین بە قازانجی گەل و نیشتمانەکەمان کە ڕۆحی شەهیدەکانمانی پێ شاد کەین و بنەماڵەی شەهیدەکانمان پێی سەربەرز بن و ئێمەش هەموومان ئیفتخار بکەین کە لەو تێکۆشان و کارو یەکگرتویی و یەک دەنگییەدا بەشێکمان هەیە.

جارێکی دیکە سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی پووشپەڕ بە تایبەت شەهیدی گەورە و سەربەرز، دیپلۆماتکاری ناسراو و تێگەیشتوو و پێگەیشتووی نەتەوەی کورد، دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوو و هاوڕێیانی
سڵاو لە هەموو شەهیدانی کوردستان
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٠ لەم ژمارەیەدا:

ــ هەموو ڕێگاکان دەچنەوە کوردستان
ــ سەهۆڵبەردان لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا
ــ دیپلۆماسیی درۆزنەی نێوخۆیی
ــ زیندانیی سیاسی بوونی نییە
  • ڕەساڵەتی تەنز له شێعری \ ڕەساڵەتی تەنز له شێعری "مەلا مارف کۆکەیی"دا
    کۆمەڵیک ڕووداوی ناخۆش و تاڵ وەک شەڕە جیهانییه‌کان، شەڕی ناوخۆی ئێران، سیڵاوی مەهاباد، کوشتاری خەڵکی ئه‌م شاره و قات و قڕی له ماوەی ژیانی مەلا مارفدا که له سەر هەژاری و نەداری خەڵک شوێندانەر بوو له شێعرکانی ڕەنگدانه‌وەی جیددیان هه‌یه، شاعیری نوکته باز له سەردەمی دیکتاتۆرییه‌تدا زۆر جار به زمانی ته‌نز لۆمه له‌م بارودۆخه دەگرێ.
  • کەریم پەرویزی: خەڵک بە هاتنیان بۆ سەرشەقام، ترسیان لە داپڵۆسینی ڕێژیم ڕەویوەتەوە و لە مەرحەلەیەکی دیکەدا، دەبێت ترسی خەڵک لە زیندان بشکێت و بڕۆنە بەر زیندانەکان و داوای ئازادکردنی گیراوەکان بکەن کەریم پەرویزی: خەڵک بە هاتنیان بۆ سەرشەقام، ترسیان لە داپڵۆسینی ڕێژیم ڕەویوەتەوە و لە مەرحەلەیەکی دیکەدا، دەبێت ترسی خەڵک لە زیندان بشکێت و بڕۆنە بەر زیندانەکان و داوای ئازادکردنی گیراوەکان بکەن
    خرۆشانی جەماوەریی ڕۆژهەڵات و پەیامەکانی لە دوای ئەنجامە ئەرێنییەکەی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی باشوور، مژاری چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی تیشکە لەگەڵ کەریم پەرویزی، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە سەرنجتانی بۆ خوێندنەوەی ڕادەکێشین.
  • بەرەو درووستکردنی حکوومەتێکی سەربەخۆ و دێموکرات لە باشوور بەرەو درووستکردنی حکوومەتێکی سەربەخۆ و دێموکرات لە باشوور
    چوار فاکتۆری سەرچاوە گرتنی ئەم سەربەخۆییە لە ئیرادەی گشتی، دادپەروەری وەک بناغەی ئەو حکوومەتە، دێموکراسی و هەبوونی هێزی پێشمەرگە بۆ دابین کردنی ئاسایش و ئاسوودەیی هاووڵاتیان لەو فاکتۆرانەن کە لە بەرژەوەندیی حکوومەتی سەربەخۆی باشووری کوردستان دا دەبن.
  • باشووری کوردستان و بنچینەی خەباتی گەلی کورد باشووری کوردستان و بنچینەی خەباتی گەلی کورد
    ئێمە دەبێ سەرەتا لە هەناوی کۆمەڵگەی خۆماندا حزوورمان هەبێت و ئاگاداری هەموو گرفت و خەسڵەتەکانۆ کۆمەڵگەی خۆمان بین و بتوانین جیاوازییە هەرێمی و ناوچەییەکان بناسین، هەتا بتوانین بەرنامە و پرۆژەکانمان لەسەر بنەمای واقیعی کۆمەڵگەکەمان بێت.
  • چیرۆکی منداڵانی بێ‌‌سەرپەرەست لە ئێران چیرۆکی منداڵانی بێ‌‌سەرپەرەست لە ئێران
    سەرئەنجام دوای پڕۆسەی قانوونی، ماری و مێردەکەی پێکەوە لە ئافریقاڕا کچێک و کۆڕێکیان وەک منداڵی خۆیان وەرگرت. ئێستا ئەوان ١٤ ساڵ و ١٢ ساڵ تەمەنیانە و وەک هەر منداڵێکی دیکە دەچنە قوتابخانە و ژیانێکی باشیان هەیە.
  • خۆكوژی كۆتاییەكی تراژێدیك خۆكوژی كۆتاییەكی تراژێدیك
    دیاردەگەلێك كە بەربەستن لە بەردەم بەرزەفڕی مرۆڤ و وەك نەخۆشییەك خەون و ئارەزووەكانی مرۆڤ تووشی بەلاڕێداچوویی دەكەن و لە ئاكامدا ئەوە ئەو دیاردانەن كە زۆرجار زاڵ دەبن بەسەر مرۆڤدا. خۆكوژی یەكێك لەو دیاردانەیە كە ئەمڕۆ بەربینگی مرۆڤی گرتووە و بووەتە دیاردە لە نێو هەموو كۆمەڵگا مرۆییەكانی جیهاندا.
