کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە شاری بۆکان مانۆڕی نیزامی ئەنجام دا

17:26 - 1 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: لە شەقام و کۆڵانەکانی شاری بۆکان مانۆڕی نیزامی لەلایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیەوە ئەنجام درا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣١ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی له‌ شاری بۆكان مانۆڕی نیزامی له‌ لا‌یه‌ن سوپای پاسدارانه‌وه‌ له‌ شه‌قام و كۆڵانەکانی‌ و ده‌ورووبه‌ری شار به‌ڕێوه‌ چوو.

هەواڵنێری کوردستان میدیا ڕایگەیاند مەبەستی ڕێژیم لە ئەنجامدانی ئەم مانۆڕە تەنیا ترساندنی خە‌ڵكی ئەو شارە بووە‌؛ بەپێی ئەم هەواڵە بەهۆی ئەم مانۆڕە سەربازییەوە خه‌ڵكی شاری بۆكان تووشی كێشه‌ بوون و خەڵکی ئەو ناوچەیە ناچار کران کە شەقام و کۆڵانەکان چۆڵ بکەن.

ئه‌و مانۆڕه‌ دوو ڕۆژی خایاند و تێیدا چه‌كەکانی وەک ئارپیجی و دۆشكا‌ و قه‌ناسه‌ و خومپاره‌ ٦٠ نمایش کراوە و لە دەرەوەی شاریش تاقی كراوه‌ته‌وه.‌

ڕەوتی میلیتاریزەکردنی ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەردەوام لەلایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمەوە درێژەی هەبووە و بەرپرسانی سپای ئەو ڕێژیمە بەردەوام باس لە گرتن و ئەمنییەتی‌کردنی سنوورەکان دەکەن؛ لەم ڕاستایەشدا ڕێژیمی ئێران ماوەیەکە بە چڕی و بەربڵاوی مانۆڕی سەربازی بەڕێوە دەبات.

دوای جێگیربوونی هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕێژیم بەردەوام شار و ناوچە سنوورییەکان مێلیتاریزە دەکات.