کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی هاوخەمی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە

16:34 - 17 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: بەشێک لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە گوندی مێراو سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە بەبۆنەی شەهید بوونی ٢ پێشمەرگەی قارەمانی حیزب لە شەڕی سەری هەواری شێخە لە پیرانشار پەیامی هاوخەمی و بەڵێنی بەردەوام بوون لە ڕێبازەکەیان دا.

دەقی پەیامەکە:

بەناوی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گوندی مێراو سەربە ناوچەی ژاوەرۆی سنە بەبۆنەی شەهیدبوونی ٢ پێشمەرگەی دیکەی حیزبەکەمان و ٢ هاوسەنگەری قارەمانمان سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی ڕێبەرایەتی و کادر و پێشمەرگە و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبە خۆشەویستەکەمان و بنەماڵە سەربەرزەکانیان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانین.

بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە جارێکی دیکە هەواڵی شەهیدبوونی ٢ پێشمەرگەی ئازا و لێهاتووی حیزبە خۆشەویستەکەمان بەناوەکانی شەهیدی نەمر کاک هێمن مەولان‌ نژاد و شەهیدی نەمر کاک یەعقووب مورادی مان پێگەیشت کە بەڕاستی هەواڵێکی هەژێنەر و دڵتەزێن بوو.

لە ڕێکەوتی ۱٤ی گەلاوێژدا تیمێک لە پێشمەرگەکانی حیزبەکەمان لەکاتی جێبەجێ کردنی ئەرکە حیزبییەکانیان لەناوچەی پیرانشار دەکەونە نێو کەمینی تیرۆریستان و بەکرێگیراوانی ڕێژیمی ئاخوندی و دوای شەڕ و تێکهەڵچوونێکی دەستەویەخە کە پێشمەرگەکان وەکوو جاران حەماسەیەکی بێوێنەیان خوڵقاند و ٤ پاسداری تیرۆریست و بەکرێگیراویان رەوانەی دۆزەخ کرد و لە سەر خاکی نیشتمانە پیرۆزەکەمان پاکیان کردنەوە و ٦ تیرۆریستی دیکەیان بریندار کرد، بەداخێکی زۆرەوە ئەو ٢ پێشمەرگەیە تێکەڵ بە کاروانی تاج لەسەری سەروەری گەل و نەتەوەکەیان بوون و چوونە ڕیزی نەمرانەوە و بۆ هەمیشە ناوی خۆیان لە دڵی میللەتدا تۆمار کرد.

هێشتا زامی ئەو شەهیدانەی کە ساڵی پار لە چیا سەربەرزەکانی کۆساڵان شەهیدبوون و ماوەیەک لەمەوپێش حیزبی دێموکرات رایگەیاند لە سەر دڵمان ماوەتەوە کە بەداخێکی زۆرە هەواڵی شەهیدبوونی ئەو ٢ هاوسەنگەرەشمان زامەکەی سەر دڵمانی بەتینتر کرد.

بەڵام ئێمە رۆڵەکانی دێموکرات وتە بەنرخەکەی د.قاسملوو ڕێبەری مەزنمان هەموو کاتێ لەبیرە کە ئەفەرمێ:ئێمە لە مێژە بڕیارمان داوە کە لە ڕۆژی شەهید بوونی شەهیدانمان و لە یاد و بیرەوەری شەهیدانماندا ناگرین تەنیا و تەنیا کارێک کە دەتوانین بیکەین ئەوەیە کە درێژەدەری رێگایان بین و باشترین پاداش بۆ شەهیدان درێژە پێدانی رێگایانە.

با داگیرکەرانی ئاخوندی تاران باش بزانن کە بە هەر قەترەیەک لە خوێنی ئەو شەهیدانە تێکۆشەریکی دیکە سەر هەڵدەدات.

جارێکی دیکە لێرەوە وەکوو ئەندامان و تەشکیلاتی نهێنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گوندی مێراو لەگەڵ ڕێبازی پیرۆز و پڕ لە شانازییان پەیمان نوێ دەکەینەوە کە درێژەدەری رێگای پڕهەورازیان بین و سەنگەری بەرخۆدانیان چۆڵ نەکەین و بەڵێن دەدەین کە تۆڵەی خوێنی ڕژاویان بکەینەوە.

شەهیدان پێشەنگی رزگارین.

سڵاو لە هەموو شەهیدانی کوردستان.

سڵاویک بەقەد بەرزی ناوی شەهید لە شەهیدانی راسان.

سڵاوێک بە سووری خوێنی شەهید لەو شەهیدە تازانەی راسان.

مەرگ و نەمان بۆ کۆماری دژبە ئازادی و تیرۆریست پەروەری ئیسلامی ئێران.

ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
گوندی مێراو
۱٥ی گەلاوێژی ۲۷۱۷ی کوردی