کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و سپای پاسداران ڕووی دا

16:20 - 16 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: لە ئەنجامی شەڕی نێوان هێزەکانی پیشمەرگەی حیزبی دێموکرات و سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم لە ناوچەی پیرانشار چەندین پاسدار و دژی گەلی ڕێژیم کوژران و بریندار بوون و بەداخەوە ٢ پیشمەرگەی فیداکاری گەل تێکەڵ بە کاروانی سورخەڵاتی شەهیدان بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ شەوی شەممە لە سەر یەکشەممە رێکەوتی ١٤ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، کاتژمێر ١١ی شەو، تیمێک لە هێزی پێشمەرگەی نێوشار سەر بە هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کاتی ئەنجامدانی گەشت و مەئمووریەتێکی حیزبیدا لە ناوچەی پیرانشار کەوتنە نێو بۆسەیەکی چەکدارانی جەهل و نەزانی سەر بە سپای پاسداران و بەکرێگیراوانی سەر بەو سپایە و لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سپای پاسداراندا دەرگیری و تێکهەڵچوون ڕووی دا.

لەو تێکهەڵچوون و شەڕە دەستەویەخەیەدا دوژمنانی ئازادی زەربەیەکی قورسیان بەرکەوت و بەپێی هەواڵی گەیشتوو چوار کەس سەر بە سپای پاسداران کوژران و شەش کەسی دیکەش بریندار بوونە؛ بەداخەوە لەم دەرگیرییەدا دوو پێشمەرگەی گیانفیدا و دڵسۆزی حیزبی دێموکرات بە ناوەکانی یەعقووب مورادی و هێمن مەولان نژدا شەهید بوون و درێژەی ڕێگاکەیان بە هاوڕێیانیان لە نێو حیزبی دێموکرات ئەسپارد.

ژیاننامەی شەهید هێمن مەولان نژاد

هاوڕێی شەهید هێمن مەولان نژاد كوڕی عوسمان ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی لە شاری مەهاباد لە دایك بوو؛ خوێندنی سەرەتایی ‌و ناوەندی و دواناوەندی لە شاری مەهاباد تەواو كرد؛ پاشان وەك خوێندكار لە ڕشتەی مێعماری لە زانكۆی ئازادی مەهاباد درێژەی بە خوێندن دا. بە هۆی ئەندامەتی باوكی هێمن لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات و پاش ئاشکرا بوونی چالاکییەکانی، بنەماڵەی ناوبراو ناچار بوون لە ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا بێنە باشوری كوردستان ‌و لە شاری قەڵادزێ‌ گیرسانەوە. هاوینی ساڵی ١٣٩٤ هاوڕێ هێمن هاتە ڕێزی پێشمەرگەكانی حیزبی دێموكرات و لە مانگی ڕەزبەری هەمان ساڵ لە دەورەی ٢١٦ی سەرەتایی پێشمەرگە بەشداری كرد و بە سەركەوتوویی دەورەكەی تەواو كرد. لە پاییزی ساڵی ١٣٩٤ وەك پێشمەرگە لە هێزی تایبەت سازمان درا و دەستی بە خزمەتی پیرۆزی پێشمەرگایەتی كرد. لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا چەندین ئەركی لە هێزی تایبەت وەئەستۆ گرت و دواجار ئەرکی سەرپەلی یەکێک لە پەلەکانی پێشمەرگەی لە هێزی تایبەت لەئەستۆ گرت. لە هاوینی ساڵی ١٣٩٥دا لە مەئمورییەتی پێشمەرگەكانی ناوەندی ٢ی كوردستان لە قوڵایی خاکی کوردستان بەشدار بوو ‌و دەورێكی بەرچاوی گێڕا.

