• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٠ی ئوتی ٢٠١٧ی زایینی - ٢٩ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی  

پیلانی دابڕان لە زمانی کوردی پووچەڵە!

زایینی: ٠٦-٠٨-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٥/١٥ - ٢١:٣٦ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
پیلانی دابڕان لە زمانی کوردی پووچەڵە!
ئاوات ساروج

زمانی کوردی وەک یەکێک لە دەوڵەمەندترین زمانەکانی رۆژهەڵاتی ناوین، لە بواری زمانەوانییەوە لە ریزی کۆنترین زمانەکانی ئەم ناوچەیە دەبیندرێت کە زمانی ئاخاوتنی نزیک بە ٥٠ ملیۆن کەسە و پێشینەی کۆن و کەونارای لە مزۆپۆتامیادا هەیە. زمانێک بە شێوەزارە رەنگاورەنگە پڕ وشە و پیتە زارەکییەکان کە بۆ نووسین، رەنگ، شێوە و جوانییەکی بەرچاو بە ئەدەبیات و دیالێکتی ئاخاوتنانی ئەدات.

لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا زیاتر رەنگاورەنگی و بەرفراوانی ئەم شێوەزارانە بەرچاو دەکەوێت کە رەنگە لە پارچەکانی دیکەی کوردستان ئاوەها نەبێت.

ئەگەر بۆ زمانی کوردی و بگرە هەر شێوەزارێک هەتا رێژەی ئاخێوەرانی ئەم زمانە هەژمار نەکرێن زۆر ئاساییە بەڵام بەرفراوانی و دەوڵەمەندی وشە و تەنانەت پیتیش لە زۆربەی شێوەزارەکان، رێژەی ئاخێوەرانی ئەو شێوەزارەشی تیپەڕاندووە و خۆی لە زۆر بوون و دەوڵەمەندی وشە و پڕمانا و فۆنۆتیک و بگرە مانادارکردنی دەستەواژەکان وای کردووە کە ئەو شێوەزارە لە دەوڵەمەندی زمانی کوردی زیاتر خۆی بنوێنێ و بۆ چوارچێوە و روو لە زیاد بوونی وشە ئەدەبی و بە نرخەکان لە کێبڕکێیەکی بەهێز و گران لە شێوە زارێکی دیکەی کوردی پیشان بدرێت. لێرەدا دەچمە سەر باسی شێوەزارێک لە زمانی کوردی کە رەنگە کەمتر بۆ بواری زمانەوانی و ئەدەب و نووسینی کوردی بایەخی پێدرابێت بەڵام ئەو کاتە کە ئاخێوەر، دیالێکت، نووسین، نۆرم، فۆرم و فۆنەتیکی ئەم شێوەزارە دەبیندرێت نرخی ئەدەبی و دەنگ و سازی وشەی شێوەزاری لەکی چەندە بەرفراوان بێت خۆی لە قەرەی دەوڵەمەندی زمانێک وەک کوردی ئەدات هەتا بە بەرفراوانی زوانی کوردیش رەنگینییەکی دیارئەدات کە هێشتا ستاندارد نەبووە و خاوەنی فەرهەنگ سەرا و چوارچێوەی دیاریکراو نییە و ئەوەش وا دەکات کە نەیاری ئەم زمانە رۆژبەرۆژ زیاتر دەرفەت بۆ لە نێوبردن و وردکردنی ببینێتەوە!

وەک دەسەڵاتی زمانی فارسی و ستاندارد بوونی ئەم زمانە، شەڕی لە نێوبردنی زوانی دیکە لە ژێر سێبەری تەک زمانی و فەرمی بوونی تاکە زمانێک (فارسی) کە خۆی پڕ لە وشەی بێگانە و ناتەواو لە بواری دەوڵەمەند بوونی زمانیدایە هەوڵ و تەقەلای بۆ پاکتاو کردنی زمانی دیکە کە لای لایەنگرانی زمانی فەرمی وڵاتێکی وەک ئێران بە شێوە زاری خۆجێیی (بوومی) ناودێڕ کراوه و تا ئێستاش بی ئاکام ماوە. ئەم هەوڵە ساڵانیکی دوور و درێژە بەردەوامە و دیارە بێ بەرهەم و نەزوک دەمێنێت! بۆ؟

