کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزی تێرۆریستیی قۆدسی ڕێژیمی ئێران بودجەی بۆ تەرخان کرا

00:10 - 23 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بۆ پشتیوانی و درێژەدان بە تێرۆریزم لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بودجەی تایبەتیان بۆ هێزی تێرۆریستیی قۆدس، سەر بە سپای پاسداران تەرخان کرد.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە مەجلیسی ئەو ڕێژیمە، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی گەڵاڵەیەکیان دژی ویلایە یەکگرتووەکانی ئامریکا پەسند کرد.

نوێنەرانی دەست نیشاندەی ڕێژیم لە مەجلیس لە گەڵاڵەیەکیان لەژێر ناوی بەرەنگاربوونە لەگەڵ کردوە تێرۆریستییەکانی ئامریکا بە زۆرینەی دەنگی پەسند کرد.

ئەو گەڵاڵەیە بە ٢٤٠ دەنگ لە کۆی ٢٤٧ دەنگی نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم پەسند کرا.

سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم باسی لەوە کردووە: ئامریکاییەکان دەبێ بزانن کە ئەو گەڵاڵەیە، هەنگاوی یەکەم بووە کە مەجلیسی هەڵیگرتووە وهەروەها وتەبێژی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی ڕیژیم و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیس گوتوویەتی: ئەو گەڵاڵەیە چوارچێوەی بەرجامی پاراستووە.

ئەو دوو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدا ئەو لێدوانەیان داوە کە دوو بودجه بە بڕی ٢ هەزار میلیارد تمەن بۆ درێژەدان بە بەرنامەی مووشەکی و چالاکییەکانی سپای پاسداران تەرخان کراوە.

لە ماددەی ١٤ی ئەو گەڵاڵە پەسندکراوەدا هاتووە: دەوڵەت و هێزە چەکدارەکان ئەرکدارن بۆ پاراستنی ئەمنییەت و بەرژەوەندییەکانی وڵات هەموو ‌هێزی ئافەندی و پدافەندی خۆیان بخەنە گەڕ.

دووای ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی ٥+١ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تاقیکردنەوەی مووشەکی ئەنجام دەدات و ئەوەش هەڵوێستی توندی بەرپرسانی ئامریکای بەدواوە بووە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا تا ئێستا بۆ بەرەنگاربوونە دژی بەرنامەی مووشەکیی بالێستیکی ئێران و چالاکییە تێکدەرانەکانی ئەو ڕێژیمە لە ناوچەدا گەمارۆی ئابووری دژی ئەو ڕێژیمە پەسند کردووە.

دەوڵەتی ئامریکا بەردەوام پێداگری کردووە کە بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران و هەروەها چالاکییەکانی هێزی قودس بە پێچەوانەی ڕێککەوتنی ناوکییە و پێداچوونەوە بە بەرجام دەکات.

کۆمیتەی پیوەندییە دەرەکییەکانی سێنای ئامریکا ڕێکەوتی ٤ی جۆزەردانی ئەمساڵ گەڵاڵەیەکی پەسند کرد کە تێیدا کۆماری ئیسلامی بە هۆی بەرنامەی مووشەکی بالێستیک و یارمەتی گەیاندن بە گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچە و چالاکییە تێکدەرانەکانی سپای پاسداران کەوتە بەر گەمارۆی زیاتری ئابووری و چەک و چۆڵ.

تا ئێستا زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و بە تایبەت ئامریکا پێداگریان کردووە کە دەبێ گەمارۆی چەک و چۆڵ دژی ڕێژیمی ئێران وەک خۆی بمێنێتەوە و نابێ بە بیانووی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، شوورای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرانبەر هەوڵە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بێدەنگ بێت.

تەرخان کردنی ٢٠٠٠میلیارد تمەن بۆ زیاتر دەستێوەردان کردن لە وڵاتانی ناوچە و شەڕفرۆشییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاتێک دایە کە بەهۆی ئەمجۆرە پیلانانەوەیە خەڵکی ئێران دەبێ ئازارەکانی گەمارۆ نێونەتەوەییەکان بە گیانی خۆیان بکڕن.