کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵەکان بۆ زیاتر میلیتاریزەکردنی کوردستان بەردەوامە

16:27 - 19 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بەردەوام سەرقاڵی سازکردنی کەش و هەوای پۆلیسی و ئەمنیەتییە و لەم نێوانەشدا بەردەوامە لە ناردنی چەک و چۆڵی زیاتر بۆ کوردستان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ ڕۆژی ٣شەممە رێکەوتی ١٨ی گەلاوێژ هێزێکی زۆر و پووشت و پەرداخت لە چڵکاوخۆر و بەکرێگیراوانی ڕێژم لە شاری سەقزەوە بەرەو شاری سنە بەڕێ کران.

بەپێی ئەم هەواڵە ئەم کەسانە بە چەکی جۆری دۆشکا ئیسکۆڕت کراون و ماشینێکی بارهەڵگریش کە چەک و تەقەمەنی تێدا بووە هاوڕێیەتی سەفەرەکەی کردوون.

ئەم هەوڵە نەزۆکەی ڕیژیم لەدوای ئەوە هاتۆتە ئاراوە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەڵۆ چاونەترسەکانی کوردستان زەبرێکی کوشندەیان لە مۆڵگە پڕلە شوورەییەکانی ریژیم وەشاند و دوژمنی داگیرکەریان تاساند.

شەوی ١٧ی گەلاوێژ هێزی پێشمەرگەی شاری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هێرشیان کردە سەر پایگای سینگان ی شنۆ و توانییان زەبرێکی کاریگەر لە داگیرکەرانی کوردستان بوەشێنن؛ هەروەها له کوێستانه کانی پشتی تڕکه ش سه ربه ناوچەی پیرانشار له شوێنێک به ناوی قەپ قەپ تێکهەڵچوون له نێوان پێشمەرگه کانی شار وهێزه کانی رێژیم هاته ئاراوه کە لە ئەنجامدا دوو که‌س له هێزە چڵکاوخۆرەکانی رێژیم کوژراون.

لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕەوتی میلیتاریزە کردن لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە شێوەی جۆراوجۆر لە لایەن بنکە و ناوەندە ئەمنیەتی و نیزامییەکانی ڕێژیمەوە ئەنجام دراوە و جموجۆڵی خەڵک لە کوردستان و بە تایبەت ناوچە سنوورییەکان چڕتر کرداوەتەوە.

دوای جێگیربوونی هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕێژیم بەردەوام شار و ناوچە سنوورییەکان مێلیتاریزە دەکات.