• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
١٩ی ئوکتۆبەری ٢٠١٧ی زایینی - ٢٧ی رەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی  

کەمال مەجیدپوور: سەرهەڵدان و سەقامگیربوونی دەوڵەتێکی کوردی لە ڕۆژئاوای سنوورەکانی ئێراندا، دەتوانێت کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان قووڵتر، گرژتر و بەهێزتر بکات

زایینی: ٠٦-٠٨-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٥/١٥ - ٢١:٤٦ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
کەمال مەجیدپوور: سەرهەڵدان و سەقامگیربوونی دەوڵەتێکی کوردی لە ڕۆژئاوای سنوورەکانی ئێراندا، دەتوانێت کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان قووڵتر، گرژتر و بەهێزتر بکات
لەم ژمارەیەی رۆژنامەی کوردستاندا، بەرێز کەماڵ مەجیدپوور، چاوەدێری سیاسی لە سەر پرسی رێفراندۆمی باشوور و دژایەتی رێژیمە حاکمەکان بەسەر کوردستان و بەتایبەتی رێژیمی ئێران بۆمان دەدوێت کە سەرنجتانی بۆ ڕادەکێشین:

وتووێژ: سەلیم زەنجیری

کەمتر لە دوو مانگی دیکە رێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی باشوور بەڕێوە دەچێت، هەموو داگیرکەرانی کوردستان و بەتایبەتی رێژیمی ئێران موخالیفی بەڕێوەچوونی ئەم ڕێفراندۆمەن. ئێوە هۆکاری دژایەتیی زیاتری ئێران لە چیدا دەبینن؟

هۆکاری دژایەتی ئێران لەگەڵ ئەو رێفراندۆمە دەکرێت لە چەند لاوە تاوتوێ بکرێت. یەکەم، دەسەڵاتدارانی تاران بۆخۆیان نزیک بە ٤٠ ساڵە لەگەڵ کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەوڕوون، بەبێ ئەوەیکە تا ئێستا ڕێگاچارەیەکی ساختاری گونجاوی بۆ بدۆزنەوە. بێ شک سەرهەڵدان و سەقامگیربوونی دەوڵەتێکی کوردی لە ڕۆژئاوای سنوورەکانی ئێراندا، دەتوانێت کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان قووڵتر، گرژتر و بەهێزتر بکات و ببێتە مەترسییەک بۆ یەکێتی جوغرافیایی و سیاسیی ئێران.

دووهەم دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە هەمیشە وەک پرۆژەیەک کە لە دەرەوەی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گەڵاڵە کرابێت چاوی لێدەکرێت کە ڕێگاخۆشکەرە بۆ دەستێوەردانی هەرچی زیاتری زلهێزگەلێکی وەک وڵاتە یەکگرتووکانی ئەمریکا لەو ناوچەیەدا. هەر لەو ڕوانگەیەوە کۆماری ئیسلامی، بوونی دەوڵەتێکی کوردی بە ئیسرائیلی دووهەم لە ناوچەکەدا شوپهاندووە کە وەک کەرەستەیەک بە دەست جیهانی ڕۆژئاواوە دەتوانێت سەرچاوەیەک بێت بۆ ئاژاوە و ئاڵۆزی زیاتر لە ناوچەکەدا. سروشتییە کە بەو تێگەیشتنە لە کێشەی کورد، کۆماری ئیسلامی دەوڵەتی کوردی وەک پێگەیەک بۆ نفوزیی سیاسی و نیزامیی ئەمریکا لە سنوورەکانی خۆیدا چاو لێدەکات و هەر بەو پێودانە وەک مەترسییەک لە سەر مان و مەوجوودیەتی خۆی لێکدەداتەوە. بەو تێڕوانینەوە لە سەر کێشەی کورد، کۆماری ئیسلامی بە ئەرکی خۆی دەزانێت کە لەهەمبەر جێبەجێ بوونی ئەو پڕۆژەیەدا ڕابوەستێت و دژایەتی هەر هەنگاوێک بکات لەپێناو دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردیدا.

