کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەفغانستان: ڕێژیمی ئێران لە هەوڵی نائەمن کردنی ئەو وڵاتە دایە

22:35 - 3 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: شوڕای ویلایەتی غوری ئەفغانستان ڕێژیمی ئێرانی بەوە تاوانبار کرد کە ئەو ڕێژیمه لە هەوڵی نائەمن کردنی ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە دایە و دەیهەوێ بەنداوی سەلما لەناو ببات.

بەرپرسانی شوڕای ویلایەتی غوری ئەفغانستان ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی ڕایانگەیاند، ڕێژیمی ئێران بە پشتیوانی نیزامی و ماڵی گرووپی تێرۆریستیی تاڵبان هان دەدات بەنداوی سەلمای هەرات بتەقێنێتەوە.

فضل للحق احسان سەرۆکی شورای ویلایەتی غور باسی لەوە کردووە کە ڕێژیمی ئێران دەیهەوێ بە پشتیوانی کردن لە تاڵیبان بەنداوی سەلما لە ولسوالی چشتـی هەرات لە ناو ببات.

باڵویزخانەی ڕێژیمی ئێران لە کابۆل ئەو ئیدعایەی بەرپرسانی ئەفغانستانی رەت کردووەتەوە.

بەنداوی سەلما یەکێک لە گەورەترین بەنداوەکانی ئەفغانستانە کە بە تێچووی ٣٠٠ میلیۆن دۆلار بە هاوکاریی دەوڵەتی هێند دروست کرا.

پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران لە گرووپە تێرۆریستییەکان بەردەوام هەڵوێست و نیگەرانی وڵاتانی ناوچەکە و ڕۆژئاوای لێکەوتووەتەوە و تا ئێستا گەمارۆی ئابووری توند دژی ئەو ڕێژیمە بە هۆی پشتیوانیی ماڵی و نیزامی لە گرووپە تێرۆریستییەکان پەسند کراوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە بارەی تێرۆریزم بڵاوی کردەوە کە ڕێژیمی ئێران وەک هەمیشە یەکەم ڕێژیمی پشتیوانی تێرۆریزمە.

لەو ڕاپۆرتەدا کە باس لە تێرۆریزمی جیهانیی ساڵی ٢٠١٦ی زایینی دەکات، هاتووە کە ئەو ڕێژیمە لە ساڵی ڕابردوودا یەکەم ڕێژیم بووە بۆ پشتیوانی لە تێرۆریزم.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ڕێژیمی ئێران پشتیوانی لە گرووپەکانی دژی ئیسرائیل و باقی گرووپەکانی دیکە لە وڵاتانی عێراق، سووریە و یەمەن دەکات کە سەقامگیری ئەو وڵاتانەی تێک داوە.