کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوشکەنی ئامریکا تەقەی لە بەلەمێکی ڕێژیمی ئێران کرد

15:58 - 4 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: ناوشکەنێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ یەکەم جار لە ئاوەکانی کەنداو تەقەی لە بەلەمێکی سپای تێرۆریستی پاسداران کرد.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٣ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، ناوشکەنێکی هێزی دەریایی ئامریکا تەقەی لە بەلەمێکی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران کردووە و هۆشداری پێداوە.

هەواڵدەریی رویتێرز لە زاری بەرپرسێکی ئامریکاوە بڵاوی کردووەتەوە کە ئەو بەلەمەی سپای پاسداران بە مەوادی ١٣٧ میتر لەو ناوشکەنە نزیک بووەتەوە.

ئەو بەرپرسە ئامریکاییە هەروەها رایگەیاندووە کە ئێمە دوای ئەوە تەقەمان کرد کە ئەو بەلەمەی سپای پاسدارانی ڕێژیم وڵامی بێ سیمی نەدایەوە.

مانگی بانەمەڕی ئەمساڵیش، بەلەمێكی توندڕەوی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە ناوشکەنێکی ئامریکا لە ئاوەکانی کەنداو نزیک بووە و ئەوەش کاردانەوەی توندی بەرپرسانی ئامریکایی لێکەوتەوە.

ئەوە چەندمین جارە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بەلەمە توندڕەوکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران ئەم کردەوەیە دووپات دەکەنەوە.

هێزە دەریاییەکانی ئامریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کارەی ڕێژیم لە ئاوەکانی فلۆریدای ئەو وڵاتە، مانۆڕێکی تایبەتیان بە ناوی هەڵمەتی چەکوشی ئەنجام دا کە تێیدا شێوازەکانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بەلەمە خێرا و خۆکوژەکانی ڕێژیمی ئێرانیان پرۆڤە کرد.

لە مانگی ژانویەدا ناوێکی ئامریکایی لە گەرووی هۆرمۆز پاش ئەوەیکە هەستی بە مەترسی لەلایەن بەلەمەکانی سپای پاسدارانی ئێرانەوە کرد ٣ تیری هۆشداری تەقاند و ناچاری کردن ئەو شوێنە بەجێ بهێڵن.

لێپرسراوانی ئامریکایی لە مانگی سێپتامبردا ڕایانگەیاند؛ هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ درووست کردنی ئاڵۆزی لە ئاوەکانی کەنداودا بەردەوامە؛ بەلەمەکانی سپای پاسداران بەبێ هیچ هۆیەک و تەنیا بۆ قەڵسە گێڕان لە ناوە ئامریکاییەکان نیزیک دەبنەوە.