باشە ئەو رێفراندۆمە بۆ سەربەخۆیی باشوور چ کاریگەرییەکی لە سەر پارچەکانی دیکە و بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ؟

خودی بەڕێوەبردنی ئەو ڕیفراندۆمە بێ شک جێگای دڵخۆشی بەشێکی هەرە زۆری خەڵک لە بەشەکانی تری کوردستانە و کاریگەرییەکی ئەرێنی دەبێت لە سەر هەستی نەتەوەیی و هیوادار بوون بە داهاتوویەکی ڕوونتر.

جیا لەو کاریگەرییە سایکۆلۆجییە، بێگومان ئاکامی ئەو رێفراندۆمە و ئەوە کە سەرئەنجام چی لێ شین دەبێتەوە، پێم وایە بە پەرۆشەوە جێگای سەرنجی خەڵکی کوردستانە و دەتوانێت لە درێژخایەندا کاردانەوەی ماددی و دەستگری سیاسی و نەتەوەیی لێ بکەوێتەوە؛ بەو مانایەکە، ئەگەر لە باشووری کوردستان دەوڵەتێکی کوردی دابمەزرێت و خۆی سەقامگیر بکات و پشتیوانی و دانپێدانانی نێودەوڵەتی لەگەڵدا بێت، دەتوانین چاوەڕوانی ئەوە بین کە ئەو دەسکەوتە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بزوێنەرێکی بەهێز بێت بۆ خەباتێکی هەمەلایەنانەی شێلگیر، بەهێز و جەماوەریتر لە بەشەکانی تری کوردستاندا. دیارە هەر بەو رادەیە کە دامەزران و سەقامگیربوونی دەوڵەتی کوردی دەتوانێت هاندەر و بزوێنەر بێت، هەر بەو ڕادەیەش بوونی ڕێبەرایەتییەکی داهێنەر و دەستپێشخەر، ستراتیژییەکی ڕوون و یەکگرتووش لە نێو هێز و تواناکانی بەشەکانی تری کوردستاندا پێویستە کە کاریگەری ڕووداوێکی لەو چەشنە بەربڵاوتر، بەهێزتر و مانادارتر بکات.

زۆر جار گوێمان لە قسەیەکی پان ئێرانیستەکان دەبێ کە دەڵێن: "هەر شوێنێک کوردی لێ بێ، ئەو شوێنە ئێرانە". ئایا ئەو درووشمەیان و دژایەتییان لەگەڵ بەڕێوەچوونی رێفراندۆم لە پارادۆکسدا نین؟

دیارە پان ئێرانیستەکان و هەموو ناسیۆنالیستە فارسەکان زۆرتر لەو ڕوانگەیەوە ئەو قسەیە دەکەن کە لەڕاستیدا حاشا لە کێشەی کورد لە نێوخۆی ئێران بکەن و هەر لەو کاتەدا بوونی کوردستان وەک یەکەیەکی جوغرافیایی سیاسی و نەتەوەیی سەربەخۆ ڕەد بکەنەوە. هەربۆیە تەنانەت دەنگۆی دروست بوونی دەوڵەتێکیب کوردی یاخود هەنگاوێکی وەک رێفراندۆمی باشوور ئەوان تووڕە دەکات و لە هەمبەریدا دژکردەوە نیشان دەدەن.

کاریگەری ئەنجامی ڕێفراندۆم لە سەر گۆڕینی هاوکێشە سیاسییەکان و دێموکراتیزاسیۆنی ناوچەکە چی دەبێ؟ ئەوەیکە زۆر زەق و بەرچاوە، ڕاگەیاندنی رەسمی بەڕێوەبردنی ڕێفراندۆم لە باشوور لە ئاستی ناوچەکەدا لەباری سیاسییەوە، هاوئاهەنگ لەگەڵ دەوڵەتی فیدراڵی عێراق، دژایەتی دوو زلهێزی ناوچەکە، واتە ئێران و تورکیەی لێکەوتۆتەوە.

