کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو ڕێبەری شۆڕشگێر له ڕۆژھەڵاتی کوردستان

16:42 - 17 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: ڕۆژنامەی فریهێتینـی نۆروێژ لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە قارەمانیەتی و حەماسەی شەهیدانی کۆساڵان و بەتایبەت شەهیدان کاوە جەوانمەرد و سەرکەوت سەمەدی کردووە.

ئەو ڕۆژنامەیە باسی لەوە کردووە کە لە یەکەم ڕۆژەکانی ھاوینی ٢٠١٦ پۆلێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە شاخەکانی سنووری خۆرھەڵاتەوە بەرەو ناوچەی ھەورامان کە دەبێتە خۆرھەڵاتی کوردستان بە پەیامی ئومێد بەرەو ئازادی وەڕێ کەوتن. ئەو پۆلە پێشمەرگە بەشێوه‌یەکی تەواو چاوەڕەوان نەکراو تووشی ھێزەکانی ئیران بوون. دوای سێ ڕۆژ شەڕی زنجیرەیی چەکداری لەنێوان پێشمەرگەکان و ڕێژیمی ئیران سێ پێشمەرگە لە نزیک کێوی کۆساڵان له کەمینی ھێزەکانی ڕێژیم دەکەون شەھید دەبن و لەھەمان کاتدا ژمارەیەکی یەکجار زۆر و بەرچاویش لە ھێزەکانی ڕێژیمی ئیرانیش دەکوژرێن.

لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە دوو پێشمەرگە کەمین تێک دەشکێنن و دواتر خۆیان لە نێو کێوی کۆساڵان بزر دەکەن. ئەو دوو پێشمەرگانە بریتین لە ڕێبەر کاوە جەوانمەرد ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران و هاوڕێکەی فەرماندە سەرکەوت سەمەدی.

ئەو دوو ڕێبەرە، دواتر لەلایەن جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئیران و بە پشتیوانی تۆپبارانی توند و چەکی جۆاوجۆر دیسان گەمارۆ دەدرێن، بەڵام ئەوان توانیان سێ بار کەمینەکانی ڕێژیم لە شوێنی جیاواز تێک بشکێنن.

لە کۆتاییدا ڕێبەر کاوە و فەرماندە سەرکەوت ھەموو فیشەکەکانی خۆیان لە شەڕ بەکار دەبەن. ئەوان تەنیا یەک نارنجۆکیان پێ دەمێنێ و بۆ ئەوەی بە زیندوویی نەکەونە دەست دوژمن و بە دیل نەگیرێن باوەش بە یەکتردا دەکەن و دوا نارنجۆک بە خۆیاندا دەتەقێننەوە.

شۆرشگێر لە کولتووری کوردیدا تایبەتمەندییەکی ناسراوە و بە مروڤێکی ئازا و نەترس دەگوتریت کە شەڕ دەکات لە ھەمبەر دەوڵەتی کۆیلایاتی و فاشیزم.

دێکارت دەڵێت: من بیر دەکەمەوە، کەواتە من ھەم کوردەکانیش بە ئیرادەی شۆڕشگێرانە و خەباتی خۆیان ئەوەیان بە ئیمە نیشان داوە. ئازادی لە دایكبووی مرۆڤێکی شۆڕشگێرە و کۆمەڵگایە کە بەبێ مرۆڤی شۆڕشگێر بەرە و دەوڵەتی کۆیلایەتی ئەڕوات. شۆرش بۆ کاوە جەوانمەرد ئومێد بۆ ئازادی بوو بە ئیرادەیەک له خه‌بات و شۆڕشگێری خۆدی خۆی کە کردی بە واقعیەتێک و ڕێگاکەی ڕووبەڕووی کورده کانی ڕۆژھەڵات ئاواڵه كرده‌وه و بە ئێمەی نیشان دا.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لە بەرامبەر ڕێژیمێک کە ھیچ باوەڕی بە ئازادی و ئاشتی و چارەسەریی کێشەی سیاسی نییە، دەبێ ڕەقیبەکان ئاڵتێرناتیوی تر لە سە ر مێز دانێن. حیزبە سیاسییەکانی خۆرھەلاتی کوردستان ھەموو ئاڵتێرناتیوێکیان بە کار برد بۆ ڕێگاچارەی کێشەی کورد لەو ناوچەیە. سەرەڕای ئەویکە ڕێبەرانی سیاسی کورد وتوویژیان قبوڵ کرد لەگەڵ دوژمنی خۆیان بۆ چارەسەریی کێشەی سیاسی بەشێوەیەک کە ئاشتی بۆ ئەو ناوچە بگەڕێتەوە، بەڵام ڕێبەرانی کورد لە سەر مێزی وتوویژ تێرۆر کران. ئیرادەی وتووێژ نیشانەیەکی ڕوون و ئاشکرایە کە کورد ئاشقی ئازادی و ئاشتییە.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەشدا هاتووە ئەوی کە بیر لە باشترین کۆمەڵگا دەکات و لە ھەمان کاتیش بەشداری لە سیاسەت دەکات ھوشیار و زیندووە.

مرۆڤی زیندوو ئەو مرۆڤەیە کە ھەوڵ دەدات و بایەخ بۆ دروستکردنی كۆمەڵگای ھاوبەشی باشتر دەدات. کاوە جەوانمەرد ڕێبەرکی سیاسی بوو و ھەروەھا يەكيک لەو ھەزاران پێشمەرگانە بوو کە ژیانی پر بە نرخی خۆی پێشکەش کرد بۆ گەیشتن بە مافی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگایەکی ھاوبەش لە وڵاتی کوردی سەربەخۆی خۆی.