• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
١٨ی دێسامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٢٧ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی  

کوردی نوێنەر، نوێنەری کورد

زایینی: ٠٦-٠٨-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٥/١٥ - ٢١:٢٤ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
کوردی نوێنەر، نوێنەری کورد
د. ئیدریس ئەحمەدی

لەپێوەندی لەگەڵ پێکهێنانی کابینەی دووهەمی حەسەن ڕوحانی، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لە هاوینی ئەمساڵدا چەند ڕاگەیاندنێکی کوردی بابەتی "دیاریکردنی وەزیری کوردی سووننەیان" ورووژاند. لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ مالپەڕی "زەیتون"، سادق زیباکەلام، ئاکادێمیسییەنی فارس، پشتیوانی خۆی بۆ دیاریکردنی وەزیری ژن، کورد و هەروەها پەیڕەوانیی مەزهەبی سووننە لە کۆماری ئیسلامیدا، دەربڕی. هاوکات، زیباکەلام گومانی خۆی دەربڕی لەوەیکە ڕوحانی کارێکی وا بکات، بەڵام پێی وایە دواجار و لە ڕێگای گوشارهێنانەوە، ژن، کورد و پەیڕەوانیی مەزهەبی سووننە بتوانن بگەنە پۆستی وا لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا. لە کاتی نووسینی ئەم وتارەدا، دواهەواڵ لەو بارەوە ئەو بوو کە ڕوحانی یەکێک لە بەڵێنییەکانی خۆی شکاندووە و تەنیا باسی لەوە کردووە کە ڕەنگ بێ "کوردی سووننە" وەک جێگری وەزیر دیاری بکا.

لەگەڵ ئەوەیکە ورووژاندنی ئەم مەسەلەیە، کە لە تیۆری سیاسیدا وەک پرسی"نوێنەرایەتیی" ناسراوە، بە ڕواڵەت وەک کرانەوەیەک ڕوو بە کورد دێتە بەرچاو بەڵام دانانی کورد لە پۆستی وەزارەتدا، لە بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامیدا دەبێ.

راستییەکەی، وەزیری کوردمان لە ئێراندا هەیە. بیژەن نامدار زەنگەنە لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامییەوە وەک جێگری وەزیر، دواتر لە ساڵی ١٩٨٣ بە دواوە لە چەندین کابینەدا وەزیر بووە. هەڵبەت کوردبوونی ناوبراو کەمتر کراوە بە بابەتی تەبلیغات بۆ کۆماری ئیسلامی. رەنگ بێ کەسانێک هەبن ئەمە بۆ شیعەبوونی ناوبراو بگەڕێننەوە. هەڵبەت کەیسی زەنگەنە دەیسەلمێنێ کە؛ یەکەم، ناوبراو نوێنەرایەتی کورد ناکات؛ دووهەم، وەفاداری وی بە کۆماری ئیسلامییە، نەک بە گەلی کورد یان پەیڕەوانی مەزهەبی شیعە لە کوردستان؛ سێهەم و لە هەمووان گرینگتر، شیعەبوونی ناوبراو ئەوە ناگەیەنێ کە کۆماری ئیسلامی تەنیا کێشەی لەگەڵ "کوردی سووننەدا" هەیە، بەڵکوو لە بنەڕەتدا ئەوە دەسەلمێنێ کە کێشەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ گشت کورددایە، بە سوونی و شیعە و یارسانەوە. ئەگەر وا نەبایە، دۆزی "کوردی شیعە" دەبوا باشتر بوایە لە دۆزی باقی کوردەکان. کەوابوو، دیاریکردنی "کوردی سووننە" وەک وەزیر یان جێگری وەزیر نەک هێچ گۆڕانێک پێک ناهێنێ، بەڵکوو دەبێتە خۆراکی تەبلیغاتی بۆ کۆماری ئیسلامی.

هەروەک چۆن کۆماری ئیسلامی کەڵک لە هەڵبژاردن وەردەگرێ بۆ ئەوەی بڵێ پشتیوانیی خەڵکی کوردستانی هەیە، بە دیاریکردنی کوردی نوێنەر لە ئاست وەزارەتەکاندا، دەتوانێ لافی ئەوە لێ بدا کە لە ئێراندا، نوێنەری کورد بوونی هەیە. لە حاڵەتێکی وادا، بوونی کوردی نوێنەر بە شێوەیەکی دزێو نەبوونیی نوێنەری کورد دادەپۆشێ.

