کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لەگەڵ ئەندام کۆنگرە تولسی گەببارد کۆبوویەوە

17:35 - 3 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا لەگەڵ ئەندام کۆنگرەی ئەم وڵاتە تولسی گەببارد کۆبووە.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی پووشپەڕی ساڵی١٣٩٦ی هەتاوی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا لەگەڵ ئەندام کۆنگرە تولسی گەببارد کۆبوویەوە.

لەم دانیشتنەدا کە لە نووسینگەی تایبەتیی ئەندام کۆنگرە گەببارد لە شاری واشینگتۆن بەڕێوەچوو نوێنەری حیزبی دێموکرات وێڕای باس لە ڕابردووی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، وتی کە کۆماری ئیسلامی خەریکە لە ڕێککەوتنە ناوکیەکە کەڵک وەردەگرێت بۆ ئەوەی پەرە بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە نێو وڵات بدات.

ئارەش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ئاماژە بە دوورکەوتنەوەی میدیا و ڕێکخراوەکان و دەوڵەتەکانی ڕۆژئاوایی لە بابەتی مافی مرۆڤ وتی: ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوا تەنیا باسێک کە لەبارەی ئێران دێتە ئاراوە باسی ڕێککەوتنە ناوکیەکەیە بۆیە کۆماری ئیسلامی دەزانێت لەم ساتەدا کەس گرینگی بە بابەتی مافی مرۆڤ نادات هەر بۆیە ئەو ڕێژیمە زیاتر لە پێشوو خەریکە بە میکانیزمی جیاواز کۆمەڵگا سەرکوت و سانسۆڕ دەکات.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئامریکا لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە گەلی کورد نزیک بە دوو سەدەیە کە بە چڕی خەباتی بۆ گەیشتن بە مافی چارەی خۆنووسینی دەست پێکردووە و تەنیا وەڵامێک کە وەری گرتووە سەرکوت بووە.

ئارەش ساڵح وتی ئەمڕۆ کە گەلانی تری ژێردەست لە ئێران گەیشتوونەتە ئاگایی نەتەوایەتی هەلێکی ڕاستەقینە لە بەردەم دێموکراسی لە ئێران دا هاتۆتە ئاراوە.

ئارەش ساڵح وتی ئێستا نەتەوە جیاوازەکان لە ئێران دا بە دابەش کردنی دەسەڵات لە سیستەمێکی فێدڕاڵ دەتوانن دێموکراسیێکی ڕاستەقینە پێک بێنن بۆ ئەوەی لەهەمان کاتدا هەردوو کێشەی مافی مرۆڤ لە ناوخۆ و بێ ڕێزی بە یاسا نێودەوڵەتییەکان لە دەرەوە لەلایەن وڵاتی ئێرانەوە کۆتایی پێ بێت.

ئارەش ساڵح گوتیشی ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوەییە و هەر گۆڕانێک بەبێ لەبەر چاوگرتنی ئەو ڕاستییە لە داهاتووی ئێران دا دەبێتە هۆی ئەوە کە ئەو وڵاتە چ لە ئاستی ناوخۆ و چ لە ئاستی دەرەوەدا هەمان هەڵسووکەوت بگرێتە بەر کە ئێستا هەیەتی بۆیە دامەزراندنی یەکجاری دێموکراسی لە ئێران و لە ناوچە پەیوەندیەکی زۆری بە لەبەر چاوگرتنی ئەو ڕاستییەوە هەیە.

ئەندام کۆنگرە تولسی گەببارد وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی و هاوخەمی بۆ ئەو هەموو پێشێلکارییانەی مافی مرۆڤ کە دەرحەق بە گەلی کورد دەکرێن وتی کە ئێمە پێمان وایە ئەو ڕێککەوتننامە باش بێت یان خراپ ئەنجام دراوە بەڵام ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە ئەو ڕێککەوتننامە وا لە ئێران نەکات کە ئیتر وا بزانێت دەتوانێت هەرکارێک بکات.

ئەندام کۆنگرە خاتوو گەببارد وتیشی: گرینگە کە ئێستا زیاتر لەسەر پرسی مافی مرۆڤ کار بکرێت و ئەو بابەتە بێتە ئاراوە بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی وا نەزانێت کە ئێمە ئەو پرسەمان لە بیرچۆتەوە.

لە کۆتاییدا هەردوولا جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە پەیوەندیەکانیان لەسەر ئەو بابەتە بەردەوام بێت و بتوانن پێکەوە زیاتر لەسەر پرسی مافی مرۆڤ کار بکەن.