کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تراکت و پوستێری تایبەت بە ٢٥ی گەلاوێژ بڵاو کرایەوە

23:45 - 10 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، تراکت و پووستێری تایبەت بە ٢٥ی گەلاوێژی، ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، تراکت و پووستێری تایبەت بە ٢٥ی گەلاوێژی بڵاو کردەوە.

٢٥ی گەڵاوێژی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، ٧٢ ساڵ بەسەر ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تێپەڕ دەبێت.

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ساڵانە لە ڕۆژی ٢٥ی گەڵاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ، چالاکیی تەبلیغی دەکەن و ئەو جێژنە گەورەیە پیرۆز دەکەن.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، ڕێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤ی هەتاوی، لەسەر بناغەی تەشكیلاتیی كۆمەڵەی ژیانەوەی كورد (ژ.ک) كە سێ ساڵ پێشتر پێكهاتبوو، دامەزرا.

پێكهاتنی حیزبی دێموكرات وەڵامدانەوە بە پێویستییەكی مێژوویی بوو، چونكە لەو سەردەمەدا هەست بە پێویستیی حیزبێكی دێموكرات و شۆرشگێر دەكرا كە بەرنامەیەكی روونی دێموكراتی هەبێ و بتوانێ‌ جووڵانەوەی رزگاریخوازانەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان رێبەری بكا و‌ ئەو بزووتنەوەیە بخاتە نێو رێبازێكی دێموكراتیک و پێشكەوتنخوازانە و پێوەندیی پتەو لەنێو بزووتنەوەی دێموكراتی ــ نەتەوەیی خەڵكی كوردستان و سەرانسەری ئێراندا پێک بێنێ‌ و هاوكات بۆ دامەزراندنی كیانێكی سیاسی بۆ كوردستانی ئێران هەوڵ بدا.

وێنەی تراکت و پووستێرەکانی تایبەت بە ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژ بە زاراوەکانی سۆرانی، هەورامی، کەلهۆڕی، کرمانجی و فارسی بڵاو کراوەتەوە.