کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پلینۆمی ١٧ی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆتایی پێهات

00:19 - 19 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: لە پلینۆمی ١٧ی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەر بەهێزترکردن و بەردەامی خەباتی شار و شاخ جەخت کرایەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی کۆتایی هاتنی ١٧هەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی


بۆ ئاگاداری هەموو لایەک ڕادەگەیەنین کە ١٧یەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٥ ، کاتژمێر ٩ی بەیانی ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی بەرانبەر بە ٧ی ئاگۆستی ٢٠١٧ی زایینی دەستی پێکرد و پاش دوو ڕۆژ کاری بەردەوام کاتژمێر ٨ی ئێوارە ڕۆژی سێشەممە کۆتایی بەکارەکانی هێنا.

پلینۆم بە خولەکێک بێدەنگی و بە پێوەراوەستان بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی حیزب بە تایبەت شەهیدانی تازەی ڕاسان دەستی پێکرد، دواتر بەرنامەی کاری پلینۆم کە پێشتر ئەندامانی بەڕێوەبەری حیزبی لێی ئاگادار کرا بوو خرایە بەر باس و پاش پەسندکردنی بەرنامەکە، ڕاپۆرتێکی سیاسی و لێکدانەوەیەکی گشتی لە سەر هەلومەرجی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئێران و خەباتی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و ئەرک و هەڵوێستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرانبەر بە ئەگەری هەر ڕووداو و ئالوگۆڕێک، لە لایەن بەڕێز کاک مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبەوە پێشکەش بە بەشدارانی پلینۆم کرا.

لەو لێکدانەوەیەدا وێڕای ئاماژە بە وەزعی ناوچە و لە ژێر تیشکی ئەو وەزعەدا باس لە هەلومەرجی ئێران کرا بوو کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پاش چەندین ساڵ درێژەدان بە سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش و پەلوپۆهاوێشتن بە مەبەستی دەستێوەردان و نفووز لە وڵاتانی ناوچە و هەڵکشان لەو بوارەدا کە بە هۆی بۆشایی لە ناوچە، وەزعی ئەفغانستانی دوای تالیبان و عێراقی پاش ڕووخانی سەدام حوسەین و پاشەکشەی ئامریکا لە عێراق و شەڕی سووریە و سیاسەتی نەرمی‌نواندن و سازانی ئامریکا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٨ ساڵ سەرۆکایەتی ئوبامادا بۆی پێک هاتبوو، ئێستا لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا و بە هۆی ئاڵوگۆڕ لە سیاسەتی ئامریکا و وڵاتانی ناوچە بەرانبەر بە ناوچەی ڕۆژهەڵات بە گشتی و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تایبەتی ئەو ڕەوتە بەرە و داشکان هەنگاوی ناوە، سیاسەتی نوێی ئامریکا و هەلویستی بەشێکی بەرچاو لە وڵاتانی ناوچە دژ بە هەژموونیخوازی و زیادەڕەوی و سەرەڕۆیەکانی ڕێژیم و کۆمەڵیک هۆکاری دیکە بوونە بەربەست لەبەردەم سیاسەت و کرداری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ نفووز و پەرەگرتنی دەسەڵاتی لە وڵاتانی ناوچەدا.

ڕێککەوتنەکەی کۆماری ئێسلامیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ٥ کۆی ١ لە پێوەندی لەگەڵ چالاکییە ئەتۆمیەکانی ڕێژیم نەک ئاکامێکی ئابووری بە قازانجی ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئێرانی لێنەکەوتووتەوە، بەڵکوو لە لایەن ئامریکاوە بۆتە هۆیەکی فشار لە سەر ڕێژیم بۆ پابەندبوونی بە خاڵە درشت و وردەکانی ئەو رێککەوتننامەیە، لەکەش و هەوای ئەو فشار هێنانەدا ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هاویشتنی ٦ مووشەک بۆ دیرەلزور لە سووریە و تاقیکردنەوەی مووشەکێکی باڵستیک و مووشەکی سیمورغ، ئاتۆیەکی دیکەی دایە دەست کە ڕۆژئاواییەکان بەتایبەت ئەمریکا داوای پشکنینی دامەزراوە مووشەکی و چەک و چۆڵەکانی ئێران بکەن. حزووری پڕڕەنگی ڕێژیم لە سووریە بە بەهانەی شەڕ لەگەڵ داعش، بەڵام بەمەبەستی پاراستنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، بە هاتنی ڕووسیە و دواتر ئامریکا بۆ نێو گۆڕەپانی کێشەکانی سووریە بوونی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە سووریەی کەمرەنگتر کردووە و پێکهێنانی هیلالی شیعە لە لایەن ئێرانەوە بە سازانی ئامریکا ورووسیە بۆ پێکهێنانی ناوچەی ئارام لە باشوور و باشووری خۆرئاوای سووریە کە ئامریکا بەڕێوەی دەبا لەگەڵ ناکامی بەرەوروو کردوە. بە تایبەت بە دانانی چەند پایەگای سەربازی و بنیادنانی چوار فرۆکەخانە لە لایەن ئامریکاوە لە سووریە رۆژبەرۆژ فشار بۆ سەر کۆماری ئیسلامی لە سووریە زیاتر دەکا.