بەدوای ڕاپرسییەکەشدا من پێم وایە کە ئەو دژایەتییە درێژە دەکێشێت، هەرچەند سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەتەمایەکە لە ڕێگای وتووێژەوە رەزامەندی ئەو وڵاتانە بۆ قەبووڵکردنی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی، بەدەست بهێنێت، بەڵام شانسی ئەوە کە لەو کارەیدا سەرکەوتوو بێت، گەلێک ئەستەمە. هەربۆیە دەبێ چاوەڕوانی ئەوە بکەین کە پێوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتانە ئاڵۆزتر بێت. تا ئەو جێگایەش کە دەگەڕێتەوە سەر ڕەوتی دێموکراتیزاسیۆنی ناوچەکە، من پێم وایە پێش ئەوەیکە ڕێفراندۆم کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ئەو ڕەوتە هەبێت، گەشە و پەرەئەستاندنی دێموکراسی لەو ناوچەیەدا پڕۆسەیەکی دوور و درێژە کە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە بە گەشەسەندن، ئەمنییەت و هێمنایەتی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، کەلتوری و ڕوشنبیریی ناوخۆی وڵاتانی ناوچەکەدا،کە تاڕادەیەکی زۆر هەتاکوو ئەمڕۆش وەک پێویست نەهاتۆتە ئاراوە و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا بەهۆی شەڕ و پێکدادانی بەردەوام کە تایبەتمەندییەکی بەرچاوی ئەو ناوچەیە، چاوەڕوانی سەقامگیربوونی دێموکراسی لەو ناوچەیەدا ناکرێت.

بە لە بەرچاوگرتنی ئەوەیکە کوردستان زۆرتر لەگەڵ ئامریکا نیەتی دۆستایەتی هەیە و هاوکاتیش ئامریکا دوژمنی زۆری لە ناوچەکەدا هەیە، لە ئەگەری سەربەخۆیی کوردستاندا چ جۆرە هاوپەیمانییەک لە نێوانیاندا دێتە ئاراوە؟

ئەوەیکە لەو پێوەندییەدا زۆر گرینگە، ئەوەیەکە ناوەڕۆکی هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان بەدوای نەمانی شەڕی سارد و ڕووخانی بلوکی سوسیالیستی و سەرنەکەوتنی بیرۆکەی نەزمی نوێی جیهانی کە لەلایەن ئەمریکاییەکانەوە هاتە ئاراوە، ئاڵوگۆڕی قووڵی بەسەردا هاتووە.

