کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆناڵد ترامپ جارێکی دیکەش هێرشی کردە سەر کۆماری ئیسلامی

17:17 - 20 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا جارێکی ت ر ئێرانی بە پێبەندنەبوون بە ڕۆحی ڕێککەوتنی ناوکی تۆمەتبار کرد.

ڕادیۆ فەردا بلاوی کردۆتەوە؛ دۆناڵد ترامپ ڕۆژی ٥شەممە ڕێکەوتی ١٩ی گەلاوێژ جارێکی تر ڕەخنەی لە سەرانی کۆماری ئیسلامی گرت و ڕایگەیاند: بەرجام رێککەوتنێکی ترسێنەرە و کۆماری ئیسلامی پێبەند نییە بە ڕۆحی ڕێککەوتنی ناوکییەوە.

ناوبراو وتوویەتی: پێم وانییە ئێران پیتڕەوی لەم رێککەوتنە بکات و پیبەند نییە بە ڕۆحی بەرجامەوە.

ترامپ پێشتریش گووتبووی: ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بە هیچ شێوەیەک نەدەبا واژۆ کرابا و ئەو ڕێککەوتنه یەک لایەنه، دژی ئامریکا و دژی زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووە؛ هەر لەم ڕاستایەشدا ناوبراو تیمێکی نوێی لە کۆشکی سپی هەڵبژاردووە تاکوو پێداچوونەوە بەسەر بەرجامدا بکەن و بەڵگەکانی پێبەندنەبوونی کۆماری ئیسلامی بەم ڕێککەوتن نامەیە بخەنە ئیختیاری تاکوو لە ماوەی ٩٠ ڕۆژدا بتوانێ بڕیاری یەکلاکەرەوە لەسەر بەرجام دەربکات.

چەند ڕۆژ پیش ئێستاش هێدر نائۆرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا باسی لەوە کردووە کە ڕێژیمی ئێران پابەند بە بەرجام نەبووە و لەو بارەیەوە لێکۆڵینەوە دەکەین.

هەروەها هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕۆژی ڕابردوو لە زاری بەرپرسێکی دەوڵەتی ئامریکاوە بڵاوی کردەوە کە نیکی هێڵی نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وەزی ناوکی و گفتوگۆ لەبارەی چالاکییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران سەردانی ڤییەن دەکات.