لە عێراق کە تا ماوەیەک لەوە پێش کۆماری ئیسلامیی ئێران لە غیابی ئامریکا و عەرەبستاندا تەراتینی بێ بەر بەستی دەکرد لە ئێستادا هەم ئامریکا بەرامبەر بە عێراق بێ‌تەفاوەت نییە و هەمیش عەرەبستان و وڵاتانی کەنداو و تەنانەت میسریش بەرامبەر بەو رمبازێنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق بێ دەنگ نیین و تەنانەت دژ بە نفووز و دەخاڵەتی کۆماری ئیسلامی لە عێراق و ناوچەدا یەکگرتوویی و یەکدەنگی و هاوهەڵوێستێکی پێویستیان پێکهێناوە و لە نێوخۆی عێراق و هێزە شیعەکانیشدا دەنگی ناڕەزایەتی لە دەستێوەردانی بێسنووری ڕێژیمی ئێران لە کاروباری ئەو وڵاتەدا بەرز بووەتەوە. بەلەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو حاڵەتانە ڕاپۆرتەکەی سکرتێری گشتی بەو ئاکامە گەیشتبوو کە سەردەمی پەرەگرتنی نفووز و دەسەڵاتی ڕێژیمی تاران لە ناوچە بەسەر چووە و ڕەوتی داکشانی خێرای دەستی پێکردووە.

لێکدانەوەی سکرتێری گشتی بە سەرنجدان بە وەزعی نێوخۆیی ئێران ئاماژەی بەوە کردبوو کە لە دەوری یەکەمی سەرۆکۆماری حەسەن ڕوحانیدا سەرەڕای هەموو وەعدە و بەڵێنەکانی ڕێژەی ئیعدامەکان زیادی کردووە، دەستگیرکردن و زیندانی کردن پتر بووە و وەزعی ژیان و گوزەرانی خەڵک ئەگەر خراپتر نەبوو بێ باشتر نەبووە. بەم حاڵەش و سەرەڕای بەڵێنیە دووبارەکانی بە خەڵک و هەڵبژێرانەوەی بە سەرکۆمار، لیستی ئەندامانی کابینەکەی نیشان دەدا کە زیاتر بەلای بناژۆخوازەکانیدا شکاندووەتەوە و، نە ژنێک پۆستی وەزارەتی پێ دراوە و نە پێڕەوانی ئەهلی سوننەت.

لە پێوەندی لەگەڵ کێشە نێوخۆییەکانی بناژۆخوازەکان و ئیسلاحتەلەبانی ڕێژیمدا لێکدانەوەکە دەربڕی ئەو ڕاستییە بوو کە سەرەڕای بوونی کێشەی واقعیی، بەڵام هیچ لایەنێک کێشەیان لە سەر بەرژەوەندی و باشبوونی ژیان و ئازادییەکانی خەڵکی ئێران نییە، بەڵکوو پێوەندی بە دەسەڵاتی زیاتر و دەستوێڕاگەیشتن بە سەروەت و سامانی پترە و، لە پێناو پاراستنی کۆماری ئیسلامیدا نە تەنیا جیاوازێکیان نییە، بەڵکوو هاودەنگ و هاوڕان. لە بەشێکی دیکەی لێکدانەوەی سکرتێری گشتیدا وەزعی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان باسی لێکرا بوو و پێوەندیەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ هەرکام لە هێزە کوردییەکان ئاماژەی پێکرا بوو و پێویستی هاوکاری نێوان هێزە کوردییەکان بە تایبەت حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات پێی لە سەر داگیرا بووە.

لێکدانەوە سیاسییەکە بەلەبەرچاوگرتنی هەموو ئاڵوگۆڕ و ئەگەرەکان ئەرکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بۆ هەر ئەگەرێک دەستنیشان کرد بوو و لەو چوارچێوەدا گرینگی زیاتر بە ڕاسان، گرێدانی خەباتی شار و شاخ سەرنجی پێویستی پێ درا بووە و ڕێگاکانی بەهێزترکردنی پێشنیار کرا بوو.

پلینۆم پشتیوانی کردنی دەفتەری سیاسی لە ڕێفراندۆم و سەربەخۆیی باشووری کوردستان بە سیاسەتێکی دروستی نەتەوەیی و نیشتمانی و بەجێ گەیاندنی ئەرکێکی کوردپەروەرانە زانی و تەئیدی کرد.

لە بەشێکی دیکەی کاری پلینۆمی ١٧هەمدا ڕوانگەی هاوڕێیانی پێشووی لە سەر یەکگرتنەوە کە بەدوای چەند دانیشتنی هەیئەتەکاندا هاتبووە گۆڕ خرایە بەرباس و سەرەڕای هەموو ڕەخنە و تێبینییەکان بەرانبەر بەم ڕوانگەیە درێژەدان بە دانیشتن و وتووێژ لەگەڵ هاوڕێیانی پێشوو بە مەبەستی یەکگرتنەوە بە پێویست زانرا.

بەشدارانی پلینۆم زۆر چالاکانە بەشداری باسەکان بوون و دوای ڕاوبۆچوون و تێبینییەکانی خۆیان لەسەر هەر بڕگەیەکی لێکدانەوەکە و یارمەتیدان بە دەوڵەمەندترکردنی ڕاپۆرتەکەیان پەسند کرد و، ڕاسپاردەکانی خۆیان لە پێوەندی بە بڕیارەکانی پلینۆم بە دەفتەری سیاسی دا.

پلینۆم کاتژمێر ٨ی ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ١٧ی گەلاوێژ کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

١٨ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی
٩ی ئاگۆستی٢٠١٧ی زایینی


border=0
لە پلینۆمی ١٧ی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕێگاکانی بەهێزترکردنی ڕاسان پێشنیار کرا