ئەگەر لە سەردەمی شەڕی سارددا سنوورەکانی دەسەڵات و نفوزی سیاسی دوو بلوکی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات تاڕادەیەکی زۆر دیار بوو و بەزاندنی ئەو سنوورانە زۆر ئەستەم و مەترسیهێنەر بوون، ئێستا دەبینین هاوپەیمانییەکان گەلێک نەزۆک و لاوازن و دەکرێت زۆر بەسانایی تووشی ئاڵوگۆڕ و ئاڵووێرکردن بن. هۆکاری سەرەکی ئەو گۆڕانکارییە لەڕاستیدا دەگەڕێتەوە سەر ئەوەیکە هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان چیتر لە سەر بنەمای ئیدیولۆژی و جیهانبینییەکی دیاریکراو لە سەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە دنیادا پێناسە ناکرێن. بەڵکوو قازانج و بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکان ڕۆڵیکی سەرەکی دەبینن؛ بۆ نموونە ئەگەر تا پێش کۆتایی شەڕی سارد ئەمریکاییەکان بە ئەرکی سروشتی خۆیان دەزانی کە بەڕواڵەت جیهانی ئازاد و دێموکراتیک لەهەمبەر هەڕەشە و مەترسی جیهانی سوسیالیستی بەڕێبەرایەتی یەکێتی سۆڤییەت بپارێزن، ئێستا ئەو ئەرکە سروشتییە کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە و ئەمریکاییەکان زۆر بە ئاشکرایی دەڵێن ئەگەر ئێمە قازانج و بەرژەوەندییەکی ئابووریی و سیاسی ئەوتۆمان دەست نەکەوێت، خۆمان لە قەرەی کێشە و گرفتەکان نادەین و مافی مرۆڤ و دێموکراسیش پێویست ناکا هەمێشە لە ڕۆژەڤی سیاسیی ئێمەدا بێت. ئەو تێڕوانینە لە سەر پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان وای کردووە کە هاوپەیمانێتییە سیاسی و نیزامییەکان زۆر لەرزۆک بن. هاوپەیمانێتی کورد و ئەمریکاش دەبێت لەو چوارچێوەیەدا هەڵسەنگێنین و بیدۆزینەوە. پرسیار لەو پێوەندییەدا ئەوەیەکە ئایا دروست بوونی دەوڵەتێکی کوردی چ قازانجێکی بۆ ئەمریکاییەکان لێدەکەوێتەوە؟ ئایا کوردستان لەباری ئابوورییەوە خێرێکی ئەوتۆی بۆ بازاری ئابووری ئەمریکا هەیە کە سەرمایەگوزاری لە سەر بکا؟ کوردستانێک کە ژێرخانێکی ئابووریی لاوازی هەیە و لە جوغرافیایەکی داخراودا ماوەتەوە کە لە بوونی ڕێگایەکی سەربەخۆی ئازاد(وەک ڕێگای دەریایی یاخود هاوسنووربوون لەگەڵ دەوڵەتێکی دۆستی کوردستان) کە شاڕەگەیەکی چارەنوسسازە لە پەرە و گەشە و نەشەی ئابووری و دەست پێڕاگەیشتن بە بازاڕەکانی جیهانی بێبەرییە، تا چ ڕادەیەک بۆ ئەمریکاییەکان گرینگ دەبێت و ئایا ئەمریکاییەکان حازرن بازاڕی وڵاتانێکی وەک تورکیە، وڵاتانی عەربی و ڕەنگە لە دواڕۆژیشدا ئێران بە بازاری کوردستان بگۆڕنەوە؟ وڵامی ئەو پرسیارانە تا ڕادەیەک ڕەنگە ڕوون بێت، یانی لەباری ئابوورییەوە ئەمریکا شتێکی ئەوتۆی لە کوردستان دەست ناکەوێت، بۆیە دەبێت ئێمە چاو لە بەرژەوەندییە سیاسی و ژێئۆپۆلیتیکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بکەین کە ڕەنگە هاوپەیمانی ئەمریکا و کورد هێندێ روونتر بکاتەوە. لەو سۆنگەیەوە گرینگە کە ئێمەی کورد سەرنج بدەینە تێڕوانینی ئەمریکاییەکان لەسەر کێشەی کورد لە ناوچەکەدا. هەڵوێستی رەسمی ئەمریکاییەکان لەپێوەندیی لەگەڵ ڕێفراندۆمدا ڕەنگە باسەکەمان ڕونتر بکاتەوە.