ڕاستییەکەی، تەنیا ئەو کەسانەی کە دەیانهەوێ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بگەن بە سازان، چ "رێفۆرمیست" بن یان "پراگماتیست"، خولیای ئەوەیان هەیە کە لە کۆماری ئیسلامیدا کورد بتوانێ نوێنەری هەبێ. نێوهاوێشتنی کوردی نوێنەر و هاوکات دەرهاوێشتنی نوێنەری کورد لە قەوارەی کۆماری ئیسلامیدا، دەرکەوتێکی کاتی و سنووردار نییە، بەڵکوو بێ ئەملاوئەولایە.

ئەمەش بەند نییە بە سیاسەتی ئەم باڵ یان ئەو باڵی کۆماری ئیسلامییەوە، یان ناکامڵبوونی پڕۆسەی "رێفۆرمەوە" یان ئەوەی "رێفۆرمیستەکان" لە ترسی "تووندڕەوەکان" نەوێرن خۆیان لە مەسەلەی کورد بدەن، بەڵکوو لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ جەوهەری ناسیۆنالیزمی فارس/ئێرانی. تاکوو ئەوکاتەی بەرژەوەندی نەتەوەی فارس پێناسە نەکرێتەوە و سیاسەتی نکۆڵی کردنی ناسنامەی نەتەوەیی و بەرژەوەندی نەتەوەیی کورد کۆتایی پێ نەهێندرێ، کورد لە فۆڕمی جیاوازدا هەر ژێردەست و چەوساوە دەمێنێتەوە. خۆ بە گۆڕانی ڕێژیم لە ئێران پاش شۆڕشی لە ساڵی ١٩٧٩، ستراتێژیی دەوڵەت بەرانبەر بە کورد نەگۆڕاوە.

لە گەڵ ئەوەش، ئەم مەسەلەیە دەبێ گرنگی پێ بدرێ. سەرباری بەکاربردنی هەڵبژاردن وەک کەرەستەیەکی تەبلیغاتی دژ بە بزووتنەوەی کورد، لەمەوبەدوا کۆماری ئیسلامی کوردی نوێنەریش دەکات بە کەرەستەی پڕوپاگەندە، بۆیە پێویستە ئەو سیاسەتە هەر لە ئێستاوە لەقاو بدرێ.

سەبارەت بە روخساربەندیی مەسەلەکە، دەربڕینێک وەک "وەزیریی کوردی سووننە"، کە لەلایەن هێندێک چالاکی سیاسی و رۆژنامەوانی کوردەوە بەکار دەبرێ، لە ڕاستای پاراستنی بەرژەوەندییە ناسیۆنالیستیی و تایەفەگەرییەکانی کۆماری ئیسلامیدایە. ئەمەش بە نۆرەی خۆی بە زەرەری بەرژەوەندییە نەتەوایەتییەکانی گەلی کوردە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زۆرینەی دانیشتوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەر بە مەزهەبی شیعە و سووننەن، کۆماری ئیسلامی بەردەوام کاری بۆ پێکهێنانی بۆشایی و ناکۆکیی لە نێوان کوردی سووننە و شیعەدا کردووە. گوتاری کۆماری ئیسلامی، تایەفەگەریی دەکات بە بنەما بۆ ناسنامەی کورد، لەکاتێکدا کورد هەر مەزهەبێکی بێ، لە بەر کوردبوونی لە ئێران دەچەوسێندرێتەوە.

گریمانەیەکی دیکەی جێگای پرسیار ئەوەیە کە ئایین بە سەر کوردستاندا زاڵ بێ، لە کاتێکدا دەزانین کە ڕەوتی زاڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کوردستان، هەم لە مێژوودا و هەم لە ئێستادا، لەگەڵ جیاکردنەوەی دین لە دەسەڵاتی سیاسی و هاوکات لەگەڵ ئازادی دینداران گونجاو بووە. ئەو کوردانەی بەو جۆرە مەسەلەکە روخساربەندی دەکەن، بە مەرجی گوتاریی کۆماری ئیسلامی دەجووڵنەوە.

