کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئێران، پێوەندیی جنسی یەکەمین ڕێگای گواستنەوەی ویرووسی ئەیدزە

22:26 - 22 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بێهداشتی ڕێژیمی ئێران، لە یەکەم مانگەکانی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی گواستنەوەی ویرووس ئەیدز لە ڕێگای پێوەندیی جنسی لە ئێراندا دوو چەندان بووەتەوە.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران بڵاویان کردەوە، گواستنەوەی ویرووس ئەیدز لە ڕێگای پێوەندیی جنسی لە ئێراندا دوو چەندان بووەتەوە ولەم ماوەدا ژنانی تووشبوو بە ویرووسی ئەیدز لە ئێران بەرەو ٣٠ لە سەدی تووشبووان زیادی کردووە.

مەسعوود مەردانی، ئەندامی کۆمیتەی سەرانسەریی ئەیدز لە ئێراندا، ٢ ساڵ پێش ئێستا ڕایگەیاندبوو: ڕێگای گواستنەوەی ویرووسی ئەیدز لە ئێران لە مودێلی دەرزیی ئالوودە لە نێوان گیروودە به ماددەسڕکەرەکان بۆ پێوەندییە جنسییەکان گۆڕدراوە.

لەم پێوەندییەدا پەروین ئەفسەر کازروونی باسی لەوە کردووە: گواستنەوەی ویرووسی ئەیدز لە ڕێگای پێوەندیی جنسی کە سەرەتای ئەمساڵدا نزیک بە ١٩ لەسەد بووە، لەم چەند مانگەی دواییدا بەرە و ٤١ لەسەد زیادی کردووە، لە حاڵێکدا لە ڕێگای دەرزە ئالوودەکانەوە لە ٦٦ لەسەد بەرەو ٣٩ لەسەد دابەزیوە.

سەرۆکی ئیدارەی ئەیدزی سەر بە وەزارەتی بێهداشت ڕاگەیاندووە: ڕێژەی تووشبووان بە نەخۆشی ئەیدز لە ئێراندا ٢٦ هەزار و ٧٠٠ کەسە، کە ٣٤ لە سەدیان لە ڕێگای پێوەندیی جنسی تووش دەبن و ٦٠ لەسەدیان لە نەخۆشییەکەیان ئاگادار نین.

ئەم ئامارە لە حاڵێکدا بڵاو دەبێتەوە کە بەرپرسانی ڕێژیم هەتا ئێستا، نکۆڵییان لە بوونی نەخۆشی ئەیدز دەکرد، بەڵام بە هۆی مەترسیدار بوونی پێوەندیی جنسی لە بە دی هێنانی ئەم نەخۆشییە، هۆکاری سەرەکی گواستنەوەی ئەیدزیان لە ڕێگای دەرزییە ئالوودەکان دەناساند.

بەپێی وتەی یەکێک لە بەرپرسانی ناوەندی توێژینەوەی ئەیدز، گەورەترین کێشە لە سەر ڕێگای دەرمان و بنەبڕ کردنی ئەم نەخۆشییە نکۆڵی کردن لە بوونیەتی و لە پێوەندییەدا هیچ ڕا‌هێنان و خولی فێرخوازیی لە لایەن بەرپرسانەوە بەڕێوە ناچێت.