چوونکە شێوەزاری لەکی هەر لە چوارچێوە و ئستراکچێری زمانی کوردی دا بەئاشکرایی خۆی دەنوێنێ و شێوەی ئاخاوتن وەک فۆنۆتیک و بگرە دیالێکتیکیش بۆ بێژە کردن ناتوانێت خۆی بە زمانێکی غەیری کوردی نزیک بکاتەوە. وشەکانی شێوەزاری لەکی لە لایەن زۆرینەی ئاخێوەرانی ئەم شێوەزارە لە جوگرافیایەکی دیاریکراو وەک پارێزگای کرماشان، ئیلام و بەشێکی زۆر لە لوڕستان هەتا خۆڕەم‌ئاوا و نوورئاباد و هەروەها بەشێک لە پارێزگای هەمەدان وەک ئەسەدئاباد، نەهاوەند و تویسرکان کە بە لەک‌نشین ناسراون و زۆر جیگەی جیاواز و پرش و بڵاوی دیکه، هەر لە چوارچێوەی زمانی کوردی بێژە دەکرێت و تەنانەت پیتەکانی ئەم شێوەزارە لە فۆنۆتیک و گوتاردا ناتوانن لە بواری ئاوایی و هەتا مانا و هاوتادا لە زمانێکی وەک فارسی خۆیان ببیننەوە. لە زماندا ئەو کات پیت، وشە، زار و بن‌زار خۆی لە زمانێکی دیاری‌کراودا ببینێتەوە دیتر دەرفەتی لابردن و ورد کردنی ئەو شێوەزارە زۆر ئاستەمە کە پیلانی لە پێشداداڕێژراویش بۆی هەوڵ بدات کە بۆ خۆی ببات یان خاونداریەتی لە بڕین و دورخستنەوەی لە زمانی دایک بکات. زمانی دایکی لە کوردیدا شێوەزارە دوور و نزیک لە یەکەکانە کە لێرە شێوەزاری لەکی زیاتر بە هەورامی، گۆرانی و بگرە کرمانجی نزیک دەبێت کە دوور لە ناسینی ستاندارد بوون یان زانستی بوونی زمانێک، هەر بە ئاشکرایی لە گوتار، دیالێکت و شێوەی بێژەکردنی ئاخێوەررانی بە دەرئەکەوێت کە سەر بە چ زمان و ساختارێک بێت.
فکریەتی پان ئیرانیستی- فارسیزم و ئاسمیلەگەری رێژیمی ناوەندگەرای ئێران لە سێ قۆناغی جیاجیای فەرهەنگ سەرای خۆی هەموو هەوڵ و تەقەلای ئەوە بووە کە یەک بە یەکی زمانەکانی نێو ئێران ورد بکات و بە بچووک کردنەوەیان هەوڵی زەق کردنەوه و گەورە نیشان دانی زمانی فارسی بدات و لە لایەکی دیکەشەوە هەتا ئیمکانی هەبێت پیلانی نگریسی دژە زمان و فەرهەنگی نەتەوەکانی بندەستی ئێران بخزێنێتە نێو شێوەزارەکان و هەوڵی دووبەرەکی و جیاکردنەوەیان بدات کەچی لە گەورە شارێکی وەک کرماشان بە هەموو رەنگاورەنگی شێوەزارە کوردییەکانەوە پیلانڕێژانی فارسیستی ناوەندگەرا، بە دروست کردنی زمانی دەستکرد و بازاڕیی ''فارسی کرماشانی'' کە ئەوەش لە هیچ قامووسی زمانیدا چوارچێوە و جێگە و پێگەی نییە، تەقەلای لەنێوبردنی شێوەزارەکانی داوە و بە وردکردنی وشە جوانەکانی زمانی کوردی و فارسیزمە کردنیان، سەرنەکەوتوون و ئێستاش بە پیلانی جیاکردنەوەی شێوەزاری رەنگینی لەکی لە زمانی کوردیدا خوازیارن وەک زمانێکی جودا پێناسەی بۆ بکەن کەچی هەرچەندە لە فارسیزمە کردنیدا سەرکەوتوو نەبوونە ئێستاش بە هیچ پێوەرێک ناتوانن لە جیاکردنەوەی ئەم شێوەزارە لە زمانی کوردی سەرکەون یان قازانجێک بکەن.

پیلانە یەک لە دوای یەکەکانی رێژیمی ناوەندگەرای ئێرانی و دژ بە زمانە دەوڵەمەندە مەترسیدارەکان لە بەرانبەری زمانی فەرمی و داسەپاوی فارسی بە سەر گشت زمانەکاندا بە یەک ریزی و نزیک کردنەوەی پیت بە پیت و وشە بە وشەی شێوەزارە کوردییەکان بە زمانی یەکریز و ستانداردی کوردی بە پرۆسەیەکی تۆکمە و درێژخایەن، پووچەڵ دەکرێت و بە ئاشکرا کردنی زۆر وشەی کوردی لە هەموو شێوەزارەکان کە دزراون و لە چوارچێوەی زمانی فارسیدا فارسیزمە کراون بە شێوەیەکی دیکە دەستی نگریسی ئاسێمیلەکردنی زمانێک وەک کوردی، لە لایەنی ناوەندخوازەکانەوە روو دەبێت و دوورخستنەوەی هەرچی زانستی تری زمانی کوردی و هەموو شێوەزارەکانی ئەم زمانە لە زمانی فارسی و هاوشێوە نەبوونی لە زمانی داگیرکەر و زۆر وام و قەرزباری فارسی، تەنیا و تەریک خستنەوەی زمانی داسەپاوی فارسی لە زمانەکانی دەوروبەر وەک زمانی دەوڵەمەندی کوردی خۆی لە بواری زانستی و بە بەڵگەو دەستنیشان کردنی جیاوازییە زەقەکان و کەمرەنگ کردنەوەی هاوشێوە و نزیکییە لاوازەکان بە یەک لە دوو زمانی کوردی و فارسی دەبێت پەرە بستێنێت و بکرێتە بەرنامەی تۆکمەی پاراستنی زمانی کوردی کە ئەم پلانە بە دەوڵەمەندی و بەرفراوانی وشەی کوردی و دیوانی زانستی و زوانی کوردی زیادە و بە نرخ دەکات.

