کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران نزمترین پلەی ئازادیی ئابووریی ناوچەی هەیە

17:33 - 5 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاند؛ بارودۆخی ئابووریمان گەلێک خراپە بەچەشنێک کە بەپێی پێوەرە ئابوورییەکان ئێمە لە نێو لاوازترین وڵاتانی جیهانین.

عەلی لاریجانی سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم لە کۆبوونەوەی هەیئەت ئۆمەنای زانکۆکانی زانستی پزیشکی ڕەخنەی لە دۆخی ئابووری وڵات گرت و ڕایگەیاندووە خراپی باری ئابووریمان ئەو کاتە ززیاتر دەردەکەوێت کە چاو بە ئامارەکاندا دەخشێنین بۆوێنە لە بواری ئازادیی ئابووریدا ئێران لەنێوان ٢٢ ولاتی ڕۆژهەڵاتی ناڤین پلەی کۆتایی هەیە و لەنێوان ١٨١ وڵاتی جیهاندا پلەی ١٤٧ی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە؛ یان لەباری بارودۆخی گشتی ئابورییەوە ئێران لە بواری گەشەی ناپاقژی نێوخۆیی لەنێو ٢٤ وڵاتی ناوچە وڵاتی دەیەمە و لەنێو ١٩١ وڵاتی جیهانیش پلەی ٨٤ی هەیە.

لاریجانی وتوویەتی: ئەم ئامارانە بەپێچەوانەی بەڵگەنامەکانی بەرجەوەنی گەشەی ئێران کە دەبوایە ئێران پلەی یەکەمی ناوچەی هەبوایە دەبینین کە بەردەوام وەپاش گەڕاوە و هیچ پێشکەوتنێکیش بە چاو نابیندرێت.

ئەم قسانەی لاریجانی لەکاتێکدایە کە باقر نەوبەخت چەند ڕۆژ پیش ئێستا باسی لە گەشەی ١١%ی ئابووریی ئێران لە ساڵی ڕابردوودا کردبوو.

سەرۆکی مەجلیسی کۆماری ئیسلامی هەروەها باسی لە دوایین ئامارەکانی پێوەندیدار بە پشکی ئێران لە سەرمایەدانانی دەرەکی کردووە و وتوویەتی: لە نێو ٢٤ وڵاتدا بۆ سەرمایەدانانی دەرەکی ئێران پلەی ٢٢ی هەیە؛ هەروەها لەبواری پشتیوانی لە سەرمایەدانەران ئێران پلەی ١٩ی لەنێو ٢٠ وڵاتی ناوچە و پلەی ١١٧ی لە نێو ١٣٨ وڵاتی جیهان هەیە کە ئەمانە جێگەی شەرمەزارییە.

ناوبراو لە درێژەی ئامارهێنانەوەکەیدا باسی لە ڕێژەی بێکاری کردووە و دەڵێ: ئێران لەباری بێکارییەوە لەنێو ١٠ وڵاتی ناوچە پلەی ٩ و لەنێو ١٠٥ وڵاتی جیهان پلەی ٩٠ی هەیە کە ئەمە جێگەی داخە.