هەڵبەت ڕەنگ بێ کەسانێک هەبن کە دیاریکردنی کورد وەک وەزیر یان جێگری وەزیر لە کۆماری ئیسلامیدا، دیسان وەک پێشکەوتنێک ببینن؛ بۆ نموونە، زیباکەلام نەبوونی وەزیری ژن، کورد و پەیڕەوانی مەزهەبی سووننە بە "کەمووکوڕییەکی مەدەنیی و نزم بوونیی ئاستی گەشەسەندنی سیاسی" لە کۆماری ئیسلامیدا لە قەڵەم دەدات. ناوبراو ئەو مەسەلەیە گرێ دەداتەوە بە گەشەسەندنی سیاسی لە کۆماری ئیسلامیدا، یان بە واتایەکی دیکە، دواکەوتوویی سیاسیی ئەو ڕێژیمە. زیباکەلام لەو پەیوەندییەدا هەم هۆکار و دەرکەوت تێکەڵ دەکات، هەمیش خۆی لە بابەتی نوێنەرایەتی، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەو مەسەلەوە هەیە کە ورووژاندویەتی، دەدزێتەوە.

نەبوونی ژن، کورد و پەیڕەوانیی مەزهەبی سووننە لە پۆستی وەزیردا دەکرێ ئاکامی دواکەوتوویی سیاسی کۆماری ئیسلامی بێ، بەڵام "گەشەسەندنی سیاسی" - کە ناوبراو نە پێناسەی دەکا و نە ڕادەکەیی بۆ مەبەستی دیاریکراو دیاری دەکا - لەخۆیدا نابێتە هۆی چارەسەرکردنی مەسەلەیەکی وا. ئەگەر سویس وەک نموونە بێنینەوە، پێش ئەوەی ببێ بە وڵاتێكی دێموکراتیک، لە لە چوارچێوەیی سیستەمێکی فێدراڵدا، مەسەلەی تایەفەیی و نەتەوایەتییان چارسەرکردووە، کەچی دانی مافی دەنگدان بە ژن لەو وڵاتەدا، تاکوو ساڵی ١٩٧١ی خایاند. وڵاتی واشمان هەیە کە لە ڕووی ئابوورییەوە گەشەی سەندووە، بۆ نموونە سەنگاپور، بەڵام دێموکراتیک نییە. یان ئەگەر خودی ئێران وەک نموونە بێنینیەوە، دەکرێ بڵێین ئێرانی سەردەمی شا لە کۆماری ئیسلامی "گەشەسەندووتر" بوو، چوونکە ئەو زوڵمەی کە ئێستا لە کۆماری ئیسلامیدا لە ژن دەکرێ، ئەوکات بە بەراوەرد لەگەڵ ئێستا کەمتر بووە.

هەڵبەت وەک پێشتر ئاماژەی پێدرا، ستراتێژی دەوڵەتی ئێران و نەتەوەی فارس بەرانبەر بە نەتەوەی کورد، بە گۆڕینی ڕێژیم نەگۆڕدراوە، بەڵکوو هەر لە جێی خۆیەتی. لەلایەکی دیکەوە، ئەگەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن بکرێ بە پێوەر بۆ "گەشەسەندنی سیاسیی"، ئەوجا دەبێ بڵێین کۆماری ئیسلامی "گەشەسەندووترە" لە ئێرانی پاشایەتی. ئەم تێبینییانە نیشانی دەدەن کە "گەشەسەندنی سیاسی" لە پەیوەندیی لەگەڵ ئەو مەسەلەیەدا، باسی جیدی هەڵدەگرێ و ناکرێ بکرێ بە بنەما، نە لەڕووی تیۆرییەوە و نە لەڕووی سیاسییەوە، بۆ چارەسەرکردنی. تەوەری نوێنەرایەتی، بنەمایەکی باشترە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو مەسەلەیە و لەقاودانی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی.

لە تیۆری سیاسی و زانستی سیاسیدا، خاڵی دەسپێکی ئەو باسانەی کە لەسەر نوێنەرایەتیی دەکرێن، جیاکارییەکە کە "هانا پیتکین" لە بەرهەمێکی گرنگدا لە ساڵی ١٩٦٧، هێنایە ئاراوە. پیتکین چوار جۆر لە نوێنەرایەتیی لێک جیا دەکاتەوە؛ نوێنەرایەتی فەرمی، نوێنەرایەتی پێکهاتەیی (descriptive representation)، نوێنەرایەتی جەوهەری (substantial representation) و نوێنەرایەتی هێمایی یان سیمبۆلیک.

جۆری یەکەمیان پەیوەستە بە بنەما دەستووری و دامەزراوەییەکانی نوێنەرایەتی لە هەر سیستەمێکی سیاسی دیاریکراودا. لە کۆماری ئیسلامیدا، دەستوور و دامەزراوەکان نەک تەنیا بەشێوەیەکی سیستەماتیک زۆرینەی دانیشتوانی ئێران - ژنان، گەلی کورد، ئازەربایجانی، بەلووچ، عەرەب، تورکەمەن و پەیڕەوانی مەزهەبیی سووننە - دەردەهاوێژن، بەڵکوو دەسەڵاتیان لە دەستی وەلی فەقیهدا کۆکردووەتەوە.

بەو بۆنەوە، لەو سیستمەدا، دامەزراوە کۆمارییەکان ڕووکەشن تاکوو واقیعی بن. کەوابوو، لە پلەی یەکەمدا، نوێنەرایەتی گەلێک وەک گەلی کورد یان ژنان لە ئێراندا، لەگەڵ بەربەستی دەستووری و دامەزراوەیی ڕووبەڕوو دەبێتەوە.

لە پەیوەندی لەگەڵ جۆری دووهەمیان، واتە نوێنەرایەتی پێکهاتەیی، دەکرێ ئاوا شی بکرێتەوە کە ئایا ڕادەی نوێنەری توێژێکی دیاریکراوی کۆمەڵگا لە پارلمان یان لە حکومەتدا، بەڕێژەی پشکی خۆیەتی لە دانیشتوانی وڵات یان نا؟ بەو پێیە، جێگای ئاماژەیە کە لە ئێراندا، نوێنەرایەتیی ژنان، کورد و باقی نەتەوەکانی دیکەی غەیرەفارس و هەروەها پەیڕەوانی مەزهەبی سووننە، لە مەجلیس و دامەزراوەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی و لە حکوومەتدا، یەکجار کەمە یان هەر نییە. ئەمەش دەگەڕێتەوە سەر بەربەستە دەستووریی و دامەزراوەییەکان لە شکڵی نوێنەرایەتیی فەرمیدا، کە بەنۆرەی خۆی ڕەنگدانەوەی پێناسەی باوە لە بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی فارس و لە تایفەگەرایی کۆماری ئیسلامیدا.

بە بۆچوونی هانا پیتکین، گرینگترین شێوە لە نوێنەرایەتیی، نوێنەرایەتیی جەوهەرییە، چوونکە ئەگەر بێتو، بۆ نموونە، پەسەندکردنی قانوون لە پەرلەمان یان سیاسەتەکانی حکوومەت لە وڵاتێکی دیاریکرداودا لە بەرژەوەندیی ژنانی ئەو وڵاتەدا بێ، ئەوا لە نوێنەرایەتی لە شکڵی پێکهاتەییدا گرنگترە. دەکرێ توێژێک لە کۆمەڵگا لە ڕووی پێکهاتەییەوە نوێنەرایەتی بکرێ لە پەرلەمان و حکوومەتدا، بەڵام ئەگەر نوێنەرانی نەتوانن یان ڕێگایان پێ نەدرێ کار بکەن بۆ دانانی قانوون و سیاسەت بە پێی بەرژەوەندی ئەو توێژە، ئەوا سنوورداربوون یان تەنانەت بێ سوودبوونی ئەو شێوە لە نوێنەرایەتی ڕوونە.

لاوزترین یان تەنانەت خراپترین شێوە لە نوێنەرایەتی دەتوانێ لە شکڵی هێماییدا بێ. بۆ نموونە، لە وڵاتانی فرەنەتەوەدا، دەکرێ ئاڵای وڵات ڕەنگدانەوەی هێمای ئەو نەتەوانە بێ کە لە چوارچێوەی وڵاتدا دەژین، بەڵام هەروها دەکرێ ئەندام پەرلەمان یان وەزیرێک بگرێتەوە کە بە شێوەی هێمایی نوێنەرایەتی توێژی خۆی یان خۆیان دەکەن. لە نموونەی ئاڵا لە وڵاتی فرەنەتەوە بەدەر، کە نموونەیەکی ئەرێنییە، نوێنەرایەتیی لە شکڵی هێماییدا دەتوانێ بەکارببردرێ بۆ داپۆشانی نایەکسانی سیاسیی، پەیوەندی باڵادەست و ژێردەست، یان ئەوەی بکرێ بە خۆراکی تەبلیغات بۆ خۆدزینەوە لە دابینکردنی نوێنەرایەتی پێکهاتەیی و جەوهەری.

وردبوونەوە لە پێشنیارەکەی زیباکەلام نیشانی دەدا کە ناوبراو لە گەڵ ئەوەی خۆی لە باسی نوێنەرایەتیی دەدزێتەوە، بەڵام خوازیاریی نوێنەرایەتی هێماییە بۆ ژنان، کورد و سووننە لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا. هاوکات نوێنەرایەتی پێکهاتەیی رەت دەکاتەوە و لەو بارەوە دەبێژێ: "من ناڵێم چوونکە ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و پەیڕەوانی مەزهەبی سووننە و کوردەکان دەنگیان بە ڕوحانی داوە، کەوابوو دەبێ لە حکوومەتدا پشکیان هەبێ، بەڵکو نەبوونی حزووری ئەم توێژانە لە وەزارەتەکانی حکوومەتی ڕوحانیدا، دەرخەریی کەمووکۆڕییەکی مەدەنی و نزمبوونی ئاستی گەشەی سیاسییە."

کەوابوو، تەنانەت کەسێک وەک زیباکەلامیش، کە لە حکوومەتدا نییە، ڕوانگەیەکی ئامرازیی بۆ مەسەلەکەیە هەیە و پێشنیارەکەی دواجار بێجگە لە نوێنەرایەتیی هێمایی، کە ئەویش بە قازانجی کۆماری ئیسلامییە، هێچی دیکە لە خۆ ناگرێ. سەرباری ئەو تەزادانەی کە لە سەرەوە باس کران، ناکۆکییەکی دیکەی پێشنیارەکەی زیباکەلام لەوەدایە کە دان بەوەدا دەنێ لە کۆماری ئیسلامیدا کورد "زووڵمی ساختاریی" لێ دەکرێ، کە چی خۆی لە نوێنەرایەتی پێکهاتەیی و جەوهەریی نادا.

ئەگەر کورد بیەوێت لە ئێراندا نوێنەرایەتی بۆ خۆی مسۆگەر بکا، دەبێ تێبکۆشێ بۆ نوێنەرایەتی پێکهاتەیی و جەوهەریی. ئەوەش پێویست بە زەمینەی لەبارە لە ئاست نوێنەرایەتیی فەرمیدا، کە بە نۆرەی خۆی پێویستی بە گۆڕینی ڕێژیم و کۆتایی هێنان بە نکۆڵیکردنی ناسنامەی نەتەوەیی و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کوردە. بۆ ئەوەی کورد و باقی نەتەوە غەیرەفارسەکان لە ئێراندا نوێنەرایەتیی جەوهەریی بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن، پێویست بە جێکەوتنی سیستەمێکی فێدراڵی دێموکراتیکی فرەنەتەوە دەکا.

تاکوو ئەوکات، گرنگە کورد یارەمەتیدەری کۆماری ئیسلامی نەبێ بۆ ئەوەی لە ڕێگای کوردی نوێنەرەوە، غایبوونی نوێنەری کورد بشارێتەوە یان ئەوەی خەڵکی نێوخۆ و دەرەوەی ئێرانی پێ فریو بدا.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٤ لەم ژمارەیەدا:

