کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ بڕیاری یەکلاکەرەوە لەسەر بەرجام دەدات

17:43 - 1 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ئامریکا لە ڕاستای دەرکردنی بڕیاری یەکلاکەرەوە لەسەر بەرجام تیمێکی نوێی بۆ هەڵسەنگاندنی بەرجام لە کۆشکی سپی دیاری کردووە.

بڵاڤۆکی ئامریکایی فارێن پالێسی بڵاوی کردۆتەوە دۆناڵد ترامپ تیمێکی نوێی لە کۆشکی سپی هەڵبژاردووە تاکوو پێداچوونەوە بەسەر بەرجامدا بکەن و بەڵگەکانی پێبەندنەبوونی کۆماری ئیسلامی بەم ڕێککەوتن نامەیە بخەنە ئیختیاری تاکوو لە ٩٠ ڕۆژی داهاتوودا ناوبراو بتوانێ بڕیاری یەکلاکەرەوە دەربکات.

بەرپرسایەتی ئەم تیمە پێشتر لە ئەستۆی رێکس تەیلێرسۆن وەزیری دەرەوەی ئامریکا بوو کە نەیتوانی هۆکاری بەڵگەمەند بۆ ئەم پرسە بدۆزێتەوە.

ماڵپەڕی کیهان لندن لە ڕاپۆرتێکدا لەمبارەوە ئاشکرای کردووە: سەرکۆماری ئامریکا ڕۆژی هەینی لە کۆشکی سپی ڕەخنەی لە وەزیری دەرەوەی کابینەکەی گرتووە کە نەیتوانیوە وەک پێویست لە سەر ئەم پرسە گرینگە کار بکات.

هەر لەم پیوەندییەدا سەرۆکی ڕێکخراوی زانیارییەکانی ئامریکا (سیا) مایک پەمپێئۆ وێڕای ترامپ وتوویەتی: کە دەبێ پرسی بەرجام یەکلایی بکرێتەوە و ئەم پەڵە ڕەشە لە مێژووی ئامریکا بسڕینەوە.

هەندێک لە کارناسانی کاروباری ئامریکا پێیان وایە ئەم ڕەوتە نوێیە دەتوانێ بەمانای کۆتایی هاتنی دیپلۆماسی ئامریکا بەرامبەر بە بەرجام و هاتنەوە کایەی پرسی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئێران بێت.

بەپێی هەواڵەکان ئەو کەسانەی کە لە تیمی نوێی کۆشکی سپیدا جێ دەگرن بریتین لە چەند ڕاوێژکاری پلەبەرزی شورای ئەمنیەتی ئامریکا کە دژی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامین.