کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆناڵد ترامپ: \"حیزبوڵا\" مەترسییەکی ترسناک لە سەر ئاسایشی خەڵکی لوبنان و ناوچەیه

17:45 - 4 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: هێڵی سیاسی وڵاته یەکگرتووەکانی ئامریکا دوای هاتنی دۆناڵد ترامپ و پێکهێنانی دەوڵەتی نوێی ئامریکا به گشتی گۆڕا و تەرکیزی سەرەکی خۆی لەسەر لاوازکردنی حوزوری ئێران له رۆژهەڵاتی ناوراست دانا.

دۆناڵد ترامپ، سەرکۆماری وڵاته یەکگرتووەکانی ئامریکا، له کۆبوونەوەیەکی رۆژنامەوانی لەگەڵ سعدالحریری، سەرۆک وەزیرانی لوبنانی وتی: مێژوو سەلماندوویەتی که حیزبوڵا مەترسییەکی ترسناک و جیددی لەسەر ئاسایشی لوبنان و ناوچەیه.

ترامپ هەروەها وتی: من کەسێک نیم که تەنیا چاوەدێر بم و ئیزن بدەم که بشار ئەسەد بەو هەموو تاوانه که کردوویەتی خۆی دەرباز بکات.

دۆناڵد ترامپ له درێژەی وتەکانیدا رخنەی توندی له سیاسەتەکانی سەردەمی ئوباما گرتووە و ئەوی تاوانبار کردووە به ڕەچاوکردنی سیاسەتی هەڵه کە بووهتە هۆکاری پەرەگرتنی حوزوری ئێران لە سوریه و وتی: ئەگەر دەوڵەتی پێشووی ئامریکا له بەرانبەر تاوانەکانی بشار ئەسەد بێدەنگ نەدەبوو ئێستا روسیه و ئێران له سوریه رۆلێکیان نەدەبوو.

به پێی وتەی بەرپرسانی سەرەکی وزارەتی دەرەوەی ئامریکا، سیاسەتی ئەم وڵاته بەرانبەر به ئێران گۆڕاوه و له سەر گۆڕینی رێژیمی فاشیستی- ئائینی ئێران دامەزراوه. هەر لەم راستایەشدا رێکس تەیلێرسۆن وەزیری دەرەوەی ئامریکا له ئاخاوتنێکی تایبەت له ٢٤ی جۆزەردانی ١٣٩٦ رایگەیاند: سیاسەتی نوێی ئامریکا پاڵپشتی کردن له گروپگەلێکه که خوازیاری گۆڕینی رێژیمی ئێرانن و ئێمه سیاسەتمان لەسەر بنەمای لابردنی رێژیمی ئێران داناوه.