  • ڕاسان پرۆژەیەکی سیاسی نوێ لە خەباتی ڕۆژهەڵاتدا ڕاسان پرۆژەیەکی سیاسی نوێ لە خەباتی ڕۆژهەڵاتدا
    زۆربەی بزاڤە ڕزگاریخوازەکانی دنیا لە حاڵەتێکدا سەریان هەڵداوە، کە دیکتاتۆرەکان ویستوویانە لە ڕێگای ئامرازەکانی هێز و دەسەڵاتەوە ڕێککەوتنێکی مڵکەجبوون لە نێوان خۆیان و کۆمەڵگادا ساز بکەن و کۆمەڵگا ملکەجی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بکەن و ئەدەبیاتێک لە سەر کۆمەڵگا زاڵ بکەن کە لە ڕاستای دەسەڵاتی ئەواندا بێت و سەروەری ئەوانی تێدا گارانتی کرابێت.
  • دیپلۆماسیی درۆزنەی نێوخۆیی دیپلۆماسیی درۆزنەی نێوخۆیی
    کەوایە بەپێی وتەی بەرپرسانی ڕێژیم، خامنەیی ڕاستەوخۆ لە هەڵبژاردنی هەموو وەزیرەکانی رووحانیدا دەستی هەیە، ڕەنگە لێرەدا بگوترێ: "بۆخۆت بەخێر بێیتەوە، ئاگات لە کوێیە؟"
  • هەموو رێگاکان دەچنەوە کوردستان هەموو رێگاکان دەچنەوە کوردستان
    لە دوای ٥٧ و خۆسەپاندنی رێژیمی ئیسلامی بەسەر گشتایەتیی جوغرافیای ئێراندا، کوردستان بوو بە مەکۆی گشت لایەنە پەراوێزخراوەکان، ئەو رۆژانە زۆر لایەن بوون کە لە نیشتمانی کوردەکاندا داڵدە درابوون، حیزبە کوردییەکان بە سینگ ئاوەڵاییەوە وەریانگرتن.
  • سەهۆڵبەردان لە رۆژهەڵاتی ناویندا سەهۆڵبەردان لە رۆژهەڵاتی ناویندا
    پەرەئەستاندنی دێموکراسی و پتەوبوونی پەیوەندیی لە نێوان ئەمریکا، وڵاتانی ئەورووپی، ژاپۆن، کورەی باشوور و ئوسترالیا "بەراییەکی ئاشتی" (zone of peace) لێ کەوتووەتەوە. دێموکراسی هەروەها ڕای گشتی کردووەتە فاکتەری سنووردارکەر، هەڵبەت نەک ڕێگر، لە پەیوەندی لەگەڵ شەڕکردنی وڵاتانی دێموکراتیکدا.
  • زیندانیی سیاسی بوونی نییە زیندانیی سیاسی بوونی نییە
    لە وڵاتێکی ژێر دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری و فاشیستیدا، شتێک بە ناوی زیندانیی سیاسی ناتوانێ مانایەکی هەبێ و ئاماژەیەک بۆ شتێکی راستەقینە نابێ. لە راستیدا چەمکی زیندانیی سیاسی دەتوانێ چەمکێکی چەواشەکارانە و بەلاڕێدابەرانە بێ.
  • ئەحمەد شێربەگی: دوكتور سه‌عید پێی وابوو كه‌ هه‌ر به‌شێكی كوردستان ڕزگاری بێ، كارتێكه‌ری خۆی له‌سه‌ر به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان ده‌بێ ئەحمەد شێربەگی: دوكتور سه‌عید پێی وابوو كه‌ هه‌ر به‌شێكی كوردستان ڕزگاری بێ، كارتێكه‌ری خۆی له‌سه‌ر به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان ده‌بێ
    بە بۆنەی ٢٥ـەمین ساڵڕۆژی شەهیدانی بێرلین لە لایەن دیپلۆمات تێرۆریستانی نێردراوی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕۆژنامەی کوردستان ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتووێژێکی لەگەڵ "ئەحمەد شێربەگی" بێژەری بەناوبانگی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئیران پێک هێناوە کە دەقی ئەم وتووێژە بەم چەشنەیە:
  • شەرەفکەندی، قارەمان یا پاڵەوان؟ شەرەفکەندی، قارەمان یا پاڵەوان؟
    لە ڕاستیدا خودی وشەی "شۆڕش" (انقلاب) واتە گۆڕانێکی بنەڕەتی لە ناوەڕۆکدا؛ ئەوەش پێویستی بە هەندێک هۆکاری تایبەتی و گشتی هەیە کە هۆکارە تایبەتییەکە ئەوەیە سەرتاسەری شۆڕشەکانی مێژوو بە دەست کەسانی نوخبه و زانای کۆمەڵگای نێوخۆی خۆیان کراوە جا ئەم کەسانە لە هەر چین و توێژێکی کۆمەڵگا بن و بە هەر جۆرە بیرۆکەیەک.
  • کرماشان، لانکەی کولتوور و ژیاری مرۆیی لە کوردستان کرماشان، لانکەی کولتوور و ژیاری مرۆیی لە کوردستان
    لە ساڵانی ١٣٣٠ی (١٩٥٢ی زایینی) هەتاوی بەئەملا لەسەر دەستی كەسانێكی تر و نەوەیەكی تر شەپۆل و رەهەندێكی دیكە لە نووسین و داهێنانی ئەدەبی و بەتایبەت ژانری شیعر لە كرماشان و ئیلام سەر هەڵدەدەن و دەبنە ئاوێنەی باڵانوێنی كۆمەڵ و لەباری فەرهەنگییەوە پێشەنگایەتیی ئەو قۆناغە دەگرنە ئەستۆ.