ئەمریکاییەکان چ لە سەردەمی ئۆبامادا و چ لەو سەردەمەدا کە ترامپ لەسەر کارە و هەروەها ڕۆژئاوا بەگشتی و بەردەوام پێداگری لە سەر یەکێتی خاکی عێراق کردووە و دەیکەن و خوازیاری ئەوەن کە کورد، شیعە و سونییەکان لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵدا کێشەکانی خۆیان چارەسەر بکەن. ئەو هەڵوێستە بۆ ئێمە کە لە دەرەوەی پڕۆسەکانی بڕیاردانی بڕیاردەرانی سیاسی باشوری کوردستان و کاربەدەستانی سیاسی رۆژئاواین، لە خراپترین حاڵەتدا بێ باوەڕی ئەو لایەنانە بە پڕۆژەی دەوڵەتی کوردی دەخاتەڕوو کە ڕەنگە لایان وابێت لە درێژخایەندا بەرژەوەندییەکی ئەوتۆی بۆ وان تێدا نابێت و هەر بەو پێیە حازریش نین ڕاشکاوانە پشتیوانی ڕەسمی خۆیان لەو پڕۆژەیە دەرببڕن. بۆ ئەوە مەیدانی مانۆڕ و پاشەکشێی سیاسییان زۆرتر بێت. بۆیە هەروەک باسم کرد بەدوور لە هەر دڕدۆنگیەک لە مەبەست و سیاسەتی زلهێزێکی وەک ئەمریکا لەو ناوچەیەدا، ئێمەی کورد دەبێت لەو راستییە تێبگەین کە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان و هاوپەیمانییە ناوچەیی و جیهانییەکان چ لە ناوەڕۆکدا و چ لە ئاسۆ و ئامانجی داهاتوویاندا تووشی ئاڵوگۆڕ هاتوون و لەڕاستیدا نەزمی جیهانی بەدوای کۆتایی هاتنی شەڕی سارد لە حاڵی گوزار بۆ نەزمێکی تازەیە کە تا ئێستا سەقامگیر نەبووە. نەزمێک کە لەوێدا ڕەنگە ڕۆڵ و جێگای ڕۆژئاوا بەگشتی و بەتایبەتی ڕۆڵی ئەمریکا کەم ڕەنگتر بێتەوە و هەروەها ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو گرینگییە کە ئێستا بۆ ئەمریکای هەیە، لە دواڕۆژدا نەیبێت. جا لەو لێکدانەوەیەڕا بەو ئاکامە دەگەین کە زۆر چەتوونە لە ئێستادا باس لە شێواز و مەبەستی هاپێوەندیی ئەمریکا و کورد بەدوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستاندا بکەین. لێ بەلەبەرچاوگرتنی ئەو هەلومەرجە، پێویستە کورد وشیار بێت کە لەو سەردەمەدا نەبێتە کەواسووری بەر لەشکر و لە ڕاستیدا تەنیا لە چوارچێوەی ستراتیژیی نیزامی زلهێزە جیهانی و ناوچەییەکان گرینگی پێ نەدرێت. هەربۆیە زۆر گرینگە کە ڕێبەرایەتی کورد لە باشوری کوردستاندا زۆر هەستیارانە و بەرپرسانە سەرنج بداتە کاکڵ و ناوەرۆکی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەو سەردەمەدا و پتر لە هەمیشە بە پشت بەستن بە لێکدانەوەیەکی دروست لە سەر هێز و توانا واقعییەکانی ناوخۆی کۆمەڵگای کوردستان و بە هاودەنگی و هاوپشتییەکی بەهێزی ناوخۆیی، بڕیارێکی دروست لەسەر چارەنووسی سیاسی خۆی بدا.

بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان هاوکاتە لەگەڵ دۆخی خراپی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی ناوخۆی ئێران و هەروەها گوشاری دەرەکی وەکوو گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ڕێژیم، پێتان وایە کە بوونی کۆی ئەو کێشانە، بتوانێ بە قازانجی گۆڕانکاریی لە ئێران و بەرژەوەندی نەتەوەکانی ئێراندا بشکێتەوە؟

