کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕیاڵ ماڵئاوایی لە دنیای ئابووری کرد

17:50 - 2 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە دانیشتنێکی فەرمیدا بە سەرۆکایەتی حەسەن ڕوحانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران یەکەی ڕیاڵیان لابرد.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیران لە ‌هەواڵێکدا بڵاویان کردەوە کە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە دانیشتنێکی فەرمیدا بە سەرۆکایەتی حەسەن ڕوحانی سەرکۆماری ڕێژیم، بە فەرمی پارەی ڕیاڵیان لابرد و تمەنیان کردە پارەی فەرمی.

بەپێی ئەو گەڵاڵەیە ڕێژیم یەکەی پارەی تمەنی فەرمی کرد و بەرانبەر بە ١٠ ڕیاڵ ڕاگەیەندرا.

بەرپرسانی ڕێژیم ڕایانگەیاندووە کە بۆ بەرزكردنەوەی بەهای پارەی وڵاتەكەیان پارەی فەرمی ئەو وڵاتەیان لە ڕیاڵەوە کردە بە تمەن.

کێشەی ئابووری و داڕمانی ئابووری ڕێژیم بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانی سیستمی ئابووری ئەو وڵاتەی تووشی شەلەل کردووە.

بەرپرسانی ڕێژیم ئامانج لەو گەڵاڵەیان بۆ دابینکردنی ئەمنییەت، سڵامەت و سەرپێ بوونی سیستمی پارە و بانکی بەپێی یاسا و ڕێسا شەرعییەکان و پاراستنی قازانجەکانی ئەو کەسانەی پارە لە بانکەکان دادەنێن و هەروەها پێڕاگەیشتن بە سکاڵا و کارە نایاساییەکانی دامەزراوە ئیعتبارییەکان ڕاگەیاندووە.

مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو هەیئەتی دەوڵەتی یازدەیەمی ڕێژیم ڕایگەیاند، گەڵاڵەی پێشنیاری بانکی ناوەندی لەمەڕ لابردنی سفرێک لە دراوی ڕەسمی ئێرانی پەسند کرد و بەم پێیەش یەکەی دراوی ئێران بریتی دەبێت لەگەڵ ١ تمەن.

پاساوی بانکی ناوەندی بۆ ئەم گەڵاڵەیە بریتی بوو لە کۆنتڕۆڵی هەڵاوسانی هەوسارپچڕاوی ئێران و کەمبوونەوەی توانایی یەکەی دراوی ڕیاڵ کە لە ئێستادا کاری پێدەکرێت.

ئەم بڕیارە نوێیەی کابینەی یازدەیەم هەڵوێست و دژکردەوەی جۆراوجۆری کارناسانی ئابووری لێکەوتۆتەوە؛ بەشێک لە پشتیوانانی ئەم گەڵاڵەیە دەڵێن کەمکردنەوەی سفر لە دراوی میللی هیچ نەبێ تێچووی چاپی دراومان لە کۆڵ دەکاتەوە.

لەبەرامبەریشدا بەشێک لە کارناسانی ئابووری کە دژ بەم بڕیارەی دەوڵەت وەستاونەتەوە دەڵێن: بەسەرنجدان بە بارودۆخی نائاسایی و هەڵاوساوی ئابووری و سیاسی لە ئێران، جێبەجێ کردنی ئەم گەڵاڵەیە دەبێتە هۆی زیادبوونی ئاڵۆزییەکان و لەباتی قازانج، زیان بە ئابووری دەگەیەنێت.

یەکەمین جار پێشنیاری گۆڕینی ڕیاڵ بۆ تمەن لە سەردەمی مەحمود ئەحمەدی نژاددا هاتە ئاراوە.

ئەم گەڵاڵەیە لە کاتێکدا چاوەڕوانی جێبەجێ کردنە کە ناوی ئێران هاوتەنیشت لەگەڵ وڵاتانیکی وەک ڤێنزۆئێلا، ئۆکراین، قێرقیزستان، ئەرمەنستان و جامائیکا لە بیاڤی ئابووریدا جێی گرتووە.