کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوێکی تێگەیشتوو و بلیمەت کۆچی دوایی کرد

17:47 - 15 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: ئاسۆ نادری لاوی تێگەیشتووی کورد و هاوکارێکی وریای راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید بەهۆی نەخۆشی درێژماوە کۆچی دوایی کرد.

رۆژی ٥ی ئووتی ٢٠١٧، لە نەخۆشخانەیەک لە وڵاتی سوید ، لاوی تێگەیشتوو و بلیمەتی کورد ئاسۆ نادری بەهۆی نەخۆشییەکی درێژماوە کە چەند ساڵێک بوو ژیانی تووشی ئازار کردبوو کۆچی دوایی کرد. ئاسۆ نادری کوڕی ئیبراهیم نادری، لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و خاوەن رابردوو بوو کە سەرەڕای ئەندامەتیی چەند ساڵەی لە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتدا، خۆی وەکوو کەسێکی وریا و بلیمەت، بە تێکۆشانی بێوێنە خۆی پێگەیاندبوو و بەتایبەت لە بواری ئایتی و دیزاین و ئیدارەکردنی ماڵپەڕی ئینتێرنێتیدا خاوەن بیر و جێگا پەنجەی دیار بوو.

ئاسۆ نادری بۆ ماوەی چەند ساڵ هاوکاری نزیکی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو و بە شێوەی خۆبەخشانە کاری دیزاین و مودیریەتی ماڵپەڕەکانی حیزبی و بەتایبەت ماڵپەڕی ناوەندیی حیزب، کوردستان میدیای دەکرد.

لەو چەند ساڵەدا وێڕای نەخۆشی و ئازاری درێژماوە، بە شەو و بە ڕۆژ بەدەم راگەیاندنی حیزبەوە بوو و بە وریاییەوە کاری لەسەر ماڵپەڕەکانی حیزبی دێموکرات دەکرد.

بەداخەوە کاک ئاسۆ نادری رۆژی ٥ی ئووت دوای بەربەرەکانێی چەند ساڵە لەگەڵ نەخۆشیەکەی، چاوی لەسەریەک دانا و بۆ هەتاهەتایە ماڵئاوایی لێ کردین.

وەکوو کومیسیۆنی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی کۆچی ناوەختی لاوی وشیاری کورد کاک ئاسۆ نادریەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی و هەموو لاوانی پێگەیشتوو کە خەمخۆری خەباتی نەتەوەکەیانن دەکەین و هاوخەمیی خۆمان بۆ بنەماڵەی بەڕێزی دەردەبڕین. رۆحی شاد و نموونەی پێگەیشتووی و فیداکاری و تێگەیشتووی وەها لاوێکی خەباتکار فراوان بێ.