کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزب بەشداری لە فستیڤاڵی سەربەخۆیی کوردستاندا کرد

16:04 - 22 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداری لە کۆبوونەوەی بەڕێوەبردنی فستیڤاڵی پشتیوانی لە ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٧ی گەلاوێژی١٣٩٦ی هەتاوی هەیئەتێکی کۆمیتەی ئۆتریشی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرەستیی حوسێن خاڵخاڵ بەشداری لە کۆبوونەوەی بەڕێوەبردنی فستیڤاڵی پشتیوانی لە ڕاپرسی گشتی بۆ سەربەخۆیی کوردستان کرد.

کۆبوونەوەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد و پاشان خولەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان ڕاگەیەندرا.

لە کۆبوونەوەکەدا حیزب و ڕێکخراوەکانی بەشدار بە وردی باسیان لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی فستیڤاڵەکە کرد و بەرنامەی کاری فستیڤاڵەکەیان ڕاگەیاند.

لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتەوە حوسێن خاڵخاڵ بۆچوونی حیزبی دێموکراتی لەسەر ڕاپرسی گشتی بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا باس کرد و ئامادەیی کۆمیتەی حیزبی لە وڵاتی ئوتریش بۆ پشتیوانی لە بەڕێوەچوونی فستیڤاڵەکە ڕاگەیاند.

هەروەها لەم کۆبوونەوەدا زۆربەی هێز و لایەنە سیاسی و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی هەر چوار بەشی کوردستان بەشدار بوون و هەموو لە سەر ئەو باوەڕە بوون کە بەشداری لە ڕاپرسی گشتی ئەرکێکی نیشتمانییە و ئەم هەلە مێژووییە نابێ لە دەست بدرێ و هەروەها پشتیوانی خۆشیان بۆ بەشداری لە بەڕێوەبردنی فستیواڵەکە ڕاگەیاند.