کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمێکی تایبەت بۆ یادی شەهیدانی نوێی حیزبەکەمان بەڕێوەچوو

23:10 - 16 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: لە بنکەی سەرەکی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕێوڕەسمێکی تایبەت بۆ یادکردنەوەی شەهیدانی نوێی حیزبەکەمان لە شەڕی پیرانشار بەرێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژ بە بەشداری سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئەندامانی ڕێبەری حیزب و هەروەها کادر و پیشمەرگەکانی حیزب و بنەماڵەکانیان رێوڕەسمێکی تایبەت بۆ ڕێزگرتن لە گیانفیدایی دوو پیشمەرگەی قارەمانی حیزب کە لە شەڕ لەگەڵ سپای تێرۆریستی پاسدارانی ریژیم شەهید کران بەڕێوەچوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی حیزب و گەل بەتایبەت شەهیدانی نوێی حیزب دەستی پیکرد.

پاشان بەڕێز حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتی حیزب بەم بۆنەوە چەند وتەیەکی پیشکەش کرد.

ناوبراو لە وتەکانیدا ڕوو لە بەشدارانی ڕێوڕەسمەکە ئاماژەی بەوەکرد: لیرەدا کۆبووینەتەوە تاکوو خەمی لەدەستچوونی هاوڕێیانی تازە شەهیدبوومان پێکەوە بەش بکەین و گرانی و قورسایی ئەو خەمە پیکەوە تەحەممول بکەین.

بەڕێز شەرەفی وێرای ئاماژەکردنی بە ڕەوتی خەباتی گەلەکەمان لە پێناو ڕزگاری نەتەوەکەماندا وتی: ئێمە بەداخەوە شاهێد و بینەری لەدەستچوونی ئازیزانی زۆر خۆشەویستمان بووین؛ پاشان باسی لە هەواڵی شەهید بوونی ٢ هاوڕێ و هاوسەنگەری بەوەفای حیزبەکەمان کرد و وتی: قارەمانەتی و خۆڕاگری پێشمەرگانەی ئەو ئازیزانە لەبەرامبەر هێزی پووشت و پەرداختی دوژمن بەچەشنیک بووە کە شیاوی ناوی پیشمەرگە بوو.

جێگری سکرتێری گشتی حیزب هەروەها ڕایگەیاند: ئەو تێکۆشەرانەمان لەپێناو گەیشتن بە ئازادی شەهید بوون، بەداخەوە نرخی گەیشتن بەو ئامانجەش زۆر گرانە کە بریتییە لە لەدەستدانی خۆشەویست ترین کەسەکانمان؛ بەڵام لەبەرامبەر ئەو برینە گران و بەژانەدا دەبینین کە ئەوانەی لەو ڕێیەدا دەڕۆن هەمیشە زیندوو دەمێننەوە.

وتیشی هەرچەند ئەم ڕووداوە برینێکی بەژانە بەڵام حیزبی ئێمە ڕاهاتووە بەوەیکە لە پیوانی ڕەوتی خەبات و بزووتنەوەدا برینی قورس هەڵبگرێ بەڵام قەت بەچۆکدا نەیەت کە ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ ئیرادەی پۆڵایینی حیزبەکەمان و لەخۆبووردوویی بنەماڵەی ئازیزانی شەهیدمان.

لەکۆتایی ڕێوڕەسمەکەشدا بەڕێز شەرەفی جارێکی تر سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی شەهیدە تازەکانمان کرد و ڕایگەیاند: هیوادارم بزووتنەوەکەمان بە هەوڵی هەموو لایەکمان لە پیوانی ڕەوتی گەیشتن بە ئازادی خێراتر بێ و بینەری شەهیدبوونی هاوڕێیانمان نەبین.