کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیماراتی یەکگرتوو سیخوڕێکی ئێرانی بە زیندان مەحکووم کرد

17:30 - 20 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: دادگایەک لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی هاووڵاتییەکی ئێرانی بە تۆمەتی سیخوڕی و یارمەتیدان بە بەرنامەی ناوکی ئێران بە ١٠ ساڵ زیندان مەحکووم کرد.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز بە وەرگرتنی زانیاری لە گۆڵف نیوز دەیلی ئاشکرای کرد؛ بەپێی بەڵگەکانی دادگا، حەمیدڕەزا مۆحەممەد حسەین مزەفەر ٤٨ ساڵە خەڵکی ئێران لە وڵاتی ئیماراتدا سەرقاڵی سیخوڕی کردن و ساختەکاری بۆ قاچاخی کەل و پەل و پێداویستییەکانی بەرنامەی ناوکی ئێران بووە.

هەروەها دادگای پێداچوونەوەی فێدڕاڵ لە ئەبووزەبی ئەم کەسەی تۆمەتبار کردووە بەوەیکە لە ڕێگەی قاچاخ کردنی پیداویستییەکانی بۆمبی ناوکی بۆ ئێران خەساری گەیاندووە بە پێوەندییەکانی نێوان ئیمارات و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا.

بەپێی ئەم هەواڵە ئەم تۆمەتبارە ئێرانییە پاش تەواو کردنی زیندانەکەی لەم وڵاتە دەردەکرێت.

ئەمە چەندەمین جارە کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ئێرانییەکانی نیشتەجێ لە ئیمارات وەک سیخووڕ دەناسرێن و حوکمی زیندانیان بەسەردا دەسەپێ.

لە ١٤ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٤ەوە پاش پچڕانی پیوەندییەکانی نێوان عەرەبستان و بەحرەین لەگەڵ ئێران، دەوڵەتی ئیماراتیش ڕایگەیاند پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ تاران بۆ ئاستی کاردار کەم دەکاتەوە؛ هاوکات مەجلیسی ڕێژیمیش بڕیاری دابوو کە لە کۆمیتەی پیوەندییە دەرەکییەکاندا گەڵاڵەی پێداچوونەوە بەسەر پێوەندییەکانی لەگەڵ ئیمارات ئامادە بکات.

پرسی دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچە بەیەکێک لە سیاسەتە گشتییەکانی کۆماری ئیسلامی دەناسرێ کە ساڵانێکە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤینەوە رەخنەی لێدەگیرێ.