ــ قاسملوو، پرسی ژن و ڕاسان
ــ ڕاسان و پێشمەرگە
ــ ڕێبەڕیی لێبڕاو و هێزی پێشمەرگەی کاریگەر زامنی سەرکەوتنن
ــ بورجی بابل
  • مەرگی نووسەر مەرگی نووسەر
    ئه‌وه‌ ده‌زانین ده‌ق، بە تەنیا بە دێڕێک ناڵێن کە لە لێزگەیەک وشە پێکهاتبێ که‌ واتایه‌کی ئاسمانی ("په‌یام"ی نووسەر-خودا)ی لێوه‌ده‌رچێ؛ به‌ڵکوو که‌شایه‌کی فره‌رەهەندە،‌ له‌ کۆمه‌ڵه‌ نووسینێکی جۆراوجۆردا، که‌ هیچ کامیان خاوەن رەسەنایەتی نین، له‌وێدا تێکه‌ڵ به‌ یه‌ک ده‌بن و له‌یه‌ک ده‌نگوێن.
  • سامانی وڵات بۆ تیرۆریستان، وێرانی و دواکەوتوویی بۆ کوردستان سامانی وڵات بۆ تیرۆریستان، وێرانی و دواکەوتوویی بۆ کوردستان
    ئێستا دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر لە ڕووداوەکە، خەڵکی ناوچەکە لە زۆر ڕووەوە لە ژێر گوشاردان و سەرمای زستان و باران لەلایەک، نەبوونی خانوو یان تەنانەت لە هەندێک شوێن خێوەتیش لەلایەکی‌تر خەڵکی نیگەران کردووە.
  • راسان و پێشمەرگە راسان و پێشمەرگە
    لە راساندا گۆڕەپانی خەبات ئەوەندە بەرفراوان بووە كە دەرفەتی بۆ یەك بە یەكی ئەندامانی كۆمەڵگا رەخساندووە تاکوو بەپێی شوێن و رێگەی خۆی هەنگاو بنێت و هیچ جیاوازییەك لە بواری ئەرك و جێبەجێ كردنەوە بوونی نییە، تەنیا ئەوە پێویستە ئەو كردارە لە خزمەتی رزگاركردنی نەتەوەدا بێت.
  • بوومەلەرزەی ڕۆژهەڵات و پێکدادان لە نێوان ناسیۆنالیزمی ئێرانی و کوردیدا بوومەلەرزەی ڕۆژهەڵات و پێکدادان لە نێوان ناسیۆنالیزمی ئێرانی و کوردیدا
    هەموو لایەک دەبێ باش بزانن کە شارستانیەت و کولتوور شتی دینامیکن و لە رەوتی مێژوودا دەتوانن تووشی ئاڵوگۆڕ بن، بەرز بن یان لەنێوبچن.
  • زەمەن تێدەپەڕێ و لێقەوماوانی کرماشان هێشتا بێ‌ماڵ و حاڵن زەمەن تێدەپەڕێ و لێقەوماوانی کرماشان هێشتا بێ‌ماڵ و حاڵن
    دوایین ڕاپۆرتە پێوەندیدارکان بە بارودۆخی ژیان پاش بوومەلەرزەی ٢١ی خەزەڵوەر لە پارێزگای کرماشان کە زۆرتر له ١٠هزار کوژرا و بریندا لێکەوتەوە، دەری دەخات کە سەرباری تێپەڕینی زۆرتر له سێ هەفته بەسەر ئەم تراژێدیا، هێشتا هیچ هەنگاوێکی شوێندانەر بۆ ساڕێژکردنەوەی برینی زامداران هەڵنەگیراوە.
  • کارەساتی بومەلەرزه لە کرماشان و بێخەمیی ڕێژیم کارەساتی بومەلەرزه لە کرماشان و بێخەمیی ڕێژیم
    ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەشێکی کەم لە ماڵە ڕووخاوەکان پشکێندراون و ئاماری بی سەروشوێنەکان هێشتا دیار نییە و مەزەندە دەکرێ کە ئاماری کوژراو و بریندارەکان زۆرتر بێت.
  • قاسملوو، پرسی ژن و ڕاسان قاسملوو، پرسی ژن و ڕاسان
    لە ئاخاوتنێکدا لە ٨ی مارسی ١٩٨٩ی زایینیدا، دوکتور قاسملوو پێداگری لەسەر ئەوە دەکا کە "خەبات بۆ ئەوەی ژن مافی خۆی وەربگرێ، بە هیچ شێوەیەک جودا نییە لە خەباتی میلەتەکەمان بۆ دێموکراسی و خودموختاری."
  • یاسا هەڵاواردەکان ساڵانە میلیاردها دۆلار زیان بە رۆژهەڵاتی ناوەراست دەگەیەنن یاسا هەڵاواردەکان ساڵانە میلیاردها دۆلار زیان بە رۆژهەڵاتی ناوەراست دەگەیەنن