من بەش بە حاڵی خۆم پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان ڕێفراندۆم لە باشوری کورستان و نارەزایەتییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ناوخۆی ئێراندا نابینم و هەر بۆیەش ناتوانم کاریگەریی ئەو دوو لایەنە لە سەر یەکتری شی بکەمەوە. لە پێوەندیی لەگەڵ گەمارۆ ئابووریی و سیاسییەکاندا، ڕەنگە ئەو بۆچوونەی من لێرەدا زۆر نامۆ بێتە بەرچاو، بەڵام پێم وایە کە ئەو گەمارۆیانە لە سەر ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان لە ٥٠ ساڵی رابردوودا هیچ دەسکەوتێکی ئەرێنییان لە پاشەکشە و بە چۆکداهێنانی ئەو ڕێژیمانە نەبووە. نموونەی هەرە بەرچاویشی ڕێژیمی ئێران و کوڕەی باکوورە کە سەرەڕای گەمارۆ هەمەچەشنەکان ئێستاش هەر درێژە بە ژیانی خۆیان دەدەن و شاڕەگی ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابووریی و سیاسی خەڵکی ئەو وڵاتانەیان بەدەستەوەیە. ئەو گەمارۆیانە بەشێکی زۆری خەڵکی ئاسایی، پتر لە هەرکات گرێدراو بە ئیمکانات و کەرەسە و ئامرازەکانی ئابووریی، کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییەکانی کە بەتەواویی لەژێر دەستی حاکمان و دەوڵەتانی ئەو وڵاتانە دایە، دەکات و بەو پێیە کۆنترۆڵ و زاڵبوونی ئەو ڕێژیمانە بە سەر ژیانی خەڵک زیاتر، بەهێزتر و تۆکمەتر کردوە. لەڕاستیدا ڕێژیمە تۆتالیتر و سەرکوتکەرەکان لە بوونی پێوەندییەکی بەربڵاو و هەمەلایەنەی ئابووریی، سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتوریی خەڵکانی ئەو وڵاتانە لەگەڵ دونیای دەرەوە بێزارن و دەترسن، کەچی بەهەر ئەندازە ئەو پێوەندییانە لەنێوان خەڵکانی ئەو وڵاتانە و جیهانی دەرەوە بەربڵاوتر و بەهێزتر بێت، مەیدان بۆ ململانێ و دەربازبوون لە ئاڵقەی کۆنترۆل و زاڵبوونی دەزگا و دەست و پێوەندییەکانی سەر بەو ڕێژیمانە زیاتر دەکات و مەیدانی دروستکردن و هەڵبەستنی بەستێنی ڕق و بێزاری و دوژمنایەتیەکی درۆینە لە نێوان خەڵکانی ئەو وڵاتانە و دنیای دەرەوە بەرتەسکتر دەکاتەوە و ڕێگا بۆ دروست بوونی کۆمەڵگایەکی کراوە و ئازادتر خۆشتر دەکا. هەربۆیە من لەو باوەڕەدام گەمارۆی ئابووری زۆرتر بە زەرەری خەڵکی ئاسایی ئەو وڵاتانە تەواو بووە و هەمیشە خەڵکی ئەو وڵاتانە بۆ بژیوی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان ملکەچ و داماوی دەستی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە کردووە و لە ڕاستیدا هێز و توانا و متمانەبەخۆبوونی خەڵکی لە بەرەنگاربوونەوەی سیاسی لە هەمبەر ئەو ڕێژیمانەدا تا ڕادەیەکی بەرچاو کز و لاواز کردووە.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٠ لەم ژمارەیەدا:

