کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یاد‌و بیرەوەریی شەهیدانی ٢٢ی پووشپەڕ لە فینلاند ڕێزی لێ گیرا

18:32 - 2 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمێكی تایبەت بە یادی شەهیدانی ٢٢ی پووشپەڕ لە وڵاتی فینلاند، بەڕێوە چوو.

رۆژی شەممە، ڕێكەوتی ٣١ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی ، كۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، بۆ ڕێزگرتن لە خەبات ‌و تێكۆشانی ڕێبەری مەزن ‌و ناوداری نەتەوەكەمان، دوكتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، سكرتێری گشتیی پێشووی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و كاك عەبدوڵڵا قادری ئازەر، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی حیزب‌ و بەرپرسی نوێنەرایەتیی حیزب لە دەرەوەی وڵات‌ هەروەها دوكتور فازڵ ڕەسووڵ، دۆستی حیزب، لە شاری توركو لە وڵاتی فینلاند، بە بەشداریی نوێنەرانی چەندین حیزب ‌و ڕێكخراوی سیاسی‌ و مەدەنی ‌و ئەندامان ‌و دۆستانی حیزب، ڕێوڕەسمێكی بەڕێوە برد.

سەرەتای رێوڕەسمەكە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب‌و پاشان چەند ساتێك بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدانی ٢٢ی پووشپەڕ‌و سەرجەم شەهیدانی كوردستان دەستی پێكرد.

پاشان پەیامی كۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات، لە لایەن عەلی مورادی به¬رپرسی کۆمیته¬ی گشتیی حیزبه¬وه پێشكەش كرا. لە پەیامی كۆمیتەی حیزبدا، وێڕای مەحكووم كردنی تێرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیمی ئاخووندیی ئێران، بێدەنگی لـێكردن‌ و ئازادكردنی تێرۆریستەكانیش لەلایەن دەوڵەتی ئەوكاتی ئۆتریشەوە، مەحكووم كرا؛ لە هەمان كاتدا پەیمانی درێژەدان‌و وەفاداری لەگەڵ رێبازی شەهیدانی ٢٢ی پووشەڕ‌و هەموو شەهیدانی كوردستان نوێ‌ كرایەوە.

لە بەشێكی دیكەی رێوڕەسمەكەدا، چەندین پەیام پێشكەش كران:

ـ پەیامی یەكیەتییەكانی ژنان، لاوان ‌و خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران
ـ پەیامی نوێنەرایەتیی پارتی دێموكراتی كوردستان
ـ پەیامی نوێنەرایەتیی یەكیەتیی نیشتمانیی كوردستان
ـ پەیامی نوێنەرایەتیی بزووتنەوەی گۆڕان
ـ پەیامی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكان لە فینلاند

لە بەشێكی دیكەی ئەم ڕێوڕەسمەدا، پەرویز ڕەحیم، مامۆستای زانكۆ، لە رێگای سكایپەوە بەشداری كرد ‌و بەم بۆنەوە چەند وتەیەكی پێشكەش كرد.

مامۆستا پەرویز رەحیم، وێڕای ئاوڕدانەوە لە كەسایەتیی شەهید دوكتور قاسملوو، ئاوڕێكی لە بیرۆكە ‌و بۆچوونەكانی دوكتور قاسملوو لەبارەی تێرۆریزم دایەوە. هەروەها بەڕێز دوكتور پەرویز، وێڕای ئاماژەدان بە كەسایەتیی بەرزی شەهید دوكتور قاسملوو، وتی: دوكتور قاسملوو كەسایەتییەكی جیهانییە كە نابێ‌ تەنیا وەك رێبەری حیزبی دێموكرات چاوی لـێ‌ بكرێ‌.

لە بەشێكی دیكەی ئەم رێوڕەسمەدا، تاهیر عەلیار، كەسایەتیی سیاسیی نەتەوەكەمان، بەم بۆنەوە باسێكی پێشكەش كرد.

عەلیار، لە وتەكانیدا ئاوڕی لە ژیان‌ و خەباتی سیاسیی شەهید دوكتور قاسملوو دایەوە‌ و ڕۆڵ ‌و كاریگەریی دوكتور قاسملووی لە قۆناخە جیاجیاكانی خەباتی حیزبی دێموكراتدا لێك دایەوە.

دوای وتەكانی تاهیر عەلیار، بەشدارانی رێوڕەسمەكە پرسیار‌و بۆچوونەكانی خۆیان دەربڕی ‌و دوكتور تاهیر وەڵامی پێویستی بە پرسیارەكان دایەوە.