لە ناوچەی ئاخێوەری زمانی کوردی بەتایبەت ئاخێوەری شیوەزاری لەکی ئەوەش لە جوگرافیایەک کە داب و نەریت، فەرهەنگ، پووشین، دەم و چاوەکان زۆر لە یەک ئەچن تەنانەت ژێنێتیکی دیاریش خۆی یارمەتیدەر و نیشانەیەک دەبێت کە زمانێک جیاواز لە زمانی ئەسڵی ئەو ناوچەیە کە کوردی بێت قەت ناتوانێت دوای ساڵانیک پیلان داڕێژڕاو بۆ لە نێوبردنی شێوەزارێک وەک لەکی یان جیا کردنەوەی لە زمانی کوردی سەرکەوتوو بێت.

لێرە دا پیلانی لەمێژینەی سیستەمی ناوەندخواز بۆ یەک زمانی واتە فارسی کە خۆی پڕە لە کێشە و بە بەرفراوانی وشە بێگانەکانی لە وامگیری و قەرزیش دەرچووە و رۆژبەرۆژ بەرەو شێوەزارێک لە زمانێکی دیکە دەڕوات، پەلەقاژەی ئەوە دەکات کە بۆ لە نێوبردنی زمانێک وەک کوردی هەوڵی ورد کردن یان بەلاڕیدابردنی شێوەزارێک لە زمانی کوردی وەک شێوەزاری لەکی بدات و رۆژیک بە بەشێک لە زمانی فارسی پێناسەی دەکات و رۆژیکیش چون ناتوانێت بە پیلانیش بە هی خۆی بزانێت هەوڵی بڕینی لە زمانی دایکی ئەدات و بە زمانێکی سەربەخۆ و جیاواز لە زمانی کوردی ناودێری دەکات. شێوەزاری لەکی بەش و پەلێکی دیاری زمانی کوردییە و لەک وەک قەومیکی دیار لە نەتەوەی کورد، خاڵی زەق و قووڵی وای نییە کە لە زمان و نەتەوەی کورد جیاوازی بکاتەوە هەتاکوو دوژمن بتوانێت ئەم خاڵە بەرز بکاتەوە و پیلانی خۆی سەربخات.

لە کۆتایی دا بۆ جیا نەبوونی شێوەزاری لەکی لە زمانی کورد و دوور نەبوونی لە زۆربەی شێوەزار، زار و بن زارەکانی کوردی ئاماژە بە خاڵیک دەکەم کە گشتگیر و ڕێ پیشاندەرە بۆ پێوەندی پتەوی شێوەزاری لەکی لەگەڵ شێوەزارە کوردییەکان و بە گشتی دەیسەلمێنێ کە لە خانە و چوارچێوەی زمانی کوردی دەرنەچووە و هەروەها دوور بوون لە زمانی غەیری کوردی بەتایبەت فارسییە ئەوەش ئەمەیە : لە شێوەزاری لەکی هیچ وشە یان دەستە واژەی بنە ڕەتی و ساختاری وەک رێچکە دار نابیندریت کە دوور لە شێوەزاری دیکەی کوردی یان دوور لە بێژەی وشەیەک لە زمانی کوردی بێت و ئەم وشە بنەوایی و رێچکەدارانە هەم لە بناغە و هەم لە گۆڕانکاریدا کە بە درێژایی بوون و بێژەیاندا گۆڕان بەسەریان هاتبێت هێشتا بە زمانی فارسی نزیک نەبوون و جیاوازیان لە بەرچاوە و هیچ کاتیش ناتوانن لە زمانی کوردی دوور بکەونەوە و خۆیان لە ساختارێک جیاواز لە زمانی کوردیدا ببیننەوە بۆیە هەوڵ و تەقەلای بە لاڕێدابەرانی زمان و شێوەزارە کوردییەکان لە مێژە پووچەڵە و قەتیش سەرناکەوێت.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧٠٦ لەم ژمارەیەدا:

ــ کوردی نوێنەر، نوێنەری کورد
ــ دۆستی خەباتێک
ــ پیلانی دابڕان لە زمانی کوردی پـــــووچـــەڵــە!
ــ گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان لە نێوان
دوو هێزی ناسیۆنالیستیی "ناوەندگەرا" و " ناوەندڕەتێن"