ــ هەموو ڕێگاکان دەچنەوە کوردستان
ــ سەهۆڵبەردان لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا
ــ دیپلۆماسیی درۆزنەی نێوخۆیی
ــ زیندانیی سیاسی بوونی نییە
  • ڕەساڵەتی تەنز له شێعری \ ڕەساڵەتی تەنز له شێعری "مەلا مارف کۆکەیی"دا
    کۆمەڵیک ڕووداوی ناخۆش و تاڵ وەک شەڕە جیهانییه‌کان، شەڕی ناوخۆی ئێران، سیڵاوی مەهاباد، کوشتاری خەڵکی ئه‌م شاره و قات و قڕی له ماوەی ژیانی مەلا مارفدا که له سەر هەژاری و نەداری خەڵک شوێندانەر بوو له شێعرکانی ڕەنگدانه‌وەی جیددیان هه‌یه، شاعیری نوکته باز له سەردەمی دیکتاتۆرییه‌تدا زۆر جار به زمانی ته‌نز لۆمه له‌م بارودۆخه دەگرێ.
  • کەریم پەرویزی: خەڵک بە هاتنیان بۆ سەرشەقام، ترسیان لە داپڵۆسینی ڕێژیم ڕەویوەتەوە و لە مەرحەلەیەکی دیکەدا، دەبێت ترسی خەڵک لە زیندان بشکێت و بڕۆنە بەر زیندانەکان و داوای ئازادکردنی گیراوەکان بکەن کەریم پەرویزی: خەڵک بە هاتنیان بۆ سەرشەقام، ترسیان لە داپڵۆسینی ڕێژیم ڕەویوەتەوە و لە مەرحەلەیەکی دیکەدا، دەبێت ترسی خەڵک لە زیندان بشکێت و بڕۆنە بەر زیندانەکان و داوای ئازادکردنی گیراوەکان بکەن
    خرۆشانی جەماوەریی ڕۆژهەڵات و پەیامەکانی لە دوای ئەنجامە ئەرێنییەکەی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی باشوور، مژاری چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی تیشکە لەگەڵ کەریم پەرویزی، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە سەرنجتانی بۆ خوێندنەوەی ڕادەکێشین.
  • بەرەو درووستکردنی حکوومەتێکی سەربەخۆ و دێموکرات لە باشوور بەرەو درووستکردنی حکوومەتێکی سەربەخۆ و دێموکرات لە باشوور
    چوار فاکتۆری سەرچاوە گرتنی ئەم سەربەخۆییە لە ئیرادەی گشتی، دادپەروەری وەک بناغەی ئەو حکوومەتە، دێموکراسی و هەبوونی هێزی پێشمەرگە بۆ دابین کردنی ئاسایش و ئاسوودەیی هاووڵاتیان لەو فاکتۆرانەن کە لە بەرژەوەندیی حکوومەتی سەربەخۆی باشووری کوردستان دا دەبن.
  • باشووری کوردستان و بنچینەی خەباتی گەلی کورد باشووری کوردستان و بنچینەی خەباتی گەلی کورد
    ئێمە دەبێ سەرەتا لە هەناوی کۆمەڵگەی خۆماندا حزوورمان هەبێت و ئاگاداری هەموو گرفت و خەسڵەتەکانۆ کۆمەڵگەی خۆمان بین و بتوانین جیاوازییە هەرێمی و ناوچەییەکان بناسین، هەتا بتوانین بەرنامە و پرۆژەکانمان لەسەر بنەمای واقیعی کۆمەڵگەکەمان بێت.
  • چیرۆکی منداڵانی بێ‌‌سەرپەرەست لە ئێران چیرۆکی منداڵانی بێ‌‌سەرپەرەست لە ئێران
    سەرئەنجام دوای پڕۆسەی قانوونی، ماری و مێردەکەی پێکەوە لە ئافریقاڕا کچێک و کۆڕێکیان وەک منداڵی خۆیان وەرگرت. ئێستا ئەوان ١٤ ساڵ و ١٢ ساڵ تەمەنیانە و وەک هەر منداڵێکی دیکە دەچنە قوتابخانە و ژیانێکی باشیان هەیە.
  • خۆكوژی كۆتاییەكی تراژێدیك خۆكوژی كۆتاییەكی تراژێدیك
    دیاردەگەلێك كە بەربەستن لە بەردەم بەرزەفڕی مرۆڤ و وەك نەخۆشییەك خەون و ئارەزووەكانی مرۆڤ تووشی بەلاڕێداچوویی دەكەن و لە ئاكامدا ئەوە ئەو دیاردانەن كە زۆرجار زاڵ دەبن بەسەر مرۆڤدا. خۆكوژی یەكێك لەو دیاردانەیە كە ئەمڕۆ بەربینگی مرۆڤی گرتووە و بووەتە دیاردە لە نێو هەموو كۆمەڵگا مرۆییەكانی جیهاندا.
  • ڕاسان پرۆژەیەکی سیاسی نوێ لە خەباتی ڕۆژهەڵاتدا ڕاسان پرۆژەیەکی سیاسی نوێ لە خەباتی ڕۆژهەڵاتدا