شەهید هێمن لە مانگی گەلاوێژی ئەمسال( ١٣٩٦ ) هاوڕێ لەگەڵ ژمارەیەك لە پێشمەرگەكانی حیزب بۆ مەئمورییەتێكی حیزبی چوونە ناوچەی پیرانشار بەڵام بەداخەوە لەو مەئمورییەتەدا شەوی ١٤ی گەلاوێژ لە شوێنێك بە ناوی سەری هەواری شێخە دەكەونە كەمینی دوژمنانی ئازادی‌ و هاوڕێ لە گەڵ پێشمەرگەیەكی گیانفیدای دیكەی حیزب بە ناوی یەعقوب مورادی شەهید دەبن و تێکەڵ بە کاروانی سوورخەلاتی شەهیدان بوو.

ژیاننامەی شەهید یەعقوب مورادی

یەعقوب مورادی كوڕی ئەحمەد لە دایك بووی ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی لە گوندی تەپەبۆر لە ناوچەی هەوشار؛ ناوبراو لە بنەماڵەیەكی هەژار لە دایك بووە. یەعقوب مورادی بەهۆی دەست كورتی بنەماڵەكەی ‌و خراپی باری بژێوی و گوزەران نەیتوانیوە درێژە بە خوێندن بدات ‌و بەمجورە توانیویە تەنیا قوناخی سەرەتایی خوێندن تەواو بكات. یەعقوب بەهۆی هەست كردن بە چەوساوەیی گەلەكەی، هەستی نیشتمانپەروەری هانی دەدا كە ببێتە پێشمەرگە بۆیە لە بەهاری ساڵی ١٣٨١ی هەتاوی دێتە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران‌ و هەر لەو ساڵەدا لە دەورەی ١٤١ی سەرەتایی پێشمەرگە بەشدار دەبێ ‌‌و دەورەكە بە سەركەوتوویی تەواو دەكات. پاش تەواو بوونی دەورەكەی وەك پێشمەرگەیەكی شارەزا لە كاروباری فەننی دەدرێ‌ بە كۆمیسیۆنی ماڵی ـ خەدەماتی‌ و لەوێ‌ لە بەشی خەدەمات سازمان دەدرێ‌. هاوڕێ یەعقوب لە ماوەی ١٥ ساڵ كاركردن لە كۆمیسیۆنی ماڵی ـ خەدەماتی ٢ جار بە نووسراوە تەشویق كراوە‌ و چەندین جاریش بە شێوەی جۆراوجۆر بەهۆی ڕەوشت بەرزی و سادق بوونیەوە خەڵات كراوە ‌و ڕێزی لێگیراوە. لەو ماویەدا لە كۆمیسیۆنی ماڵی چەندین ئەركی ڕۆژانەی بەڕێوە بردووە كە لە هەموویاندا سەركەوتوو بووە، ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی بە هۆی لێهاتوویی پلەی كادری فەننی لە كۆمیسیۆنی ماڵی ـ خەدەماتی پێدرا.

شەهید یەعقوب مورادی هاوینی ساڵی ١٣٩٥ لە جەرەیانی خەباتی نوێی‌ حیزبەكەماندا ناسراو بە ڕاسان ٢ جار لەگەڵ پێشمەرگەكانی ناوەندی ٢ی كوردستان لە مەئمورییەتەكانی هێزی پێشمەرگەدا لە ناوچە بەشداری كرد و لەودا ڕۆڵێكی باش‌و بەرچاوی گێرا.

ڕێكەوتی ١٤ی گەلاوێژی ئەمسال هاوڕێ لەگەڵ ژمارەیەك لە پێشمەرگەكانی حیزب و لەکاتی ڕاپەڕاندنی مەئمورییەتێكی تایبەت لە ناوچەی پیرانشار بە داخەوە لە شوێنێك بە ناوی سەری هەواری شێخە دەكەونە كەمینی دوژمنی داگیرکەر ‌و هاوڕێ لەگەڵ پێشمەرگەیەكی دیكە بە ناوی هێمن مەولان نژاد وەبەرپەلاماری ئازادیکوژان دەکەوێت و شەهید دەبێت.