کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسەڵات و کورسی کوشتن لە دەوڵەتی ڕۆحانی بەر کێ دەکەوێت؟

17:21 - 20 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: عەلیڕەزا ئاوایی، یەکێک لە بەرپرسانی ڕێژیمە کە لە ئێعدامەکانی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی دەستی هەبووە و لەلایەن ڕۆحانییەوە وەکوو وەزیری دادگوستەری پێشنیار کراوە و بڕیارە ئەم پۆستەی پێ بدرێت.

مستەفا پوور محەممەدی، وەزیری پێشووی دادگوستەری لە دەوڵەتی ڕۆحانی کە یەکێک لە بکوژان و سەرکوتکەرانی باڵای ڕێژیم، پاش ئەوەیکە ئەو پۆستەی پێبڕا لەلایەن لایەنگرانی ڕۆحانییەوە بانگەشەی ئەوە دەکرا، کە ئەم کەسە بە پێشنیاری هێزی دادوەری هەڵبژێردراوە و لەم کارەدا ڕۆحانی هیچ هەڵەیەکی نەکردووە، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە ڕۆحانیش خۆی لە هەڵبژاردنی ئەو کەسە ناڕەزایەتی دەرنەبڕیوە.

ئەم شێوازە هەڵبژاردنانە لە سیستمی ڕێژیمدا شتێکی تازە نییە، هەروەک لە سەردەمی خاتەمیشدا بۆ هەڵبژاردنی وەزیری ئیتلاعات بە پێشنیار کردنی ١٤ کەس لە کۆتاییدا دۆری نەجەفئابادی لەلایەن خامنەییەوە بە زۆر لەو پۆستە دانرا، نموونەیەکی بەرچاوی هەڵبژاردنی وەزیران لە ئێرانە.

ئەو کەسانەی کە پێشتر کەمپەینی وەلانانی پوورمحەممەدییان ڕێک خستبوو، پێشوازی لە هەڵبژاردنی عەلیڕەزا ئاوایی دەکەن، لەحاڵێکدا ئەم مۆرەی ڕێژیمیش بۆخۆی ڕێبوارێکی ملکەچی ڕێبازەکەی پوور محەممەدییە.

عەلیڕەزا ئاوایی خەڵکی دزفوولە کە لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ڕێژیمەوە فەرماندەی سپا بووە و دواتر بە بڕوانامەی ساختە لە هێزی دادوەری پۆستی قەزایی وەرگرتووە، لە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی،٦٠ کەسی بێ‌تاوانی عەرەبی خووزستانی بە تۆمەتی جیاییخواز لە گرتووخانەی یۆنسکۆ پاش ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر، ئێعدام کرد.

هەروەها ئەم کەسە لە کوردستانیش هەتا ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی پۆستی دادستانی هەبووە و لەم ماوەدا سەدان کەسی بێ‌تاوانی ئێعدام کردووە.