    زۆربەی بزاڤە ڕزگاریخوازەکانی دنیا لە حاڵەتێکدا سەریان هەڵداوە، کە دیکتاتۆرەکان ویستوویانە لە ڕێگای ئامرازەکانی هێز و دەسەڵاتەوە ڕێککەوتنێکی مڵکەجبوون لە نێوان خۆیان و کۆمەڵگادا ساز بکەن و کۆمەڵگا ملکەجی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بکەن و ئەدەبیاتێک لە سەر کۆمەڵگا زاڵ بکەن کە لە ڕاستای دەسەڵاتی ئەواندا بێت و سەروەری ئەوانی تێدا گارانتی کرابێت.
  • دیپلۆماسیی درۆزنەی نێوخۆیی دیپلۆماسیی درۆزنەی نێوخۆیی
    کەوایە بەپێی وتەی بەرپرسانی ڕێژیم، خامنەیی ڕاستەوخۆ لە هەڵبژاردنی هەموو وەزیرەکانی رووحانیدا دەستی هەیە، ڕەنگە لێرەدا بگوترێ: "بۆخۆت بەخێر بێیتەوە، ئاگات لە کوێیە؟"
  • هەموو رێگاکان دەچنەوە کوردستان هەموو رێگاکان دەچنەوە کوردستان
    لە دوای ٥٧ و خۆسەپاندنی رێژیمی ئیسلامی بەسەر گشتایەتیی جوغرافیای ئێراندا، کوردستان بوو بە مەکۆی گشت لایەنە پەراوێزخراوەکان، ئەو رۆژانە زۆر لایەن بوون کە لە نیشتمانی کوردەکاندا داڵدە درابوون، حیزبە کوردییەکان بە سینگ ئاوەڵاییەوە وەریانگرتن.
  • سەهۆڵبەردان لە رۆژهەڵاتی ناویندا سەهۆڵبەردان لە رۆژهەڵاتی ناویندا
    پەرەئەستاندنی دێموکراسی و پتەوبوونی پەیوەندیی لە نێوان ئەمریکا، وڵاتانی ئەورووپی، ژاپۆن، کورەی باشوور و ئوسترالیا "بەراییەکی ئاشتی" (zone of peace) لێ کەوتووەتەوە. دێموکراسی هەروەها ڕای گشتی کردووەتە فاکتەری سنووردارکەر، هەڵبەت نەک ڕێگر، لە پەیوەندی لەگەڵ شەڕکردنی وڵاتانی دێموکراتیکدا.
  • زیندانیی سیاسی بوونی نییە زیندانیی سیاسی بوونی نییە
    لە وڵاتێکی ژێر دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری و فاشیستیدا، شتێک بە ناوی زیندانیی سیاسی ناتوانێ مانایەکی هەبێ و ئاماژەیەک بۆ شتێکی راستەقینە نابێ. لە راستیدا چەمکی زیندانیی سیاسی دەتوانێ چەمکێکی چەواشەکارانە و بەلاڕێدابەرانە بێ.
  • ئەحمەد شێربەگی: دوكتور سه‌عید پێی وابوو كه‌ هه‌ر به‌شێكی كوردستان ڕزگاری بێ، كارتێكه‌ری خۆی له‌سه‌ر به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان ده‌بێ ئەحمەد شێربەگی: دوكتور سه‌عید پێی وابوو كه‌ هه‌ر به‌شێكی كوردستان ڕزگاری بێ، كارتێكه‌ری خۆی له‌سه‌ر به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان ده‌بێ
    بە بۆنەی ٢٥ـەمین ساڵڕۆژی شەهیدانی بێرلین لە لایەن دیپلۆمات تێرۆریستانی نێردراوی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕۆژنامەی کوردستان ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتووێژێکی لەگەڵ "ئەحمەد شێربەگی" بێژەری بەناوبانگی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئیران پێک هێناوە کە دەقی ئەم وتووێژە بەم چەشنەیە:
  • شەرەفکەندی، قارەمان یا پاڵەوان؟ شەرەفکەندی، قارەمان یا پاڵەوان؟
    لە ڕاستیدا خودی وشەی "شۆڕش" (انقلاب) واتە گۆڕانێکی بنەڕەتی لە ناوەڕۆکدا؛ ئەوەش پێویستی بە هەندێک هۆکاری تایبەتی و گشتی هەیە کە هۆکارە تایبەتییەکە ئەوەیە سەرتاسەری شۆڕشەکانی مێژوو بە دەست کەسانی نوخبه و زانای کۆمەڵگای نێوخۆی خۆیان کراوە جا ئەم کەسانە لە هەر چین و توێژێکی کۆمەڵگا بن و بە هەر جۆرە بیرۆکەیەک.
  • کرماشان، لانکەی کولتوور و ژیاری مرۆیی لە کوردستان کرماشان، لانکەی کولتوور و ژیاری مرۆیی لە کوردستان
    لە ساڵانی ١٣٣٠ی (١٩٥٢ی زایینی) هەتاوی بەئەملا لەسەر دەستی كەسانێكی تر و نەوەیەكی تر شەپۆل و رەهەندێكی دیكە لە نووسین و داهێنانی ئەدەبی و بەتایبەت ژانری شیعر لە كرماشان و ئیلام سەر هەڵدەدەن و دەبنە ئاوێنەی باڵانوێنی كۆمەڵ و لەباری فەرهەنگییەوە پێشەنگایەتیی ئەو قۆناغە دەگرنە ئەستۆ.