کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی تۆڕی چەتری ڕێکخراوەکانی کۆیە سەردانی حیزبی دێموکراتیان کرد

18:38 - 2 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی تۆڕی چەتری ڕێکخراوەکانی کۆیە سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد.

پێش نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ۱ی گەڵاوێژی ۱۳۹٦ی هەتاوی هەیئەتێکی تۆڕی چەتری ڕێکخراوەکانی کۆیە بەسەرپەرەستیی هاوکار رەندیخانی سەرۆکی تۆڕی چەتری ڕێکخراوەکانی کۆیە سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لەلایەن هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستیی حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزب، پێشوازییان لێکرا.

لەو دیدارەدا سەرەتا ڕەندیخانی سپاس و پێزانینی خۆی پێشکەشی حیزب کرد و ڕا و سەرنج و هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکراتی بەرز نرخاند و باسی کار و چالاکییەکانی داهاتووی خۆیانی بەتایبەت لە سەر پرسی ڕێفراندۆم کرد؛ دواتر شەرەفی وێڕای بەرزنرخاندنی کار و چالاکییەکانی تۆڕی چەتر ئامادەیی حیزبی دێموکراتی بەتایبەت ڕێکخراوەکانی نزیک لە حیزبی بۆ پشتیوانی لەو ڕێکخراوە و کارەکانی ڕاگەیاند؛

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بەڕێز شەرەفی باسی لە چالاکییەکانی داهاتوویان لەبارەی پرسی ڕێفراندۆم کرد و وێڕای ڕێزدانان لە خواستی خوشک و براکانمان لە باشووری کوردستان پێشمەرجی سەرخستنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم لەم کاتە هەستیارەی بۆ یەکگرتووی هەمەلایەنە لە باشوری کوردستان زانی.

شایانی باسە لەم دیدارەدا بەرپرسانی ڕێکخراوەکانی ژنان و خوێندکارانی دێموکرات و ناوەندی نێرگز هاوڕێیەتی هەیئەتی حیزبیان کرد.