کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاری کوردستان کۆچی دوایی کرد

18:37 - 26 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: مام رەسوڵ شەریفی باوکی شەهید عوسمان شەریفی شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، مام رەسوڵ شەریفی باوکی شەهید عوسمان شەریفی خەڵکی گوندی جامەردی بۆکان لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

مام ڕەسووڵ شەریفی لەو ساڵانەی کە کوڕەکەی، شەهید عوسمان پێشمەرگەی حیزب بوو و دوای شەهید بوونیشی زۆر جار لە لایەن دام و دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە ئازار و ئەزیەت دەدرا.

مام ڕەسوڵ کە بە یەکێک لە کەسایەتییە خۆشناو و جێگەی ڕێزەکانی ناوچە دەژمێردرا، بەردەوام شانازیی بە کوڕە پێشمەرگەکەی دەکرد و لە بەرانبەر دوژمندا کۆڵی نەدەدا.

شەهید عوسمان شەریفی لە ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی لە گوندی جامەردی بۆکان لە نێو بنەماڵەیەکی نیشتمان پەروەر لە دایک بوو؛ پاش ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و ئاشکرای بوونەوەی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چەکی داکۆکی لە کەرامەتی نەتەوەکەی لە شان کرد و جلی پیرۆزی پیشمەرگایەتی لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لەبەر کرد.

ڕێکەوتی ٢٧ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی لە دەرگیرییەکی نابەرامبەردا لە گوندی قاقڵاوا لە کاتی بەرەنگاربوونەوەی چڵکاوخۆر و پاسدارە چەکمەپۆشەکانی جەماران شەهید بوو و چووە نێو ڕیزی سەروەرانی مێژووی کورد و کوردستان.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەس‌وکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.