    چونکە تا کاتێک ژنانی عەرەبستان بتوانن بە بێ مۆڵەتی پیاوی بنەماڵە – باوک، هاوسەر، جاری وایە تەنانەت کوڕەکەی خۆی – کار بکەن، بڕۆنە سەفەر، کاروباری یاسایی ئەنجام بدەن و بەشێوەیەکی دیکە بەشداری لە ژیانی کۆمەڵایەتی بکەن، وڵات ناتوانێ هەست بە هێزی ئابووری نیوەی دیکەی کۆمەڵگا بکات.
  • ئێرە ڕۆژهەڵاتە بە کاتی کرماشان ئێرە ڕۆژهەڵاتە بە کاتی کرماشان
    لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەردەوام باس له نەبوونی خزمەتگوزاری و گوێنەدانی بەرپرسانی ڕێژیم لەو بارەیەوە کراوە بەچەشنێک کە نەتەنیا یارمەتی بە خەڵک نادەن بەڵکوو تەنیا بۆ سەیر و سیاحەت دەچنە شوێنی بوومەلەرزەکە؛ ئەو باسەش لە ڕاگەیەندنەکانی ڕێژیم لەوانەش "ایرنا" و "ایسنا" بڵاو بووەتەوە هەروەها هەندێک لە ڕۆژنامەکانی ڕێژیم وەک "ابتکار" بە تیتری گەورە نووسیان "تور زلزلە گردی!" .
  • ئاو، کۆڵەکەی ستراتیژی داهاتووی کوردستان ئاو، کۆڵەکەی ستراتیژی داهاتووی کوردستان
    واتای دووهەم: ئەو ڕێژە ئاوە، بۆ وەدیهێنانی خواست و ویستی کۆماری ئیسلامی زۆر کەمە، واتە ژینگە گەورەترین بەربەستی سەر ڕێی کۆماری ئیسلامییە بۆ وەدیهێنانی خەونەکانی.
  • ڕێبەڕیی لێبڕاو و هێزی پێشمەرگەی کاریگەر زامنی سەرکەوتنن ڕێبەڕیی لێبڕاو و هێزی پێشمەرگەی کاریگەر زامنی سەرکەوتنن
    شەڕی داگیرکەرانی کوردستان بەرامبەر بە نەتەوەی کورد بە گشتی و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەتایبەتی، تەنیا بە ڕوبەڕووبوونەوەی نیزامی نەبەستراوەتەوە بەڵکوو دوژمن لە ڕێگای جیاجیا و یەک لەوان پڕوپاگەندەی بێبنەما بەردەوام هەوڵ دەدات پرش و بڵاوی لە نێو ماڵی کوردان دروست بکات تاکوو بەمشێوەیە زیاتر بتوانێت بە ئامانجە گڵاوەکانی بگات.
  • بورجی بابل بورجی بابل
    رووداوە کۆنە مێژووییەکان و تەنانەت ئوستوورەکانیش دەڵێن بۆ ئەوەیکە کۆمەڵگایەک لاواز بکەی تاکوو خۆی بەرەو پووکانەوە بڕوا، باشتر وایە کە ئاژاوەی تێ بخەی و خۆیان بە خۆیانەوە سەرقاڵ بکەی تاکوو هەم گرفتە سەرەکییەکە لەیاد بکەن و هەم تەنیا بە نێوخۆیانەوە خەریک بن و خۆیان ببنە هۆکاری داڕزاندنی خۆیان.
  • عەلی ئەشرەف مورادی: ئەو ڕێژیمە، کارەساتەکانیش بە دەرفەتێک بۆ سەرکوت، چەوساندنەوە و تۆڵەئەستاندنەوە لەو گەلە مافخوازە دەزانێ عەلی ئەشرەف مورادی: ئەو ڕێژیمە، کارەساتەکانیش بە دەرفەتێک بۆ سەرکوت، چەوساندنەوە و تۆڵەئەستاندنەوە لەو گەلە مافخوازە دەزانێ
    لە پێوەندی لەگەڵ زەویلەرزەی پارێزگای کرماشاندا، بەرێزعەلی ئەشرەف مەجیدی، ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وڵامی چەند پرسیارێکی ڕۆژنامەی کوردستانی داوەتەوە کە سەرنجتانی بۆ ڕادەکێشین:
  • دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک
    بەڵام وتووێژ و کارکردن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە هەندێک بابەت دا زۆر جیاوازییەکی لەگەڵ قسەکردن لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دا نییە بەڵکوو لەوانەشە خەساری زۆرتر بێت؛ بۆیە لە پێوەندی لەگەڵ ئەو نزیک‌بوونەوە پێویستە چەند خاڵ بەم شێوەی خوارەوە لە بیر نەکرێن.